داعش نوێنەری یۆتۆپیایی رزگارییە بە یارمەتی ئایین

کوردستان 18/03/2024

و: مستەفا زاهیدی
وتووێژی رۆژنامەی دیسایت لەگەڵ حامد عەبدولسەمەد یەكێك لە ئەندامانی پێشتری ئێخوان الموسلمین

دیسایت: بەڕێز عەبدولسەمەد ئیسلامییەكان لە عێراق خەلافەتیان راگەیاندووە. ئەمە چ مانایەكی هەیە.

حامد عەبدولسەمەد: شەڕكەرەكان خۆیان بە شوێنكەوتووی ئەبووبەكر خەلیفەی یەكەمی موسڵمانەكان، دوای محەمەد دەزانن كە بۆ رزگار كردنی ئیسلام دەستی دایە شەڕی خوێنین. ئیسلامیستەكان خۆیان لە دۆخێكی هاوشێوەی ئەو دۆخەی سەردەمی ئەبووبەكر(خەلیفەی یەكەمی موسڵمانان) ئەبینن. بەڵام لەمە خراوتر رووهێنانی موسڵمانانی ئاساییە بۆ خەلافەت كە دین و دەوڵەت بە یەك دەبینێت و بە دوو شتی لەیەكتر گرێدراویان ئەزانێت. من چاوەڕوانی ئەوە دەكەم سەرجەم ناوەندە ئیجتیهادییەكانی دنیای ئیسلام رایگەیەنن، خەلافەت شتێك نییە لەگەڵ ئەم سەردەمەدا بگونجێت و خەلافەت ئەبێ بە هۆی توندووتیژی نواندن دژ بە بیرجیاوازان.

دیسایت: بەڵام لە قورعان لە ژمارەیەك لە سوورەتەكاندا داوا لە موسڵمانان دەكات لەگەل َ ئەوانەی “باوەڕیان نەهێناوە” هەڵبكەن.

عەبدولسەمەد: ئەم سوورەتانە سوورەتە مەكییەكانن و ئەو سوورەتانەن كە لە سەرەتایی راگەیاندنی پێغەمبەرایەتی محەممەددا هاتوون و ئەو كاتەی ئەو تازە بانگەوازی ئیسلامی دەكرد. بەداخەوە دواتر ئەم سوورەتانە دەكەونە ژێر سێبەری سوورەتە شەڕخوازانە مەدەنییەكانەوە. لە مەدینە دروشم ئەمە بوو: كافرەكان بكوژن! ئەمە پڕۆگرامی حكوومەتێكی ئیسلامییە. ئەو كەسەی باوەڕ بە ئیسلام نەهێنێت و نەچێتە سەر ئایینی ئیسلام، یان ئەوە قبووڵ نەكات لە ژێر دەسەڵاتێكی ئیسلامیدا بژی و دەسەڵات و مەزنێتی ئیسلام قبووڵ نەكات، ئەبێ بكوژرێت. ژمارەیەكی زۆر لە نوێنەرانی ئیسلامی سیاسی لە ئەورووپا خۆیان بە پێڕەوكەرانی سوورەتە مەكییەكان دەزانن و باس لە دۆستی و پێكەوە ژیان ئه‌كەن، بەڵام ئامانجی كۆتاییان دامەزرانی خەلافەتە.

دیسایت: بۆچی داعش وەها سەركەوتنێكی بە دەست هێناوە.

