مەلا بەختیار وتارێکی دەربارەی سۆشیال میدیا پێشکەش کرد

کوردستان 18/05/2024

مەلا بەختیار: دەبێت سۆشیال میدیا بکەینە کەناڵی فشاری مەدەنی و مەعریفی بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانەی زیاد لە 200 هەزار قوربانی بۆ دراوە
پێویستە بە بناغەیەکی عەقڵانی و مەعریفیەوە بە پیری دونیای میدیای نوێ و سۆشیال میدیاوە بچین

ئەمڕۆ 18/5/2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر،  خولێکی (پەروەردەی میدیایی) بۆ کۆمەڵێک لە مامۆستایان کرایەوەو تێیدا مەلا بەختیار بابەتێکی بەناونیشانی (مەیدانخوازییەکانی میدیا بۆ سەر هۆشیاری تاک لە ئەمڕۆدا) پێشکەشی بەشداربوان کرد.
مەلا بەختیار لە سەرەتای قسەکانیدا، رایگەیاند: ئامانج لە کردنەوەی ئەم خولانە تەنیا هۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵە، چونکە ئێستا یەکێک لە گەورەترین کێشە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵی کوردی، ئاستی نزمی هۆشیاریە. هۆشیاری بە چەمکە زانستیەکەی جیاوزە، لەوەی شارەزایت لە هەندێ بابەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی وئەدەبی، زۆر کەس ئەم شتانە هەر دەزانێت، چونکە ئەمە حوکمی ژیانە، بەڵام هۆشیاری بە چەمکە زانستیەکەی رێک مانای ئەوەیە کە تۆ هۆشیار بیت بەرامبەر پێگە کۆمەڵایەتیەکەت و ئەرکە مێژوییەکانت، ئەمە بە واتای ئەوەی تۆ لەناو چ پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتیدایت؟ یان لەژێر کاریگەری چ داب و نەریتێکدایت؟ رازیت بەو سیاسەتەی حکومڕانیت دەکات؟ ئەگەر رازیت هۆکارە ئایدیۆلۆژی و فەلسەفیەکان و پاڵنەرە ئابوریەکانی چیە کە رازیت؟ ئەگەر رازیش نیت، ئەوە دیسان ئەو هۆکارانە چین کە وادەکات رازی نەبیت، هۆکارە ئابوریەکانە؟ یان بونی گەندەڵی و بەدینەهێنانی ئامانجەکانە؟ ئەمانە هەمویان پەیوەندی ئۆرگانیکیان بە هۆشیاری مرۆڤەوە هەیە.
 سەبارەت بە هۆشیاری تاک، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەکرد، دەقێکی سیاسی جوان هەیە کە دەڵێت: بونی کۆمەڵایەتی هۆشیاری دیاری دەکات. ئەمە لە دونیای فەلسەفەیدا پێی دەڵیت رەنگدانەوەی مەرجدار، واتا ئەوەی دەیبینیت رەنگدەداتەوە لە مێشکدا، نەک ئەو خەیاڵەی خەونت پێوە بینیوەو واقعێک بە ئارەزوی خۆت دروست بکەیت. ئەمەش پێی دەوترێت یوتوپیا. ئەگەر بە یوتوپیا هەر واقیعێک دروست بکەیت، تۆسقاڵێک لە واقیعەکە ناگۆڕیت، باری ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆت ناگۆڕیت، باری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەروبەریشت ناگۆڕیت. بەڵام ئەگەر لەڕووی بابەتی و زانستیەوە پێوەرێکی زانستیت هەبوو بۆ لێکدانەوە، یەکسەر لایەنی ئەرێنی و نەرێنی دەدۆزیتەوەو ئەو کاتەش دەزانیت چۆن بیردەکەیتەوە.
مەلا بەختیار لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: ئێمە هەمومان مەحکومین بە تێکستی دینی، بە دابونەریتی کۆمەڵایەتی، مەحکومین بە پەروەردەی هەڵە، مەحکومین بە تێگەیشتنی هەڵە لە گەردون و دیاردەکانی سروشت، ئەمانە هەموی بە ژیانی باوباپیرانماندا تێپەڕیوە، سەیری پەندی پێشینان بکەن پڕە لە حیکمەتی جوان جوان، بە بۆچونی من ئەوەی کتێبی پەندی پێشینان و کتێبی رشتەی مرواری مامۆستا عەلادین سەجادی نەخوێنێتەوە، ئەستەمە لە کوردەواری تێبگات، دەبێت ئەم دوو کتێبە بخوێنیتەوە بۆ ئەوەی لە نەتەوەکەت، لە کەلتورەکەی، لە سایکۆلۆژیەتەکەی، لە دابونەریتەکەی، لە قسە خۆش و ناخۆشەکانی تێبگەین. لە رشتەی مرواریدا عەلادین سەجادی تەکانێکی داوەو بیری لە گۆڕانکاری لە نەریت و بیرکردنەوەی کورداوەری کردۆتەوە. وتیشی: بە داخەوە تا ئێستا لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی زانستی هەمەلایەنە لە وڵاتی ئێمە لاوازە، تا ئێستا یەک کتێبی کۆمەڵناسی کوردیم نەخوێندۆتەوە کە بە دڵم بێت، کتێبێکم لەسەر کوردەواری نەخوێندۆتەوە کە زانستی بێت و  لە بنج و بنەوانی کۆمەڵی کۆڵێبێتەوە.
ناوبراو، سەبارەت بە هۆشیاری و سۆشیال میدیا لەمڕۆدا، وتی: دەمێکە ئەم میدیایە بە دەسەڵاتی پێنجەم لەقەڵەم دەدەم. دەسەڵاتی یەکەم یاسادانان، دەسەڵاتی دووەم جێبەجێکردن، دەسەڵاتی سێیەم دادوەری، دەسەڵاتی چوارەم راگەیاندنی کۆن، دەسەڵاتی پێنجەم ئەم میدیایەی ئەمڕۆیە کە سۆشیال میدیاش بەشێکە لێی بە هەموو پلاتفۆڕمەکانی وەکو فەیسبوک، یوتیوب، ئینستاگرام... هتد. ئەگەر جاران تەنیا رۆژنامە و گۆڤار و رادیۆ هەبوە، پێی وترابێت دەسەڵاتی چوارەم، بەڵام ئێستا تەنیا فەیسبوکەکەی خۆت رۆژنامەیەکە بۆ خۆی، جگە لەوە گوگڵ هەی،  ئێستاش چۆتە ئاستی ژیری دەستکرد. پرسیارەکەم ئەوەیە ئایە بە باشی کەوتوینەتە ناو ئەم دۆخەوە؟ بە بۆچونی من نە دەتوانین رەتیبکەینەوە، نە دەتوانین هەموی وەکو خۆی قبوڵ بکەین، رەتیبکەیتەوە بەدیلت نیە و دادەبڕێیت لە ئۆقیانوسی زانیاری، هەموشی بە بێ پرۆژە قبوڵ بکەیت، بەبێ ستراتیژ و سیاسەتی راگەیاندن، سەرلێشیواویەکی گەورە دروست دەبێت. بۆیە دەبێت بە بناغەیەکی عەقڵانی و مەعریفیەوە بە پیری دونیای سۆشیال میدیا و دیجیتاڵەوە بچین. هەروەها ئەرکی حکومەتە کە ستراتیژ و سیاسەتی نوێی راگەیاندنی هەبێت و هەوڵی ئەوە بدات زیاتر لایەنە پۆزەتیڤەکانی ئەم سۆشیال میدیایە بەرفراوان بکات. بە داخەوە تا ئێستا ئێمە سیاسەتی راگەیاندنی کلاسیکیمان نیە، نەک هی میدیای نوێ. کە لە راستیدا دەبێت سیاسەتێکی میدیایی نوێ هەبێت و لەناو پرۆگرامەکانی خوێندنیشدا لە باخچەی ساوایانەوە بۆ خوێندنی باڵا، رەنگبداتەوەو مامۆستا و کادیری بۆ دابین بکرێت، ئەوکات رەنگە بتوانین بڵێین لە 10 بۆ 15 ساڵی ئایندەدا، پەروەردەیەکی میدیای دروست ببێت و ئەمەش وابکات زیاتر سود لە لایەنە باشەکانی ئەم میدیا نوێیە وەکو دەسەڵاتی پێنجەم وەربگرین.
باسی لەوەشکرد، ئەم تەکنەلۆژیا دیجیتاڵیە بوە بە بەشێکی دانەبراوی چارەنوسی سیستەمی لیبراڵی نوێ، ئێستا کە ژیری دەستکرد بەرەو فروانی دەچێت، دەوڵەتەکان خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن و بودجەی بۆ دابین دەکەن، چونکە دەزانن کە تەشەنە دەکات و هەموو بوارەکان دەگرێتەوە. بۆیە ئەولەویەت ئەوەیە کە رۆشنبیری و دەرونی خۆمان وا ئامادە بکەین، کە ئینتەرنێت و تەلنەلۆژیای دیجیتاڵی قبوڵ بکەین، دەبێت واشبکەین سود لە زۆرترین لایەنی ئەرێنی وەبگرین و بەکاریبهێنین بۆ هێنانەدی ئامانجە سیاسیەکانی وەکو ئازادی و دیموکراسی. چونکە دوای ئەو هەموو قوربانی و کارەساتەی بەسەر نەتەوەکەماندا هات بۆ هێنانەدی ئامانجەکانمان، دەتوانم بڵێم چارەکێکی ئەو ئامانجانە بەدینەهاتون. بۆ ئامانجانەشی کە ماون، وەکو دیموکراسی، مافی ژن، رۆشنگەری، مەدەنیەت، دەتوانین لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە خەباتی بۆ بکەین و سۆشیال میدیا بکەینە کەناڵی فشار بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانەی زیاد لە 200 هەزار قوربانی بۆ دراوە.