خوێنەواری میدیایی

کوردستان 06/01/2024

د. ئیبراهیم سەعید: لەم سەردەمی هەواڵی ساختەو دەرکەوتنی پۆپۆلیستەکاندا، دەبێت هاوڵاتیان خوێنەواریی میدیاییان هەبێت.
مەلا بەختیار: دژایەتیکردنی سۆشیال میدیا و سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیاری، لە قازانجی دیموکراسی نیە

ئەمڕۆ ٦/١/٢٠٢٤ لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (خوێنەواری میدیایی) بۆ پرۆفیسۆر د. ئیبراهیم سەعید بەڕێوەچوو.
ناوبراو، سەرەتا باسی لەوە کرد مەبەست لە خوێندەوەریی میدیایی، ئەوەیە کە ئاگایی و هۆشیاریمان بەرامبەر میدیا و کەناڵ و پەیامەکانیان هەبێت و وریا بین کە چەوەشەنەکرێین، بۆیە پێویستە هەموو کەسێک ئەم خوێنەوەریە میدیایی بۆ خۆی دروست بکات و ئاگاداری بێت. وتیشی: بەهۆی گرنگی ئەم بابەتەوە، یەکێتی ئەوروپا و یونسکۆ کاری لەسەر دەکەن و لە وڵاتە پیشکەوتوەکاندا لە پرۆگرامی پەروەردەدا هەیەو دەخوێنرێت، هێندەش ئاگادار بم سێ رێکخراو لە هەرێمی کوردستاندا دەیانەوێت کار لەسەر ئەم بابەتە بکەن.
 باسی لەوەشکرد خوێنەواریی میدیایی یان ئاگامەندی میدیایی لە دونیای ئەمڕۆی میدیای تازەو سۆشیال میدیادا، گرنگی زیاتری پەیدا کردوە چونکە ئێستا لێشاوی زانیاری و هەواڵی درۆ بونیان هەیە، تەنانەت بەپێی ئامارێک دەرکەوەتوە %60ی دانیشوانی جیهان رۆژانە سێ سەعات بەرەو سەر بەرکەوتنیان بە سۆشیال میدیا هەیە، ئەمەش بەبێ هۆشیاری میدیایی جێگای مەترسیە. وتیشی: بیریاران و فەیلەسوفانی بیری رەخنەیی بە تایبەتی قوتابخانەی فرانکفۆرت زۆر کاریان لەسەر ئەم بابەتە کردوە.
د. ئیبراهیم سەعید، لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لەو ئاڵنگاریانە کرد کە پێویستە ئاگاداریان بین بۆ ئەوەی وەک خوێنەوارێکی میدیایی سەیری بابەتە میدیاییەکان بکەین. لەوانە: خاوەندارێتی کەناڵ و میدیاکان، دەبێت زۆر ئاگامان لێبێت و بزانین پەیامە میدیایەکان مەبەست و ئامانجی خاوەندارەکانی لە پشتەوەیەو خێرا چەواشە نەبین و باوەڕ بە هەموو پەیامێک نەکەین. هەروەها دەبێت بزانین کە هەموو بابەتە میدیاییەکان کە دێتە بەردەمی ئێمە، بە پرۆسەیەکی سازاندن و بەرهەمهێناندا رۆشتوە کە لەو پرۆسەیەشدا زۆر دەستکاری بابەتەکان کراوەو و کەم و زیاد کراون و بژار کراون بەجۆرێک ئەوەی خۆیان مەبەستیانە ئەوەمان دەخەنە بەردەم.
هەروەها باسی لە ئاڵنگاریەکی تر کرد ئەویش لێشاوی زانیاریە کە لەم سەردەمدا بونی هەیە، بە تایبەتی سۆشیال میدیا، ئەم لێشاوی زانیاریانە بەجۆرێکە کە مرۆڤ ئالودە دەکات و توشی ئینتەلای زانیاری دەبێت. هەر لەم چوارچیەوەیدا باسی دەرکەوتنی کەسایەتیە پۆپۆلیستەکان کرد، کە پێیوابوو ئەگەر خوێنەواری میدیاییمان نەبێت دەکەوینە ژێر کاریگەریانەوە.
باسی لەوەشکرد کە ئاڵنگاریەکی تر، بونی هەواڵی ساختەیە، بە تایبەتی لەناو سۆشیال میدیا کە ئێستا روبەرێکی زۆر گەورەیان داگیر کردوەو توانیویانە لە رێگەی پەیجی بێ ناسنامەوە یان بە مەبەست و لەڕێگەی میدیای ناسراویشەوە کار لەسەر هەواڵی بێ بنەما و فەیک دەکرێت.
دوای تەواوبونی قسەکانی د. ئیبراهیم، ئامادەبوانی سیمینارەکە بەشداری گفتوگۆی بابەتەکەیان کردو بە گرنگی و بایەخەوە روانیانە خوێنەواری میدیایی، بە تایبەتی لە ژنگەی سیاسی و میدیایی هەرێمی کوردستاندا کە ژینگەیەکە پڕە لە ناکۆکی سیاسی و ئابوری و حیزبایەتی.
هاوکات، مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، بەشداریی گفتوگۆکەی کردو باسی لەوە کرد، ئەوەی ئەمڕۆ لە دونیای سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیای زانیاری و دیجیتاڵی هەیە، دەتوانین ناوی بنێین ئەفسانەی ئینتەرنێت. وتیشی: بەهۆی ئەوەی کورد بەردەوام سایکۆلۆژیای بەرگری بەسەریدا زاڵە بەهۆی داگیرکاریەکانی سەری، بۆیە کەسانێک هەن بەم رۆحیەتەوە دژایەتی ئەم دیاردە نوێیان دەکەن،  ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە کە ئێمە دژایەتی ئەم پێشکەوتنەی میدیا و زانیاری بکەین، بەڵکو پێویستە کارلێکی لەگەڵدا بکەین، سود لە باشیەکانی وەربگرین.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەسانی دواکەوتوو دژایەتی ئەم پێشکەوتنانە دەکەن، بۆیە پێموایە دژایەتیکردنی سۆشیال میدیا و سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیاری، لە قازانجی دیموکراسی نیە.