مەلا بەختیار: ​نان بڕینی خەڵکی کوردستان ، کێشەی زۆر گەورە لە عێراقدا دەتەقێنێتەوە

کوردستان پێش 4 هەفتە


کێشەکان چارەسەر نەکرێن، دور نیە روداوی وەک غەزە لە سوریا و عێراقیش نەتەقێتەوە

مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، رۆژی 31ی ئەم مانگە سەردانی شاری خانەقینی کردو لە میانی کردنەوەی مۆنۆمێنتی شەهیدانی خانەقیندا وتارێکی پێشکەش کرد.
مەلا بەختیار لە وتارەکەیدا جگە لە باسکردنی مێژوی پڕ شانازی خەباتی خەڵکی خانەقین باسی لە بارودۆخی ئێستای شارەکەش کرد و وتی: هەلومەرجی خانەقین هەلومەرجێکی خەفەتبارە، دەشزانم ئەوانەی ئێستا خانەقین بەڕێوەدەبەن تەعدایان لە خەڵک نەکردوە، من ئەمەم پێ خۆشە و هیوادارم ئاوا بەردەوام بن، چونکە دەبێت باش بزانن خەڵکی خانەقین تەعدا قبوڵ ناکات.
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا مەلا بەختیار باسی لە بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردو رایگەیاند: دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاوسە بە گۆڕانکاری، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کەس وێنای نەدەکرد غەزە ببێتە غەزەبی ناوچەکەو گروپە چەکدارەکانی حەماس و جیهاد هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، ئەمەش دوای ئەوە هات دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستین کە قودسی شەرقی پایتەختەکەی بێت زۆر دواکەوت و ئەم کارەساتەی لێکەوتەوە. کە بەداخەوە هەڵەی گەورە بەرامبەر یەکتری دەکەن بە تایبەتی سوپای ئیسرائیل هەڵەی کوشندە بەرامبەر دانیشتوانی غەزە دەکات و غەزەی کردوە بە کوشتارگەی خەڵکی مەدەنی، تا ئێستا 3500 منداڵ و 1900 ژن کوژراون لەو شارە، 200 هەزار خانوو روخێنراون، کە بێگومان ئەمە دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگەوە.  وتیشی: پێویستە دەسەڵادارانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاک ئەو حەقیقەتە بزانن کە چارەسەرنەکردنی کێشە بنەڕەتیە سیاسی و ئابوری و چیانەیتیەکانی ناوچەکە وا دەکات بەردەوام تەقینەوەی وەکو ئەوەی حەماس و ئیسرائیل دروست ببێت. سەیری عێراقی خۆمان بکەن و پانۆراما مێژوییەکەی ببینن، پێنج ساڵ بۆ 10 ساڵ لە عێراق تێناپەڕێت روداوێکی گەورەی تێدا روینەدابێت و سەری هەندێ لە حکومەتەکانی خواردوە.
ناوبراو باسی لەوەشکرد: لەناو مێژوی عێراقدا هەرکات سونە و شیعە نێوانیان خۆش بوبێت عێراق جێگیر بوە، هەر کاتێک ماف درابێت بە کورد عێراق جێگیر بوەو کورد کێشەی کەمتر بوە. لەوەتەی فیدراڵ دراوە بە کورد عێراق باشتر ئیستقراری کردوە، بە پێچەوانەشەوە لەوەتەی ناوچە کێشە لەسەرەکان تێکچوە، دۆخی عێراقیش تێکچوەو ئایندەیەکی لێڵ چاوەڕوانی عێراق دەکات. ئەمەش دەبێتە باشترین دەرفەت بۆ دزو گەندەڵەکان، ئەوەتا وەزیری پیشوی دارایی عێراق دەڵێت لە روخانی سەدامەوە لەم عێراقەدا 400 ملیار دۆلار دزراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دێتە سەر موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەزار دەستی دەستی بە کورد دەکەن. بە جۆرێک لە ئێران و تورکیا کەس ناڵێت کوردی تورکی فارسی، هەموی موچەی خۆی وەردەگرێت سوریا ئێستاش موچە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەنێرێت، بەڵام لە عێراق وا نیە، بۆیە ئەم عەقڵیەتەی ئێستا عێراق بەڕێوەدەبات نەگۆڕێت کێشەی گەورە بۆ عێراق دروست دەبێت. چونکە نانبڕینی خەڵکی کوردستان کێشەی زۆر گەورە بۆ لە عێراقدا دەتەقێنێتەوە.
مەلا بەختیار لە کۆتایی وتارەکەیدا، جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە چارەسەر نەکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا دەکات روداوی وەکو ئەوەی غەزە، روبدات، ئەمە سوریا و بۆ عێراقیش هەر راستە کە ئەگەر کێشەکان چارەسەرن نەکەن ئەگەری تقینەوە هاوشێوەی غەزە تێیندا هەیە.