عەبدولسەمەد: داعش كە خۆی بە دەوڵەتی ئیسلامی ناودەبات، نوێنەری یۆتۆپیایی رزگارییە بە یارمەتی ئایین. ئایدیاییەك كە كات و شوێنی گونجاوی دەست كەوتووە بۆ ئەوەی بە خێرایی گەشە بكات. سووریا و عێراق دوو وڵاتی شكستخواردوون كە ئیتر لەو دوو وڵاتە ناسیۆنالیسم و پان عەرەبیسم لایەنگری نییە و لە هەمانكاتدا دیمۆكراسیش نەیتوانیوە شوێن پێیەك بۆخۆی بدۆزێتەوە. رێك لێرەدا تیۆرییەكی پێش مێژوویی بەختی ئەوەی هەیە گەشە بكات. گەڕانەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلام. دوای شۆڕشەكانی ئەم دواییانەی وڵاتانی عەرەبی ئەو دەرفەتە كەوتە بەردەست جەماوەری خەڵك خۆیان رزگاركری خۆیان بن. هەر ئەو جەماوەرەی كە بە دەست نەخۆشی بەربڵاوی خۆ بەكەم زانین لە لایەن رۆژئاواوە دەیناڵاند، بە درێژایی مێژوو خۆی بە قوربانی هەڵسووكەوتی ناعادڵانەی دونیای رۆژئاوا لە گەڵ خۆی دەبینی. ئێستا داعش وەڵامێكی گونجاوی خستۆتە بەردەستی.

دیسایت: گەڕانەوه‌ بۆ رەگەكانی ئیسلام؟

عەبدولسەمەد: گەڕانەوە بۆ سەرەتا. بەشێكی زۆر لە عەرەبەكان خۆیان لە دۆخی پێش سەرهەڵدانی ئیسلامدا دەبینن. پەرتەواز و پرژ و بڵاو و ئەسیر و دیلی دەستی زل هێزەكانی دونیا. لە سەدەی هەفتەمدا ئەم هێزە سەركوتگەرانە دەسەڵاتی بیزانس و ئێران بوون و ئێستا رۆژئاواو روسیا. ئێستا بەشێكی زۆر لە موسڵمانەكان دەوڵەتەكانیان بە دەستكرد و نۆكەری دونیای رۆژئاوا دەزانن.

دیسایت: ئێستە داعش ئەوان ئازاد دەكات؟ چۆن دەكرێت باوەڕ بە سپایەكی وەها بهێنرێت؟

عەبدولسەمەد: لەبەر ئەوەی محەمەدیش بە سپاكەیەوە چۆكی بەسەرجەم عەرەبستان دادا. ئەم ئاواتە كۆنە ئێستا لە سووریا و عێراق دووبارە زیندوو دەبێتەوە. سپاییەكی بچووك كە پێشڕەوییەكانی ئەكرێت بە چەقۆیەكی گەرم لە ناو كەرەدا بشوبهێنین.

دیسایت: هەرچەند داعش زۆر توندووتیژانە هەڵسووكەوت دەكات لەگەڵ موسڵمانەكان، بۆچی لە ئەلقاعیدە خۆشەویستترە؟

عەبدولسەمەد: ئەلقاعیدە واتە ئەساس و بنەما. ناوێكی دنیایی بۆ گرووپێك كە كاری خۆی تەرخان كرد بۆ ئەوەی تۆڵە لە رۆژئاوا بسێنێتەوە. بە پێچەوانەوە داعش مزگێنی هێنەری بەڵێنییەكی پیرۆزە. پرەنسیپی نوێی دونیا ئەبێ جارێكیتر بكەوێتە دەست خودا و لە لایەن خوداوە دابمەرزێت نەك بەریتانیاییەكان، فەرانسەوییەكان یان ئەمریكاییەكان. جەهاد چەند لایەنێكیتری گرتۆتەوە. داعش دەیهەوێت لە دۆخی بەرگری كردن رزگاری بێت. داعش ئەنجامی لۆژیكی ئیسلامی سیاسییە. لەسەر ئەم باوەڕەیە: ئیسلام گەنجترین ئایینە كە بڕوای بە تاك پەرەستی هەیە و بانگەشەی تاك پەرەستی ئەكات. بە دەربڕینێكیتر دوایین وتەی خودایە لە زمان مرۆڤێكەوە. ئێستا ئەركی ئێمەیە دونیا لە رێگای ئیسلامەوە رزگار بكەین.

دیسایت: رزگاركردن لە رێگای جەنگەوە؟

عەبدولسەمەد: داعش لای وایە خودا بەڵێنی سەركەوتنی داوەو كاتالۆگێكی تەواو لە هۆكارەكانی ئەم پێش بینییە دەخاتە روو: چەند سوورەتێك لە قورعان، كۆمەڵێك ئەزموون لە ژیانی پێغەمبەر و فتووحاتە مێژووییەكانی ئیسلام. شەڕكەرانی داعش بە توندووی پێڕەوكەری نەریتن، چ ئەوكاتەی كافرێك دەكوژن، چ ئەوكاتەی شارێك داگیردەكەین یان ئەو كاتەی لەو ناوچانەی داگیری دەكەن دەچنە سەر مینبەر. ئەم نەریتە نەك تەنها فۆندەمێنتاڵەكان، بەڵكوو سەرجەم موسڵمانان پێكەوە گرێ دەداتەوە. هەربۆیە سپاییەك بە 8000 بۆ 20000 سەرباز دەتوانێت بكەوێتە رێ و هاوپەیمانەكانی خۆی بدۆزێتەوە. لەبەر ئەوەی زۆرن ئەوانەی ئاواتێكی كۆن و لە مێژینەیان هەیە.

دیسایت: كە داعش شارێك داگیردەكات، دەستبەجێ خەلافەت رادەگەیەنن. وەها شتێك مومكین و رێگە پێدراوە؟

عەبدولسەمەد: بەڵێ، ئەوان دەستبەجێ یاسا خواوەندیییەكان دادەسەپێنن. جگەرە ئاگر تێبەردەدەن، نوێژنەخوێنەكان ئەدەنە بەر قەمچی و شەلاق، سزای ئەو كەسانە دەدەن پارە بە سوو دەدەن بە خەڵك و بەم شێوەیە خەڵك دەخەنە دۆخی راپەرینەوە (دژ بە دونیای كوفر). وا دەردەكەوێت تا دوێنی دەسەڵات بە دەست كەسێكی فاسد و گەندەڵ و خراپكارەوە بووەو ئێستا عەداڵەت جێبەجێ دەكرێت.

دیسایت: بەلای موسڵمانەكانەوە چ شتێك لە وەها حوكمێكی قورس و تەنانەت كوشتندا هەیە كە رایان دەكێشێت؟

عەبدولسەمەد: لەبیرتان بێت بە ڕووخانی سەدام و شۆڕشی وڵاتە عەرەبییەكان ئەمنییەتی ئەو وڵاتانە تووشی كێشە بوو. دوای ئەم دیكتاتۆرانە بێ سەرو بەرەیی چەتری بەسەر ئەو وڵاتانەدا كێشا و تەنانەت بینیمان بە بەرچاوی خەڵكەوە دەستدرێژی كرایە سەر كەسانێك و هەروەها ملهوڕی و سەرەڕۆیی بووە بە باو. خەڵك بەو باوەڕە گەیشتوون دیكتاتۆرەكان ئەوەندەش كە دەوترا خراپ نەبوون و بەڕاستی تامەزرۆیی نەزم و پرەنسیپن. هەربۆیە میسرییەكان دەنگیان دا بە ئێخوان المسلیمن و هەروەها ژمارەیەك خەڵك سەركەوتنی داعش لە موسڵ و رەقە دەكەن بە جێژن. خەڵك سەقامگیری دەوێت. ئیسلامیستەكان ئەڵێن: بۆچی لە یاسای خودا دەترسن؟ مەگەر تاوانێكتان كردووە؟ ئەگەر دز نەبن ئێمە دەستتان ناپەڕێنین.

دیسایت: بەڵام كارەكە بەوە كۆتایی نایەت كە دەستی دزەكە بپەڕێنن؟

عەبدولسەمەد: یاسا كاری سەربەخۆیانە و سەرەڕۆیانە دەكات. ئەمە لۆژیكی كوشت‌وبڕە كە كۆتایی بۆ نییە.

