سەرۆک وەزیرانی عێراق لەناو سەمای مارەکاندا
د. یاسین تەها: ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە،
عێراق دەبێتە لوبنان و یەمەن
مەلا بەختیار: بارودۆخی عێراق بەستراوەتەوە بە
چارەنوسی جەنگی غەزەوە
ئەمڕۆ10/2/2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، لە تۆڕی ناوەندی
رۆشنگەری چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (سەرۆک وەزیرانی عێراق لەناو سەمای
مارەکاندا)، بۆ نوسەر و توێژەر و مامۆستای زانکۆ د. یاسین تەها رێکخرا.
لە سەرەتای قسەکانیدا د. یاسین، ئاماژەی بە
بارودۆخی شیعەکانی عێراق کرد بە تایبەتی هاوپەیمانی (چوارچێوەی هەماهەنگی) کە
حکومەتیان پێکهێناوەو لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەکرد کە لە ئێستادا دۆخی چوارچێوەی
هەماهەنگی بەهۆی دوو فاکتەرەوە درزی تێکەوتوەو کێشە لە نێوانیاندا هەیە، ئەویش
بەهۆی جەنگی غەززە و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقەوەیە.
دەربارەی محەمەد شیاع سودانیش لەناو ئەم پێشهات
و گۆڕانکاریانە، ناوبراو باسی لەوەکرد کە سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەیەوێت لە رێگەی
ئەنجامدانی خزمەتگوزاریەوە سەرنج و دەنگی هاوڵاتیان بۆ لای خۆی رابکێشێت، بۆیە،
خودی شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش لەوە دەترسن سودانی ببێتە سەرکردەیەک و
بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بکات و کورس زۆر بەدەستبهێنێت. وتیشی:
هەندێ سیفات لە سودانیدا هەیە کە هاوکاری دەکەن بۆ ئەوەی پێگەی لە عێراقدا
بەرزبێتەوە، لەوانە یەکێکە لە سەرکردەکانی ناوخۆی عێراق و رەگەزنامەی وڵاتانی
دیکەی نیە، بە ئاشکرا و بە لێدوان دژایەتی پێکهاتەکانی وەکو کورد و سوننەی
نەکردوە، ئەگەرچی ئەوەی لەسەردەمی سودانیدا بەسەر کورد و سوننەدا هاتوە، لەسەردەمی
مالکیشدا وا نەبوە.
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، د. تەها باسی لەو کێشانە کرد کە بەهۆی جەنگی غەزەو چالاکبونی
میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە دژی ئەمریکا رووبەڕووی سودانی بۆتەوە. لەوبارەیەوە
وتی: خودی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لەسەر پاڵپشتیکردنی جەنگی غەزە ناکۆکی و
جیاوازییان هەیە، کەسانی وەکو حەیدەر عەبادی و عەمار حەکیم و تەنانەت مالکیش لایان
قورسە بچەنە ئەو بەرەیەی پێی دەوترێت بەرەی قودس، عەسائیبیش لە نێوەندایە، بەڵام
حیزبوڵا و نوجەبا و سەید شوهەدا بە تەواوی لەناو بەرەی قودسدان و دەوترێت تەواوی
بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی عێراقیش لەلایەن حیزبوڵای لوبنانەوە بەڕێوەدەبرێن.
سەبارەت بە
ئاگایی و دەسەڵاتەکانی سودانی دەربارەی هێرشەکانی میلیشیاکان بۆ سەر هێزەکانی
ئەمریکا و هەولێر، د. یاسین ئاماژەی بەوەکرد، کە سودانی بە هیچ شێوەیەک ئاگای لە
هێرشەکانی ئەو میلیشیایانە نیە، لە کاتێکدا کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە،
بەڵام کە ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر میلیشیاکان، خێرا لە لایەن میلیشیاکانەوە داوای
هەڵوێست دەکرێت و داوا دەکەن سەرۆک وەزیران بڕیار لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا
بدات. وتیشی: بە بروای من ئەمریکا قورسە لە ئێستدا لە عێراق بکشێتەوە، بە رونی
باجی کشانەوەکەشی لە رێگەی فوئاد حسێنەوە داوەتە دەستی حکومەتی عێراق، بەڵام ئەگەر
ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە کێشەی گەورەی ئەمنی و ئابوری بەرۆکی عێراق دەگرێت و
دەتوانین بڵێن دەبێتە لوبنان و یەمەن.
هەر سەبارەت
بە نائاگایی سودانی لە چالاکی میلیشیاکان، ناوبراو ئاماژەی بە ناوچەی جرف صخر کرد، کە ناوچەیەکە لەسەر رێگای بەغداد بابلەو دەوترێت ئێستا شوێنی
دروستکردنی درۆن و موشەکە و بەشێک لە میلیشیاکان لەوێ مەشق دەکەن، بەڵام حکومەت
هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر ئەو ناوچەیەدا نیە.
دوای تەواوبونی قسەکانی د. یاسین، ئامادەبوانی
سیمینارەکە پرسیار و سەرنجەکانیان خستەڕوو، بەشێکی زۆری سەرنجەکان لەسەر ئەوە بوو
کە عێراق سیادەی خۆی نیەو لە لایەن هێزە ئیقلیمیەکانەوە بەڕێوەدەبرێت.
هاوکات مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر،
بەشداری گفتوگۆکەی کردو سەرنجەکانی خۆی خستەڕوو. سەرەتا باسی لە دۆخی عێراقی دوای
سەدام کرد و وتی: یەکێک لە خەسڵەتەکانی فاشیەت تێکدانی دۆخی کۆمەڵە، بۆیە عێراقیش
دوای بەعس، دۆخێکی کۆمەڵایەتی شێوێنراوی هەبوو کە رێکخستنەوەی ئاسان نەبوو. وتیشی: دەستوری
عێراق کە لە دوای روخانی سەدام دانرا، لەسەر بنەمای هاوسەنگی سێ هێز دانراوە، کە
ئەوانیش شیعە و کوردو سوننەیە، بەم هاوسەنگیە سێینەیە دەوڵەتی عێراق پێکهێنرایەوە،
بەڵام کاتێک شیعەکان پێگەیان بەهێز بوو، یەکەمجار لە سوننەیان دا،
دواتریش لە سەردەمی مالکیەوە نێوانی هەرێمی کوردستان و بەغداد تێکچوو، ئەو کات لە
رێگەی فیرقەی دیجلەوە دەیانویست پەلاماری کورد بدەن، بۆیە بە ڕاستی کێشەکانی هەرێم و بەغداد دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتە، نەک بۆ سەردەمی دوای ریفراندۆم.
سەبارەت بە سەرۆک وەزیرانی عێراقیش، مەلا
بەختیار ئاماژەی بەوەکرد کە سودانی بەرهەمی رێکنەکەوتنی لایەنە شیعەکانە، نەک
رێککەوتن، سودانی خۆیشی لەشکر و حیزبی نیە، بۆیە تەنانەت لای دۆستەکانیشی بە چاوی
گومانەوە تەماشای چارەنوسی سەرۆکایەتیەکەی دەکرێت.
سەبارەت بە ئایندەی عێراق لەناو ئەم گۆڕانکاری و جەنگەی ناوچەکەی
گرتۆتەوە، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەکرد کە بارودۆخی عێراق بەستراوەتەوە بە
چارەنوسی جەنگی غەزەوەو کوردیش دەبێت خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەبکات.