ئاماژەکانی جەنگی غەزە لە تیۆرەکەی هانتنگتۆندا
د. عەدالەت
عەبدوڵا: جەنگی غەزە و ئیسرائیل بەشێکە لە جەنگی
پێکدادانی شارستانیەکان
مەلا بەختیار:
ئیسلام و جولەکە و مەسیحی دەبێت تێبگەن کە یەکتریان بۆ لەناونابرێت، بۆیە دەبێت
لەگەڵ یەکتردا هەڵبکەن
ئەمڕۆ 4\11\2023 لە هۆڵی
شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێڕ، سیمینارێک بە ناونیشانی
(ئاماژەکانی جەنگی غەزە لە تیۆرەکەی هانتنگتۆندا) بۆ د. عەدالەت عەبدوڵا بەڕێوەچوو.
لە سەرەتادا ناوبراو باسی لە تیۆری پێکدادانی
شارستانیەکانی سامیۆل هانتنگتۆن کرد و پوختەیەکی دەربارەی تیۆرەکە خستەڕوو.
لەوبارەیەوە وتی: هانتنگتۆن پێیوایە: جیهان لەدوای جەنگی سارد ململانێی ئابوری و
ئایدیۆلۆژی نیە، بەڵکو ململانێکان کولتوری و شارستانیە. هانتنگتۆن، ئەو قسەیەی کلینتۆن رەتدەکاتەوە کە دەڵێت ئێمە
کێشەمان لەگەڵ جیهانی ئیسلامدا نیە، بەڵکو لەگەڵ گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکاندا هەمانە،
ئەو دەڵێت 1000 ساڵە رۆژئاوا لە ململانێداین
لەگەڵ ئیسلام، هەتا ئیسلام و رۆژئاوا بمێنێت ئەوا ململانێی نێوانیان دەمێنێت.
لە بەشێکی تری سیمینارەکەدا، د. عەدالەت
عەبدوڵا، وتی: لەم جەنگەی ئێستا لە نێوان غەزە و ئیسرائیلدا هەیە 20 ئاماژەم کۆکردۆتەوە
کە دەیسەلمێنێت جەنگی غەزە و ئیسرائیل دەچێتە چوارچێوەی تیۆرەکەی هانتنگتۆنەوە. بۆ نمونە هەردولا خاکەکەی خۆیان
بە پیرۆز ئەزانن و رەهەندی پیرۆز و دینی دەدەن بە جەنگەکە. بەشی زۆری دروشمی خۆپیشاندانەکانی
وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دژی رۆژئاواو ئەمریکایە. زمانی بەیانامەکانی وڵاتانی ئیسلامی ئاماژەن بۆ
جەنگی دینی و کولتوری. روماڵی میدیایی جیهانی ئیسلامی و رۆژئاوا بە ئاشکرا بە
ئاراستەی جیاواز و پێچەوانە روماڵی جەنگەکە دەکەن، تەنانەت میدیای نوێش کار لەسەر
ختوکەدانی ململانێی رۆژئاواو جیهانی ئیسلامی دەکات. حەملەیەکی زۆر لە مزگەوت و پەرستگای
جولەکەکان هەیە بۆ تۆخکردنەوەی ململانێی دینی و بڵاوکردنەوەی رق دژی یەکتری.
دوای تەواو بونی وتەکانی د. عەدالەت،
ئامادەبوان سەرنج و پرسیارەکانیان خستەڕوو، بەشێک لە سەرنجەکان پێیانوابوو کە
ئەوەی لە غەزە و ئیسرائیل رودەدات، زیاتر ململانێی سیاسیە نەک شارستانیەتەکان. ئاماژەیان بەوە دەکرد: بەرژەوەندیە سیاسیەکان رەهەندی دینی و کولتوری دەدەن بە شەڕەکە، بۆیە لەو روەوە رەخنەیان لە تیۆرەکەی هانتنگتۆن هەبوو.
هاوکات مەلا بەختیار
سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، سەرنجەکانی خۆی لەسەر بابەتەکە خستەڕوو. ناوبراو باسی لەوەکرد کە جەنگ ئەنجامی چارەسەرنەکردنی
کێشە سیاسیەکانە و هیچ جەنگێگ نیە رەهەندی ئابوری نەبێت، هەموو جەنگەکە ململانێی
شارستانیەتەکان نیە بە تەنها.
لەبارەی
ململانێ دینیەکانی فەلەستین و ئیسرائیل، مەلا بەختیار باسی لەوەکرد سێ رەمزی
گەورەی ئیسلام و جولەکە و مەیسحی لەو ناوچەیە هەیەو لە ململانێدان، کەواتە ئەم ناوچەیە هەر توشی
ئەم جەنگە دەبێت، رەنگە 100 بۆ 200 ساڵی تری بوێت ئەم ژینگەی جەنگە کۆتایی بێت. وتیشی:
سەلماوە مەسیحی و ئیسلام و جولەکە هیچیان نەیانتوانی یەکتری لەناو بەرن، بۆیە هەموو شارستانیەکان
دەبێت تێبگەن، شارستانیەتی ئیسلام و جولەکە
و مەسیحی دەبێت تێبگەن لەگەڵ یەکتردا هەڵبکەن و شتە هاوبەشەکان بدۆزنەوە بۆ پێکەوە
ژیان.
لە بەشێکی تری
قسەکانیدا مەلا بەختیار باسی لە دەرئەنجامەکانی ئەم جەنگە کرد و پێیوابوو کە
حیزبوڵا و لوبنان کارێکی باشیان کردوە کە بەرەی جەنگیان دژی ئیسرائیل نەکردۆتەوە،
چونکە حیزبوڵا و ئێران بەشداری شەڕەکە بکەن بەدوری نازانم ئیسرائیل چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت.