خۆناسیی پەتی وەک کرۆکی رۆشنگەری

کوردستان 17/02/2024

مەحمود شێرزاد: دەبێت حاکم و دەسەڵاتدارەکان لەبەرەی عەقڵانیەتدا بن
مەلا بەختیار: تا ئێستاش دیموکراسی باشترینی ناو سیستەمەکانی حکومڕانیە

ئەمڕۆ 17/2/2024   لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (خۆناسیی پەتی وەک کرۆکی رۆشنگەری)بۆ نوسەر و رۆژنامەنوس مەحمود شێرزاد بەڕێوەچوو.
سەرەتا ناوبراو باسێکی لە رۆشنگەری عەقڵانی کرد کە لە رۆژئاواوە سەریهەڵداو کۆمەڵێک لە فەیلەسوفان و بیرمەندانی رۆژئاوا رابەرایەتییان کرد و وتی: رۆشنگەری بزوتنەوەیەکی مەعریفی و فەلسەفیە، عەقڵ دەکاتە سەنتەر، کار بۆ لێبوردەیی و مافەکانی مرۆڤ و شێوازی حکومڕانی دەکات، واتا ئەوەی ئێمە دەیناسین  باڵی عەقڵانی رۆشنگەریە، بەڵام باڵێکی دیکەی رۆشنگەری بونی هەیە کە بریتیە لە خۆناسین و عەقڵی ناخەکی.
مەحمود شێرزاد باسی لەوەشکرد: رۆشنگەری عەقڵانی یان رۆژئاوایی پێیوایە دەرمانی تێپەڕاندنی قۆناغی ستەم و کۆتوبەندەکان رۆشنگەریە، کانت دەڵێت دروشمی رۆشنگەری ئەوەیە بوێر بیت لە بەکارهێنانی عەقڵدا. دەبێت رۆشنگەری لە ریشەی ستەمکاری بدات، حاکمە زاڵمەکان نەتوانن مرۆڤ بچەوسێننەوە کە لەڕێگەی نەزانینی مرۆڤەکانەوە ستەمکاری دەکەن، بەڵام زۆر پێش ئەو سەردەمە، رۆشنگەری عیرفانی هەیە، کە پێیوایە مرۆڤ وەک تاک لەئازاردایەو پێویستە رزگار بکرێت، ئەم فکرە شەش بۆ دە هەزار ساڵ لەمەوبەر لەلایەن یۆگیەکان کاری لەسەر کراوە و پێیانوایە رزگارکردنی مرۆڤ لەرێگەی خۆناسینی خۆیەوە دەکرێت، بۆ نمونە بودا هەنگاوێکی رۆشنگەرانەیە، دەیەوێت چارەسەر بۆ ئازارەکانی مرۆڤ بدۆزێتەوە.
ناوبراو جەختی لەوەکردەوە، دەبێت هەردوو باڵی رۆشنگەری پێکەوە بن دەنا رۆشنگەری شکست دەهێنێت، رۆشنگەریی  ئەوروپا لەهەندێ بواردا سەرکەوتوو بوو، زوڵمی کڵێساو دەسەڵاتی کورت کردەوەو مرۆڤی کرد بە سەنتەر، بەڵام بەشی بودایی و یۆگیەکانی کەم بوو، هەربۆەیە بەهۆی ئەم کەموکورتیەوە دواتر زۆر شەڕ رویانداو و فاشیەت و نازیەت دروست دەبێت، چونکە لایەنە ناخیەکەی مرۆڤی کەم بوو، بۆیە ئەگەر  ئەم دوو باڵە پێکەوە بن رۆشنگەری کامڵ دەبێت، ئەمە هەر ئەو فکرەیە سوهرەوەردی دەڵێت حاکمێک هەڵبژێرن شارەزای دیوە شاراوەکانی مرۆڤ و شارەزای عەقڵ بێت، ئەگەر ئەمەتان دەستنەکەوت یەکێک بێت با شارەزای دیوە شاراوەکانی مرۆڤ بێت ئەگەرنا با شارەزای عەقڵ بێت. واتا شارەزابونی لە دیوە شاراوەکانی مرۆڤ و ناخی مرۆڤی کردۆتە پێش مەرجی سەرەکی دەسەڵاتدارێتی و حاکمیەت. وتیشی: بەهۆی ئەمەوەیە کە ئێستا کوالێتی سەرکردە لە لە جیهاندا لە دابەزیندایە.
سەبارەت بە خودناسی، مەحمود شێرزاد ئاماژەی بەوەکرد: بۆ ئەوەی ئەم دوو رۆشنگەریە لەیەک بدەین دەبێت خۆمان بناسین، وەکو ناخ و عەقڵیش، یۆگیەکان پرسیاری رۆشنگەرانە دەکەن وەک ئەوەی راماناماهارشی وتی من کێم؟ بەدوای ئەسڵی خۆتدا بگەڕێ و توێژەکان هەڵبدەرەوە. سیاسەت و دین و ئایدۆلۆژیا و کۆمەڵگە پێناسەی تۆی کردوە، بەڵام دەبێت تۆ خۆت بدۆزیتەوە وەک ئەوەی کە هەیت نەک وەک ئەوەی پێناسەیان کردویت. وتیشی: خۆناسی پەتی دەبێت لە جەستەوە دەستپێبکەیت، دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین کە ئایا من ئەم حەز و ئارەزوانە و زیهنم؟ کە تێڕامان دەکەیت بۆت دەردەکەوێت ئەمانە نیت، دوایی هەستەکانت دەردەکەون ئایا من خۆشحاڵ و خەفەت و ترسم؟ بۆت دەردەکەوێت ئەوانەش نیت. تۆ ئاگاییەکی پەتیت و لە دەرەوەی هاوکێشەکانی کات و شوێنی، ئەوکاتیش رۆشنگەریی حەقیقی رودەدات و لە ئاگاییتەوە رزگارت دەبێت، بۆیە رۆشنگەری رونادات تا ئەو کاتەی ئیرادەی مرۆڤ ئازاد نەبێت لە زهن و غەریزەکانی، باشترین رێگایش بۆ خۆناسین یۆگایە.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە مرۆڤ دوو دیوەی هەیە بەشێکی غەریزەکانیەتی و بەشەکەی دیکەی عەقڵانیەتە، بۆیە مرۆڤ دەبێت پشت بە عەقلانیەت ببەستێت، بۆیە سیستەمی سیاسی و حکومداری و پەروەردەیی دەبێت لەلای کەسانێک بن کە لەبەرەی عەقڵانیەتدا بن، بۆ نمونە  ناکرێت لەپیناو ئامانجێکی کورت و هێنانی چەند دەنگێکدا حاکم و دەسەڵاتدارەکانی کوردستان پشتگیری رەوتە جۆراوجۆرە ناعەقڵانیەکان بکەن. وتیشی: وەکو خۆم لەگەڵ سیستەمی دیموکراسیدا نیم، چونکە دیموکراسی وادەکات کەسانی نادیموکراسی بگەنە دەسەڵات.
دوای تەواوبونی قسەکانی، بەشیک لە ئامادەبوان پرسیار و سەرنجەکانیان خستەروو، زۆرینەیان لەگەڵ ئەو بۆچونانەدا بون کە مەحمود شیرزاد خستنیەڕوو.
دواتریش مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، بەشداری گفتوگۆکەی کرد و بۆچونەکانی خۆی خستەڕوو. سەبارەت بە رۆشنگەری، ناوبراو وتی: گرنگترین ئامانجی رۆشنگەری رزگارکردنی عەقڵە لە خورافات، ئەمە جەوهەری رۆشنگەریە.
مەلا بەختیار لە بەشێکی تری قسەکانیدا، باسی لەو ململانێ مێژوییە کرد کە لە نێوان ماتریالیستەکان و ئایدیالیستەکاندا هەیە و وتی: هێشتا زۆری ماوە رۆح و مادە ساغ بێتەوە، ماتریالستەکان هەڵەیان کرد حوکمی رەها دەدەنە پاڵ ئایدیالیستەکان، ئەوانیش بە هەمانشێوە هەڵەیان کرد، دەبوو لەم نێوەندەدا هاوسەنگی بدۆزرێتەوە. وتیشی: باوەڕم وایە بیرکردنەوە رەنگدانەوەی مەسەلە بینراوەکانە، مادە گرنگە بۆ بیرکردنەوەو بۆ مەسەلە رۆحیەکانیش.
 سەبارەت بە کوشتنی حەزوو ئارەزوەکانی مرۆڤ و پوچێتی دونیا، کە لای بوداییەکان و فەلسەفەی پوچگەرایی هەیە، مەلا بەختیار پێیوابوو: ژیان پوچگەرا نیە، ژیان خۆشە، نەک بە پارە بەڵکو عەقڵ و فکرت باش بێت، کرێکار هەیە لە ملیۆنەر خۆشتر ئەژی، هەشە ملیۆنێرە ماڵەکەی بۆ خێزانەکەی کردۆتە دۆزەخ، بۆیە نابێت قسەو گوفتارمان بە ئاراستەی بێنرخکردنی ژیان بێت.
سەبارەت بە سیستەمی دیموکراسیش کە مەحمود شێرزاد دژی بوو، مەلا بەختیار قسەیەکی چەرچڵی بە نمونە هێنایەوە کە دەڵێت: تا ئێستا لەناو هەموو سیستەمەکاندا دیموکراسی باشترینیانە، بەڵام باشترین سیستەم نیە.