دیسایت: تۆ خۆت پێشتر ئەندامی ئێخوان المسلمین بوویت. سەرەتای شۆڕشی وڵاتە عەرەبییەكان هێشتا بڕوات بە سەركەوتنی ئیسلامی و شەریعە هەبوو؟

عەبدولسەمەد: نە خێر. كتێبی سەردەمی رووخانی ئیسلام سێ مانگ بەر شۆڕشی وڵاتانی عەرەبی چاپ بوو. من ئاگاداریم دا بەوەی ئەو جەنگە ناوخۆییەی لە ئەلجەزایر و سۆمالی بینیمان، زۆر زوو لە سووریا، میسر و ئەردەن دەست پێدەكات. بەڵام كە كەش و هەوای شۆڕش زاڵ بوو، نەمویست بڕوا بە تیۆرییەكەی خۆم بكەم و هیوای رزگاری لە مندا زیندوو بۆوە. لە گۆڕەپانی تەحریر دژ بە مبارەك خۆپیشاندانم كرد و بینیم گەنجەكان ژیانێكی تریان دەوێت. هەر ئەو گەنجانە ئێستا پەیوەست دەبن بە ئیسلامیستەكانەوە یان دەچنە ناو سپاوە. لەبەر ئەوەی ئەڵترناتیڤێكی ناوەند بوونی نییە. دیمۆكراتەكان هەر ئەوەیە قسەی زل زل ئەكەن. حیزبیییەت، ئازادی و یاسای وڵات بۆ جەماوەری خەڵك وتەزاكی ئینتزاعی و ئەبستراكتە و شتێك نییە هەستی پێبكەن. ئیسلامیستەكان دەست ئەدەنە كار كردن.

دیسایت: كاری خوێنین

عەبدولسەمەد: لە كوشتندا بەڵێنییەكی شاراوە بوونی هەیە. بۆ رەزای خوا. ئەگەر یاساكانی جێبەجێ بكەین دەستی خوا لە پشتمانە. ئەمە شتێك نییە تەنها ئیسلامیستەكان بیڵێن. قسەی بەشێكی زۆر لە خەڵكانی ئاسایی نەریتییە كە لە خوێندنگە و مزگەوتەكان خوێندوویانەو پەروەردە كراون. بەلای بەشێكی زۆر لە خەڵكانی گەنجەوە ئەوەی كە ژیان و مەرگی كەسانێك بە دەستی تۆ بێت شتێك سەرنجڕاكێش و بزوێنەرە. لە ناو ئەو كەسانەی پەیوەست بوون بە داعشەوە ژمارەیەك موسڵمان هەن خەڵكی میسر و ئەڵمان یان وڵاتانیتری ئەورووپایی كە لە وڵاتەكەی خۆیان كەس هیچ گرینگییەكیان پێنادات. ئێستا لە شارە بچووكەكانی عێراق بۆخۆیان دەسەڵاتیان بەدەستە‌و وەك سوڵتانێك دەسەڵاتدارن. ئەمیرێك ئەو تواناییەی هەیە ژیان ببەخشێت یان بیگرێتەوە. چەند هێزێكی سەرنجڕاكێش و سەیر!

دیسایت: لەسەر ئەو باوەڕەی لەم رێگاوە داعش ئەگەری سەركەوتنی لە سوریا و عێراق هەیە و ئەگەر واش بێت توانای پاراستنی ئەو ناوچانەی هەیە؟

عەبدولسەمەد: نە، بەڵام دەتوانن كۆنتڕۆڵی هەندێ‌ ناوچەی سوننە نشین بگرنە دەست. لە ناوچە شیعە نشینەكان هیچ شانس و بەختێكیان نییە، تەنانەت ئەگەر بگەنە بەغداد یان كەربەلاش، توانای ئەوەیان نییە رایبگرن.

دیسایت: تا ڕادەیەك جێگای هیوایە.

عەبدولسەمەد: هەر ئەوەی كە لە سەدەی بیست‌ویەكەمدا، سپایەكی بچووك ئەوەندە سەركەوتنی بەدەست هێناوە جێگای سەرسووڕمانە. توركیاش دەوڕێكی گومانئاوی هەیە لەم ناوەدا. ئەو ئەورووپیانەی بۆ جیهاد روو دەكەنە داعش لە توركیاوە دەڕۆن. من لام وایە ئیسلامیستەكان لە دونیادا بڵاو بوونەتەوەو بوون بە دیاردەیەكی جیهانی و ئەمەش یەكێكە لە هێماكانی.

دیسایت: چیچانییەكانیش لە عێراق دەبیندرێن.

عەبدولسەمەد: بۆسنییەكان و ئەفغانستانییەكانیش. داعش شوێنی كۆكردنەوەی فۆندە مێنتاڵە گەنجەكانە كە هەموویان ئەو كەسانەن پەیمانیان بە داعش داوە. جا لە قاهیرە بن، یان بەغداد، لە سەنعا بن یان دیویسبۆرگ: ئەبێ تەنها پێڕەوكەر و شوێنكەوتووی پێغەمبەری خودا بین بۆ ئەوەی دونیا لەبەردەمماندا چۆك دابدات و ئەو كارەی كە ئەو گرووپە بچووكە لە مەدینە دەستییان پێكرد، بە ئەنجام بگەیەنین.

دیسایت: تۆ ئیسلامی وەك دوایین یۆتۆپیا دەناسێنیت. واتە ئازادی ئیتر وا نییە سەرنجڕاكێش بێت و خەڵك خوازیاری بن؟

عەبدولسەمەد: ئێمە لە رۆژئاوا وەچەی سێهەم و چوارەمی بنەماڵە موسڵمانەكان دەبینین كە لە ئاشتی و ئازادیدا لە دایكبووە و لە هەمانكاتدا زۆر كەم بەرگری دەكات لەم دوو دیاردەیە. لە لایەكیترەوە نەسڵ و وەچەیەك لە شەڕكەرە ئیسلامییەكان وەستاون، هیچ شتێكیان بۆ لە دەستدان نییە. جیاوازییەكە زیاتر لەوەدا دەردەكەوێت كە 65 لە سەدەی وڵاتانی ئیسلامی تەمەنیان ژێر 30 ساڵە. هیچكات چوونە سەربازی و ناو سپاوە وەك ئێستا بە ئاسانی نەبووە. لە جەنگی ئەفغانستان یەك كەس یەك كەس دەهاتن و ئێستا هەزار كەس هەزار كەس.

دیسایت: لە مەرگ ناترسن؟

عەبدولسەمەد: ئەمانە جەنگ وەك عیبادەت و بە جێ هێنانی ئەركی ئایینی ئەبینن. ئەوانەی ریكلام و پڕۆپاگەندا بۆ داعش دەكەن سەربازێكیان ناوێت خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵكوو ئاواتیان ئەوەیە سپایەكی گەورەیان هەبێت كە هەردەم سەركەوتوو بێت. دەیانهەوێت دونیا داگیر بكەن لەبەر ئەوەی لایان وایە دونیایان لێ سەندوونەتەوە. ئەوان لە هەر حاڵدا خۆیان بە براوە دەزانن. ئەگەر لەم شەڕەدا بمریت ئەچیتە بەهەشت و ئەگەر سەركەوتوو بیت پاداشی ئەو دونیات لە جێی خۆیەتی. بەتایبەت بۆ منداڵانی كۆچبەر (مهاجر) ئەم خەونەی كە دەیهەوێت بێتە دی لە چوارچێوەی ئاییندا باشترین رێگاییە بۆ چارەسەركردنی گرێ خۆ بەكەم زانین كە بەهۆی شكست لە پانتای كۆمەڵگادا تووشی هاتون.

دیسایت: ئەبێ رۆژئاواییەكانیش بترسن؟

عەبدولسەمەد: لە كورت ماوەدا نە. سپای ئیسلام بەمزوانە ناگاتە دەروازەی ڤیەن یان رۆم.بەڵام ئەبێ نیگەرانی پەرەسەندنی ئایدۆلۆژیایی جەنگ و جیهاد و پەل هاوێشتنی بین بۆ سەرجەم وڵاتانی كەنداو. لە وڵاتانی كەنداو دەستڕاگەیشتن بە چەكە مۆدێڕنەكان و سەرچاوەی ماڵی زۆر ئاسانە. رێكخراوی سەلەفییەكان لە ئەورووپاش كە گەڕانەوەیان لە عێراقەوە كۆمەڵێك دەرفەت ئەخاتە بەردەمیان، مەترسی دارن. فۆندەمێنتاڵەكان لە ئەرووپا ئەوە بۆ چەند ساڵ دەچێت گەنجەكان رادەكێشن بۆلای خۆیان و دژ بە كۆمەڵگاكەی خۆیان رێكیان دەخەن و ئێمە روو دەكەین بەو لاوەو وا خۆمان نیشان ئەدەین كە ئەم شتە نابینین.

