شەهید ئارام... رابەری هەڵسانەوە
مەلا بەختیار: شەهید ئارام رابەڕی هەڵسانەوەی شۆڕش و کۆمەڵە بوو.
سالار عەزیز: بەردەوام بوینایە لەسەر ئەو رێبازەی لەسەرەتاوە خەباتمان بۆ کرد، پێموایە ئێستا دونیایەکی دیکەمان دروست دەکرد.
سوارەی شەهید ئارام: دەمێکە ڕۆڵی شەهید ئارام لەناو خەباتی کوردایەتیدا فەرامۆش دەکرێت.
لەتیف شێخ عومەر: ئیرادەی کاک ئارام شایستەی ئەو ڕۆڵە بوو کە مێژوو پێی سپاردبوو.
خەباتی حاجی مارف: شانازی بەو کاتەوە دەکەم کە لەگەڵ کاک ئارام بووم..
ئەمڕۆ 31\1\2024 لەهۆڵی تەوار لەشاری سلێمانی بە دروشمی شەهید ئارام رابەری هەڵسانەوە، مەراسیمی ساڵڕۆژی شەهید بونی ئارام کرایەوە..
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، سوارەی شەهید ئارام، بەناوی بنەماڵەکەیانەوە وتەیەکی پێشکەش کردو راگەیاند: دەمێکە ڕۆڵی شەهید ئارام لەناو خەباتی کوردایەتیدا شفەرامۆش دەکرێت، بۆیە ئەمساڵ ویستمان دور لە چەواشەکاری ڕۆڵی شەهید ئارام لە کۆمەڵە و یەکێتیدا باس بکەین.
دواتر، سالار عەزیز، وەک هاوخەبات و هاوڕێی شەهید ئارام وتەیەکی پێشکەش کردو بە وردی باسی ڕۆڵی شەهید ئارامی کرد لە کۆمەڵەو یەکێتیدا، بە تایبەتی لە بارودۆخی دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلولدا چۆن ڕۆڵی لە هەستانەوەی خەباتی کوردایەتی و بە تایبەتی کۆمەڵەدا هەبوە. وتیشی: ئەوکات ئامانجمان ئەوەبوو، دەبێت حیزبێک دروست بکەین جیا لەوانەی پێشوو کە بتوانێت شۆڕش هەڵگیرسێنێ..
سالار عەزیز باسی لەوەشکرد کە دوای گیرانی سەرکردەکانی کۆمەڵە، خۆمان کۆکردەوەو بە رابەرایەتی شەهید ئارام کۆمیتەی هەرێمەکانمان دروست کرد، بۆ رێکخستنەوەی کۆمەڵە، بەهەوڵی برادەرانی وەکو کاک مەلا بەختیار و ئازاد هەورامی شیرازەی رێکخستنەکانمان گرتەوە. وتیشی: ئێمە پشتمان بە خۆمان بەستبوو، بەبێ پارە و چەک، دەستمان بە شۆڕش کردەوەو مارکسیزم و لینینیزمان بۆ خزمەتی میلەتەکەمان دەویست و کوردستانی بوین..
سالار عەزیز وتی: خۆزگە ئەو رێبازەی لەسەرەتاوە لەسەری خەباتمان کرد، ئەگەر بەردەوام بوینایە لەسەری پێموایە ئێستا دونیایەکی دیکەمان دروست دەکرد.
لای خۆشیەوە، مەلا بەختیار هاوخەباتی شەهید ئارام، وتارێکی پێشکەش کرد وتی کە ئێستا باسی شەهید ئارام دەکەم و دەڕوانمە کاک ئارام و شەهیدەکانی تر، دەگەڕێمەوە بۆ رۆژگاری ساڵانی حەفتاکان کە خوێندکاری سیاسی کاک ئارام و خوێندکاری عەسکەری شەهید عەلی عەسکەری بوین، ئێمە تێکۆشەری رێگای خەباتی کەم ژیان و کەڵ ژیانین.
مەلا بەختیار، باسی لەوەکرد کە شەهید ئارام رابەری هەڵسانەوە بووە، ئەو لەناو کۆمەڵەو دەسپێکردنی شۆڕشی نوێش رابەری هەڵسانەوە بوە.
دوای لەسێدارەدانی سەرکردەکانی کۆمەڵە، کۆمیتەی هەرێمەکانی یەکەم دروستبوو بەڵام سەرکەوتوونەبوو، دواتر کۆمیتەی هەرێمەکانی دووەم دروستبوو، کە ئەگەر ئارام نەبوایە هیچمان بە هیچ نەدەکرد. واتا ئارام لەدوای پەرتەوازەیی کۆمەڵە، دەبێتە رابەری هەڵسانەوەی کۆمەڵە. لە دەسپێکردنی شۆڕشی نوێشدا، کاتێک شەهید ئارام و کۆمیتەی هەرێمەکان بڕیاری شۆڕشمان دا هێشتا پەیوەندیمان بە مام جەلال و عەلی عەسکەری نەبوو، تەنیا بە پاسۆکەوە پەیوەندیمان هەبوو. ئێمە بڕیاری شۆڕشمان دا، دواتر لە مانگی حەوتی حەفتاو شەش پەیوەندیمان بە مام جەلالەوە کرد. بۆیە شەهید ئارام بەرپرسیارێتی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی خستە ئەستۆی خۆی و لەوەشدا رابەری هەڵسانەوە بوو. دواتریش کە مام جەلال و کاک نەوشیروان لەساڵی 1977 دەگەڕێنەوە وڵات، هەمومان بەشداربوی ئەم خەباتە بوین پێکەوە.
مەلا بەختیار لە بەشێکی تری قسەکانیدا، باسی لە ئاستی فکری و تیۆری شەهید ئارام کردو رایگەیاند، هەندێ کەس دەڵێن شەهید ئارام یەک وتاری تیۆری نیە، بۆیە بەو کەسانە و هەموان دەڵێم کتێبی (ئەرکەکانمان لەم پلەی خەباتدا) بخوێننەوە بزانن چەند جوان تیۆر بۆ خەباتی چینایەتی و نەتەوەەیی و پارتیزانی دەکات.
لەبارەی ئیختیفای شەهید ئارام، مەلا بەختیار وتی: کاک ئارام لە یانزە ماڵی سلێمانی موختەفی بووە، بەڵام زۆرتر لە ماڵی لەتیفی شێخ عومەر و سوارەی ئەحمەد عارف بوە.
لەدوا دێڕیشدا، مەلا بەختیار وتی: کۆمەڵە و شەهید شەهاب و شەهید ئارام بمانایە بارودۆخی کوردستان بەم جۆرە نەدەبوو..
هاوکات، لەتیف شێخ عومەر وتەیەکی پێشکەش کردو باسی ڕۆڵی شەهید ئارامی کرد لە خەبات و سەرکردایەتیکردندا. وتی: سەرچاوەی بیری ئارام دنیابینیەکی تازە بوو کە لە خەیاڵدانی خۆیدا رەسمی دەکرد بۆ ئایندەی کوردستان. وتیشی: ئیرادەی کاک ئارام شایستەی ئەو ڕۆڵە بوو کە مێژوو پێی سپاردبوو..
لای خۆشیەوە خەباتی حاجی مارف وتەیەکی پێشکەش کردو وتی: ئەوانەی هاوڕێی ئارام بون وەک یەک باسی خاکی بونی کاک ئارام دەکەن و خۆی بەگەورەتر نەدەزانی و ئەو بوو بە مامۆستامان، شانازی بەو کاتەوە دەکەم کە لەگەڵ کاک ئارام بووم..