ئازاد عەبدولحەمید، پارێزەری راوێژکار: دادگای فیدراڵی مۆرکی سیاسی پێوەیەو نادەستوریە

کوردستان پێش 2 هەفتە


ئەمڕۆ 8\6\2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لەتۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (دادگای باڵای فیدراڵی عێراق.. پێکهاتەو تایبەتمەندیەکانی) بۆ پارێزەری راوێژکار ئازاد عەبدولحەمید دۆسکی بەڕێوەچوو.
لەسەرەتادا ناوبراو باسی لە دەستورەکانی عێراق کرد بەوەی یەکەمجار لە ساڵی 1925 دەستوری عێراق نوسراوەو بەپێی ئەو دەستورە دادگای دەستوری دامەزراوە، کە دەبوو دادگای فیدراڵیش هەمان ناوی هەبوایە، واتا ناوی دەستوری بوایە، بەڵام چونکە سیستەمی عێراق فیدراڵیە بۆیە ئەو ناوەی بەسەردا بڕاوە.
ئازاد عەبدولحەمید، ئاماژەی بەوەکرد کە دادگای فیدراڵی، ساڵی 2004 بەپێی مادەیەکی یاسای کاتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لە سەردەمی پۆڵ بریمەر دامەزراوە، بەڵام دوای پەسەندکردن دەستوری هەمیشەیی عێراق، مادەیەکی دەستور دەڵێت یاسای کاتیی بەڕێوەبەردنی دەوڵەت هەڵدەوەشێتەوە، بەو مادەیەشەوە کە دادگای فیدراڵی ثێ دروستکراوە، بۆیە دەبوو بەپێی دەستور یاسایەکی نوێ بۆ دادگای فیدراڵی تەشریع بکرایە لە پەرلەمان و دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بەڵام ساڵی 2021 کە لایەنەکانی عێراق ویستیان یاسایەک بۆ دادگای فیدراڵی لە پەرلەمان پەسەند بکەن، دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانیان بۆ کۆنەکرایەوە، هەربۆیە شێوازی کارەکەیان گۆڕی و هەمواری مادە کۆنەکەی یاسای کاتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیان کردەوە ئەویش بە دەنگی زۆرینەی سادە، کە ئەمە پێچەوانەی دەستورە، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین دادگای فیدراڵی نادەستوریە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، خودی دادگای فیدراڵی، لە ساڵی 2012 دەڵێت یاسای دادگای فیدراڵی دەبێت بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان پەسەند بکرێت، بەڵام ساڵی 2021 کە مادەی یاسای دادگای فیدراڵی هەموار کرایەوە بە دەنگی زۆرینەی سادە بوو، لەمەشدا محەمەد حەلبوسی رۆڵی هەبوو، کە دواتریش ئەم دادگایە ئەویشی دورخستەوە.
سەبارەت بە کاری دادگاکەش، ئازاد عەبدولحەمید، ئاماژەی بەوەکرد،  کاری ئەم دادگایە تەنیا لێکدانەوەی دەقە دەستوریەکانە نەک لێکدانەوەی یاساکان، بۆ نمونە لە ساڵی 2019 داوا لە دادگاکە کراوە کە بڕیار لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، بەڵام دادگاکە دەڵێت، ئەو سکاڵایە لە تایبەتمەندی دادگای فیدراڵی نیەو رەتیکردۆتەوە، بەڵام دواتر دێت و بڕیار لەسەر تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات. وتیشی: دەتوانم بڵێم ئەم دادگایە مۆرکی سیاسی پێوەیەو نادەستوریە.
دوای تەواوبونی قسەکانی، بەشێک لە ئامادەبوانی سیمینارەکە سەرنج و پرسیارەکانی خۆیان خستەڕوو. بەشێکیان پێیانوابوو کارەکانی دادگای فیدراڵی، لە زیانی کورد و سوننەیە و کار بۆ بەهێزکردنی دەوڵەتێکی ناوەندی مەزهەبی دەکات. سەردار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری پێشوی عێراق، لە سیمینارەکەدا سەرنجەکانی خۆی لەسەر دادگاکە باس کردو پێیوابوو دژی کورد کار دەکات. وتیشی: ئەو بڕیارەی ماوەی رابردوش کە دادگای تەمیز بڕیارێکی دادگای فیدراڵی رەتکردەوە،  ئەو وەهمەی شکاند کە گوایە کەس ناتوانێت تانە لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بدات.