پارت و رێکخستنە ئیسلامیەکان

کوردستان 30/09/2023

مامۆستا میران: کۆمەڵگەی کوردی بیری ئیخوانی و سەلەفی رەتدەکاتەوە
مەلا بەختیار: رەوتی چەپی دیموکرات و دادپەروەر لەبەهێزبوندایە

 

ئەمڕۆ 29/9/2023  لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی ( پارت و رێکخستنە ئیسلامیەکان.. کاریگەریان لەسەر دۆخی سیاسیی کوردستان) بۆ د. میران حسێن بەڕێوەچوو..
ناوبراو لە باسەکەیدا ئاماژەی بە مێژوی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی حزبە ئیسلامیە رەسمیەکانی هەرێمی کوردستان کرد و هۆکارەکانی سەرهەڵدان و بەربەستەکانی بەردەم گەشەسەندنیانی خستەڕوو.
مامۆستا میران پێیوابوو، کۆمەڵگەی کوردی بیری ئیخوانی و سەلەفی رەتدەکاتەوە، چونکە ئەم رەوتانە لەناو کۆمەڵی کوردیدا بە هاوردە و نامۆ هەژمار دەکرێن هەر بۆیە حزبە ئیسلامیەکانی کوردستان لە تەواوی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ناتوانن 10% بۆ 15% تێپەڕێنن.
مامۆستا میران زیاتر بەربەستەکانی بەردەم زۆر گەشەکردنی حزبە ئیسلامیەکانی بۆ سێ هۆکاری سەرەکی گەڕاندەوە، کە ئەوانیش یەکەم بەهێزبونی مەسەلەی نەتەوەیی، دوەم بونی بیر و ئایدیۆلۆژیای چەپ و کرانەوە، سێیەم بونی بابەتی ریفۆرمخوازیی لەناو پرۆسەی سیاسیدا. وتیشی: جگە لەمانە بابەتی تێوەگلانی گەندەڵی و بونی کێشەی جیاکردنەوە بانگخوازی و سیاسی هۆکارگەلی دیکەن بۆ لاوازبونی حزبە ئیسلامیەکان.
دوای تەواوبونی قسەکانی مامۆستا میران، بەشیک لە ئامادەبوانی سیمینارەکە، گفتوگۆی بابەتەکەیان کرد و بەشی زۆریان پێیانوابوو، راستە لەڕوی سیاسی و هەڵبژاردنەوە حزبە سیاسیە ئیسلامیەکان زۆر گەشەیان نەکردوە، بەڵام توانیویانە لەڕوی کولتوری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی کاریگەریی زۆر بکەنە سەر کۆمەڵ و تاکی کوردی، لەم روەشەوە چەندین ناوەندی گرنگی پەروەردەیی و کولتوری و کۆمەڵایەتیان گرتۆتە دەست و کاریگەری خۆیانیان لەسەر داناوە.

هاوکات مەلا بەختیار وەک ئامادەبویەکی سیمینارەکە بۆچونەکانی خۆی لەسەر بابەتەکە خستەڕوو. ناوبراو لەڕوی مێژوییەوە باسی لەوەکرد کە رەوتی ئیخوانیزم لە کوردستان لە مێژوی دروستبونیدا نەیتوانی باڵادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان تێپەڕێنێت، کاتێکیش یەکێتی دروستدەبێت کە بە داینەمۆی هێزی کۆمەڵە دروستدەبێت، کۆمەڵەش حزبێکی چەپ بوو، ئەمیش توانی لە ماوەیەکی کەمدا کاریگەریی زیاتریان لە ئیخوانەکان هەبێت. لە مێژوی تازەشدا نەوەی نوێ کە دروستدەبێت، کە دژایەتی گەندەڵی کردوە بە میکانزیمی بەهێزبونی، ئەمانیش لە دوایین هەڵبژاردندا توانایان لە ئیسلامیەکان زیاتر بهێنن، مەبەستەکەم ئەوەیە لە مێژودا و لە ئێستاشدا کۆمەڵی کوردی بابەتی دونیایی وەکو خۆشگوزەرانی و دژایەتی گەندەڵی و مەسەلەی نەتەوەیی و ئەو بابەتانە بەلاوە زۆر گرنگە. وتیشی: بەهێزبونی ئیسلامیەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵە و کەمتەرخەمیەکانی پارتی و یەکێتی، چونکە پارتی و یەکێتی ئاستی تیۆری و پەروەردەییان فەرامۆش کردوە کە باجەکەی دەدەن.
 سەبارەت بە رەوتی چەپ، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەکرد لە دونیادا رەوتی چەپ لە بەهێزبوندایە، بەڵام نەک چەپی مارکسی یان لینینی، بەڵکو چەپێک کە خەبات بۆ دیموکراسی و دادگەریی و ئازادی و یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەکات.