لە باکوری کوردستان بارانی بەلێزمە دەبارێت

کوردستان 16/09/2023


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، هۆشداری بارینی بارانی بەلێزمە و دروستبوونی لافاو لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان دەدات. 

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا پێشبینییەکانی کەشوهەوای سبەی یەکشەممە، 17ی ئەیلوولی 2023ی لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هۆشداری لەبارەی بارینی لێزمەباران و دروستبوونی لافاو لە پارێزگاکانی ئەردەخان، ئەرزینجان، ئەرزەڕۆم، ئاگری و ئیدیر لە باکووری کوردستان دەدرێت. 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا پێشبینی ئەوەش دەکات، پلەی گەرما لەو ناوچانە دابەزێت و ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەری بەفربارین لە بەرزاییەکانی پارێزگاکانی ئاگری و قەرس هەیە. 

هاوکات، سه‌رۆكایه‌تیی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، داوای لە هاونیشتمانیانی ئەو چەند پارێزگایە کردووە هۆشیار بن و لە ئەگەری دروستبوونی کێشە بۆیان پەیوەندییان پێوە بکەن. 

بەشێکی باکووری کوردستان لە زستاندا زۆر ساردە و لە هاوینیشدا کەشێکی مامناوەندی هەیە؛ رۆژی چوارشەممە، 13-9-2023 بەفر لە بەرزاییەکانی پارێزگای ئاگری باری.