کەرکوک و ئایندەی ناوچە جێناکۆکەکان

کوردستان 13/01/2024

ئاوات محەمە ئەمین:  پێویستە لە دەرەوەی حکومەتی هەرێم تیمی دانوستانکار لەگەڵ بەغداد دروستبکرێت

ئەمڕۆ 13/1/2024  لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (کەرکوک و ئایندەی ناوچە جێناکۆکەکان) بۆ نوسەر و توێژەر ئاوات محەمەد ئەمین بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای باسەکەیدا، ئاوات محەمەد ئاماژەی بەو کۆنگرانە کرد کە پێش 2003 ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بەستویانەو بە تایبەتی لە کۆنگرەی لەندەندا یەکێک لە راسپاردەکانی کۆنگرەکە دەڵێت ئێمە لە عێراق پێشنیازی کورد بۆ فیدراڵی بە هەند وەردەگرین و  کوردیش مافی ئەوەی هەیە چارەنوسی خۆی لەو وڵاتە دیاری بکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە زۆربەی ئەو رێگا و رێکارانەو ئەو گرفتانەش کرد کە بۆ جێبەجێبونی مادەی ١40 دروست بوون لە عێراقدا تا کار گەیشتە ئەوەی هەموو هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە بێ ئاکام بن.
ناوبراو باسی لەوەکرد کە لە دوای جێ بەجێ نەبونی مادەی 140،  هەموو ئەو رێکەوتنانەی لەنیوان بەغدادو هەرێمدا کران لەبارەی مادەی 140 هیچی جێبجێ نەکران، بۆیە ناچار پرسی ئەو ناوچانە رادەستی نەتەوە یەکگرتوەکان کرا، نەتەوە یەکگرتوەکانیش سێ پێشنیازی بۆ چارەنوس و بەڕێوەبەردنی کەرکوک خستەڕوو ئەوانیش بریتی بون لەوەی کە کەرکوک بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆك، یان دۆخێکی تایبەتی پێبدرێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ دواتر راپرسی تێدا بکرێت، یان ئەوەتا بە هاوبەشی بەڕێوەببرێت.
ناوبراو باسی لەوەشکرد کە کورد بەهۆی ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکێتیەوە زیانی گەورەی لە دانوستانەکانی داوە لەگەڵ بەغداد، بۆیە لەسەر ئاستی ناوخۆی کەرکوک کورد نەیتوانیوە وابکات کە رێککەوتن لەگەڵ تورکمان و عەرەب بکات، لەسەر ئاسستی پەیوەنیەکانی نێوان بەغداد و هەرێمیش، حکومەتی هەرێم دانوستانکارێکی باش نیە، چونکە لە ئێستدا لەکۆی ئەو هەمو کێشە هەڵواسراوانەی لەنێوان کورد و ناوەند هەیە، تەنیا باس لە کێشەی موچە دەکرێت لەکاتێکدا کێشەی دارایی و پێشمەرگە و ناوچە جێناکۆکەکان و نەوت ئەوانە هەموی بونیان هەیە، بۆیە پێویستە تیمێکی بەهێزی دانوستانکار لەدەرەوەی حکومەتی هەرێم دروست بکرێت..
سەبارەت بە دۆخی ئێستای کەرکوک، ناوبراو وتی ئێستا لە دوایین هەڵبژاردندا کورد توانیویەتی بیسەلمێنێت کە نەتەوەی پلە یەکی کەرکوکە کە ئەمە زۆر گرنگە، بەڵام دەبێت زۆر جەخت لەسەر پرۆژەی پێکەوە ژیان بکاتەوە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە و رێگری لە تەعریب بکات.
دوای تەواوبونی قسەکانی، ئامادەبوانی سیمینارەکە بۆچونەکانی خۆیان خستەڕوو، کە بەشی زۆریان رەخنە گرتن بوو لە نەبونی گوتارێکی یەکگرتوی نەتەوەیی بۆ ئەو ناوچانە لەگەڵ نەبونی روانگەیەکی ستراتیژی هاوهەڵویستی، بۆ ئەمەش پارتی و یەکێتیان بە هۆکاری سەرەکی ئەو کێشانە گەڕاندەوە کە بەهۆی بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی وایانکرد کورد زیان بکات لەو ناوچانە.
هاوکات مەلا بەختیار سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، بەشداری گفتوگۆکەی کردو بۆچونەکانی خۆی لەبارەوە خستەڕوو. ناوبراو باسی لە سەرەتای روخانی رژێمی بەعس کرد لە 2003 کە یەکێتی پرۆژەی هەبوە بۆ دەرکردنی تەعریب لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان و وتی: من بەرپرسی پاکردنەوەی خانەقین بوم لە تەعریب، تەنیا شەش رۆژ مۆڵەتمان هەبوو، ئەوەبوو لەو ماوە کەمەدا توانیمان تەعریب لە شارەکەدا نەهێڵین، کە بەپێی قسەی عەرەبەکان خۆیان 54 هەزار تەعریبمان دەرکرد، بەڵام بە داخەوە لە کەرکوک و هەندێ ناوچە بەهۆی ڕاووڕوت و تاڵانی بەرنامەکان وەکخۆی جێبەجێ نەکران.
مەلا بەختیار بە نیگەرانیەوە باسی لە ئێستای کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان کرد، پێیوابوو ئایندەی ئەو ناوچانە ئاسۆیەکی رون چاوڕێیان ناکات. وتیشی: نەک ئێستا بەڵکو، پێشتریش ئەم بەرپرسانەی  عێراق لە چەندین کۆبونەوە و بۆنە کە خۆم تێیدا بوم، وتویان ئێمە مادی 140مان قبوڵ نیە.