جەنگی ئیسرائیل دژی غەزە و ئاراستەی چاوەڕوانکراوی روداوەکان

کوردستان 28/10/2023

شیروان شەمێرانی: حیزبوڵای لوبنانی بڕیاری داوە بەشداری شەڕەکە بکات
مەلا بەختیار: هیچ سوپایەکی وڵاتانی عەرەبی ئامادەنیە شەڕی ئیسرائیل بکات

ئەمڕۆ 28\10\2023 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (جەنگی ئیسرائیل دژی غەزە و ئاراستەی چاوەڕوانکراوی روداوەکان...) بۆ نوسەر و چاودێری سیاسی، شیروان شەمێرانی بەڕێوەچوو.
ناوبراو لە سەرەتای سیمینارەکەدا، باسی لە سێ فاکتەری سەرەکی مێژویی کرد کە رۆڵی هەبوە لەو ملـملانێیەی ئێستا لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین هەیە، ئەوانیش بریتین لە لەڕوی ئاینی جولەکە، لە ڕویی زایۆنی و مەسیحی زایۆنی ڕۆڵیان هەیە لەم قەیرانە و بەهۆی ئەم سێ فاکتەرەیە ئیسرائیل خاکی فەلەستینی داگیرکردوە.
شیروان شەمێرانی وتی: ئەم جەنگەی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین هەیە، جەنگێک نیە لەنێوان ئیسلام و جولەکە، یان جەنگێکی نەتەوەیی نیە لە نێوان عیبری و عەرەب، بەڵکو جەنگێکی داگیرکاریی زایۆنیە بۆ سەر خاکی فەلەستین، ئەوەی بەعس بەسەر کوردیدا هێنا، ئیسرائیل بە فەلەستینی دەکات، چونکە ئیسرائیل ئەیەوێت شتێک نەمێنێت بەناوی دۆسیەی فەلەستین.
دەربارەی نوێترین شەڕی نێوان ئەو دوو لایەنەش کە لە 7ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە دەستیپێکرد، ناوبراو وتی: هۆکاری جەنگەکە ئەوەیە ئیسرائیل تەنانەت ئەو رێککەوتنانەش جێبەجێ ناکات کە خۆی کردویەتی بۆ دروستبونی دوو دەوڵەت یەکێک بۆ ئیسرائیل و یەکێک بۆ فەلەستین. وتیشی: حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەردا هێرشی نەکردۆتە سەر ئیسرائیل، بەڵکو بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان ئەوە خاکی فەلەستینەو داگیرکراوە..
دەربارەی فراوانبونی جەنگەکەش بۆ سەر ئاستی ئیقلیمی، شەمێرانی وتی: وڵاتانی عەرەبی ناچەنە شەڕەکەوە بەڵکو ئەوەی هەیە ئێران و حیزبوڵای لوبنانیە، بەپێی زانیاریەکانی منیش حیزبوڵا بڕیاری داوە بەشداری شەڕەکە بکات، حیزبوڵاش بەشداریی شەڕەکە بکات، واتا ئێران بەشداریی دەکات..
دوای تەواوبونی قسەکانی شیروان شەمێرانی، ئامادەبوانی سیمینارەکە گفتوگۆی بابەتەکەیان کرد و بەشی زۆری بەشداربوانی گفتوگۆکە پێیانوابوو کە خەڵکی فەلەستین حەقی مەشروعی خۆیەتی دەوڵەتیان هەبێت، بەڵام پێشیانوابوو ئەو کارەی حەماس کردی هەڵەبوو. دەربارەی کورد و شەڕەکە، بەشدارانی گفتوگۆکە پێیانوابوو راستە کوردیش هاوسۆزی مرۆیی هەیە بۆ قەتڵوعامی خەڵکی مەدەنی، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە نابێت کورد لەئاستی رەسمی خۆی لەو جەنگە تێوەگلێنێت.
هاوکات مەلا بەختیار سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، بەشداریی گفتوگۆی بابەتەکەی کردو سەرەتاش پانۆرامایەکی مێژویی جەنگی ئیسرائیل و عەرەبی باس کرد کە لە هەمومیاندا عەرەب شکستیان خواردوە.
هاوکات لەبارەی کێشەی فەلەستین و کورد، ناوبراو باسی لەوە کرد، بە درێژایی مێژوو کورد هاوسۆزی فەلەستینیەکان بوەو فەلەستینیەکانیش زۆر چاکەیان لەگەڵ کورد و  شۆڕشی کوردستان کردوە، بۆیە ئێستاش پێویستە کورد دژی ئەو قەتڵوعامە بێت کە بەرامبەر خەڵکی مەدەنی غەزە دەکرێت. وەکو خۆشم لەگەڵ دروستبونی تەواوی دەوڵەتی فەلەستینم کە پایتەختەکەی قودسی رۆژهەڵات بێت، بەڵام بڕیاردان لەو شەڕە کە حەماس دەستیپێکرد، ئەوە بەرپرسیارێتیە. وتیشی: لە ئێستادا هیچ سوپایەکی وڵاتانی عەرەبی ئامادەنیە شەڕی ئیسرائیل بکات..