دیسایت: بۆچی؟

عەبدولسەمەد: لەبەر ئەوەی بەڕواڵەت لێكدانەوەی ئیسلام وا دەردەكەوێت هیچ مەترسییەكی نییە. من بەشێك لە ئیسلام ناسەكان بە هۆكاری تێگەیشتنی نادروست لە سەلەفەییەت ئەزانم. ئەوان خەریكن پەرە بە تیۆری توندووتیژی ئەدەن. تەنانەت ئەگەر هێشتا جیهادیان رانەگەیاندووە، بەڵام كۆمەڵگایان كردووە بە دوو دەستەوە، دەستەی كافر و دەستەی باوەڕدار و كافر بە پێی ئامۆژەكانی قورعان كەسێكە كە خودا رەت دەكاتەوەو رەوایە خوێنی بڕژێت.

دیسایت: بەشێكی زۆر لە موسڵمانە لیبراڵەكان جۆرێكیتر بیر دەكەنەوە.

عەبدولسەمەد: بەڵام ئەمە دەرەنجامی ئیسلامی سیاسییە. ئەو كاتەی قورعان كافرەكان بە سووكتر و بێنرختر لە ئاژەڵ دەزانێت، ئەو پرسیارە دێتە پێش ئێمە چی لە ئاژەڵێك دەكەین؟ سواری دەبین، دەیبینە بازاڕ و دەیفرۆشین،یان سەری دەبڕین.ئەبێ ئەم رێگایەش بەرامبەر بە كافرەكان بگرینە بەر. ئەبێ كاتێك ئەو كارەش ئەكەین بڵێین “الله اكبر”. چاو لە رێ و رەسمی مل پەڕاندن بكەن لە عێراق و سووریە. ئەوەی كە بیرجیاواز بكرێن بە كافر رێگا خۆشكەرە بۆ كردەوەی توندووتیژ ئامێز.

دیسایت: چ شتێك زیاتر لە هەمووان ئەم بیركردنەوەیە بە پاك و بێ غەش نیشان ئەدات؟

عەبدولسەمەد: ئەوەی كە ناتوانیت دەستی بۆ ببەیت. لەبەر ئەوەی سەرچاوەكەی نەك مرۆڤ بەڵكوو خودای قادر و توانایە.بیركردنەوەیەك كە نە ئەوەیە سیاسی بێت و نە ئەوەیە پراگماتیستی بێت، بەڵكوو یۆتۆپیاییە. ئەبێ بڕوات بە (الله) هەبێت و (الله) بۆ بەڕێوەبردنی دونیا كۆمەڵێك یاسای هەیە و تۆ وەك مرۆڤ بەڕێوەبەری ئەو یاسایانەی لەسەر زەوی. ئەمە لەگەڵ شیعەگەری و مەسیحییەت ناكۆكە. ئەمە هەمان روانینی كۆتایی دنیای (عهد عتیق)ە كە قورعان درێژە پێدەرییەتی. بەڵام بەلای مەسیحییەتی سەدەی بیست و یەكەمەوە (عهد عتیق) مانایەكی سیاسی تەواو جیاوازی هەیە لەگەڵ قورعان لای موسڵمانەكان. ئەگەر كەسێك لە ئەورووپای ئەمڕۆدا بە پێی یاساكانی (عهد عتیق) بژێت، بەڕاستی پێی دەوترێت فۆندەمێنتاڵ. بەڵام ئەگەر موسڵمانێك هەر ئەم كارە بكات پێی دەوترێت باوەڕدار. گاڵتەجاڕە.

دیسایت: چۆن بوو پەیوەست بووی بە ئێخوان المسلمینەوە.

عەبدولسەمەد: ئەوەی سەرەتا بەلای منەوە سەرنجڕاكێش بوو ئەندامیەت لە گرووپێكدا بوو كە ئایین و مەزهەب ئەندامەكانی لە دەوری یەكتر كۆ كردوونەتەوە. بەڵام كۆمەڵێك فەرمانی بێ مانا كە ئیرادە و ویستی منی تێك دەشكاند، وای لێكردم بكەومە دۆخی بەرگری كردنەوە. هەستم دەكرد سووكاتیم پێ دەكرێت. ئێمە لە رۆژئاوا ئەبێ دەستبەرداری ئەم باوەڕە بین كە ئیسلامیستەكان خراپ لە ئیسلام تێگەیشتوون. ئەلقاعیدە، بۆكۆ حەرام، داعش، ئێخوان المسلمین، ئاخوندەكان(مەبەست ئێرانە) و تەنانەت ئەردۆگان. ئەی كێ بە باشی لە ئیسلام تێگەیشتووە؟ چەند هەواڵنێری، هەواڵنێریی تاس باش لە ئیسلام تێگەیشتوون؟

دیسایت: ئەوانەی دەیانهەوێت ئیسلام بە ئایینێكی بێ مەترسی نیشان بدەن بە شوێن چ ئامانجێكەوەن؟

عەبدولسەمەد: هەندێكیان ئەترسێن بەوە ناو دەربكەن كە دژە ئیسلامین و بە دژە ئیسلامی بناسرێن. لەگەڵ ئەمەشدا بەرژوەندی ئابووریش هەیە. ئەو كاتەی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئێران بوونی هەیە و چەك بۆ عەرەبستان هەناردە دەكرێت، كە وایە دەبێت روخسارێكی دۆستانەش لە ئیسلامی سیاسی نیشان بدەن. بەدەر لەمەش ژمارەیەك رووناكبیری موسڵمان هەن كە دەیانهەوێت وێنایەكی باش لە ئیسلام بدەن بەدەستەوە. جارێك لە (نەوید كرمانی)یان پرسی: چ ئامانجێكی هەیە لە ژیانیدا؟ ئەویش وەڵامی دایەوە: خزمەت بە خودا. بە لەبەرچاو گرتنی سەرجەم ئەو كارەساتانەی روو دەدەن و ئەو نەهامەتییانەی بەسەرماندا دێن، لە دڵەوە ئاواتەخوازم ژمارەیەك رۆشنبیری موسڵمان بێنە مەیدان و راستییەكان بەو شێوەیەی هەیە باس بكەن. لەبەر ئەوەی بەخێراییەكی زۆر بەرەو كارەسات ئەڕۆینە پێش. كە وایە ئاغای كرمانی ئازیز لەبری ئەوەی بەرەو دونیای شیعر هەڵبێت و پەنا ببەیتە بەر دونیای شیعر یارمەتیمان بدە.

دیسایت: دژ بەتۆ فتوا دەركراوە. بۆچی بەهەموو ئەمانەشەوە بە ئاشكرا دەربارەی ئیسلام قسە دەكەیت؟

عەبدولسەمەد: ترس دەڕەوێنمەوەو دەیخەمە لاوە، ئەگەر وا نەبێت ناچار دەبم بێدەنگ بم. 200 ساڵ دوای ڤۆڵتەر، 70 ساڵ دوای شكستی فاشیسم و 25 ساڵ دوای روخانی دیواری بڕلین شتێكی ناڕەوایە بڕواكانم لە ئەورووپا بشارمەوە. نامهەوێت خەڵك بڵێن عەبدولسەمەد راست دەكات. بەو شێوەیە لە ئازادی تێگەیشتووم كە حەقیقەتی رەها مانای نییە. تەنها دەمهەوێت بۆچوونی خۆم بڵێم. هەرلەبەر ئەمەیە ئەورووپام هەڵبژاردووە. بەڵام ئێستا بیر لەوە دەكەمەوە ئێرە بەجێ بێڵم.

سەرچاوە:
http://gaahang.com/?p=4264