میلیشیا لەهەناوی تورکیا- مەهەپە بە نمونە
د. ماجید: مەهەپەییەکان پێیانوایە باشترین چارەسەر بۆ
کێشەی کورد کوشتنیەتی
هاوسەرگیریی پیرۆز لەنێوان مەهەپە و ئاک پارتیدا هەیە
ئەمڕۆ 9\9\2023 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، سیمینارێک بەناونیشانی (میلیشیا لەهەناوی تورکیا- مەهەپە بە نمونە) بۆ د. ماجید خەلیل بەڕێوەچوو..
سەرەتا د. ماجید باسی لە
مێژوی دروستبونی مەهەپە و ئایدیۆلۆژیای تۆرانی و گورگە بۆرەکان کرد و گەڕاندیەوە بۆ
سەردەمی روخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە لەوکاتەوە ئایدۆلۆژیای ئەوان خەون بینینە
بە دروستکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقیا، تەنانەتە
سێ هیلال لەناو ئاڵاکەیاندا هەیە کە بە مانا هەر سێ کیشوەرەکە دێت. ئەوان خەون بەو
کاتەوە دەبینین کە دەسەڵاتیان تا فەرەنسا گەیشتبوو.
ناوبراو باسی لەوەشکرد، کە
مەهەپەیی و گورگە بۆرەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە دەسەڵاتخوزیەکانیان هەموو کارێکی
خراپ ئەنجام دەدەن، ئەوان خۆیان بە دوژمنی کورد و ئەرمەن دەزانن، کۆمەڵکوژی زۆری
ئەو دوو نەتەوەیەشیان کردوە. وتیشی: تەنانەت لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو،
دەستیان برد بۆ لەکەدارکردنی کەسایەتیە سیاسی و روناکبیری و چالاکە کوردەکانی
باکوری کوردستان بەوەی کە ژن یان کچ یان خوشکێکی کەسایەتیەکەیان دەفڕاند و هەڕەشەیان
دەکرد ئەگەر واز لە کارەکانی نەهێنێت ئەوا دەستدرێژی سێکسی دەکەن سەر رفێنراوەکە...
د، ماجید رایگەیاند: کە مەهەپەیی
و گورگە بۆرەکان هەموو جۆرە دانوستانێک لەگەڵ کورد رەتدەکەنەوەو پێیانوایە باشترین
چارەسەر بۆ کێشەی کورد، کوشتنی کوردە. وتیشی: مەهەپەیی و گورگە بۆرەکان بە سەدان
هەزار ئەندامیان هەیە و پەلیان هاویشتوە بۆ ناوچە و وڵاتانی درەوەی تورکیا، ئێشتا
لە سوریا و باشوری کوردستان بە تایبەتی لە کەرکوک بونیان هەیە.
ناوبراو باسی لەوەکرد کە ئایدیۆلۆژیای مەهەپەییەکان بەهێزە لە تورکیا، لەلایەن هەموو حکومەتەکانی تورکیاوە پشتیوانیان لێ کراوە، ئەوەتا
ئێستا هاوپەیمانیش لە نێوان مەهەپە و ئاک پاریدا بونی هەیەو ئەمەش مەترسی بۆ سەر
دیموکراسی لە تورکیا دروستکردوە.
دوای تەواوبونی قسەکانی د. ماجید، ئامادەبوانی سیمینارەکە سەرنج و
پرسیارەکانیان خستەڕوو. یەکێک لە بەشداربوەکان ئاماژەی بەوەکرد کە ئێستا جگە لە
میلیشیاکانی مەهەپە، ئاک پارتیش دەستی بە دروستکردنی میلیشیا کردوە بە ناوی
کۆمپانیای ئەمنی و سەربازی (کۆمپانیای سادات) کە وەکو بەدیلی سوپای تورکیا و
هاوشێوەی هێزی فاگنەرن بە مۆدێلە تورکەیەکەی. وتیشی: کۆمپانیای سادات لە کەرکوک
بونیان هەیە وەکو فاگنەری تورکی. هاوکات بەشێکی تری بەشداربوەکان پێیانوابوو، مەهەپە خاوەن ئایدۆلۆژیای کۆنەخوازی ناسیۆنالیستی پێویستی بە ختوکەدانی ئایدۆلۆژیای
ئیسلامی هەیە و ئاک پارتیش پێوستی بە ختوکەدانی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی هەیە،
بۆیە هاوسەرگیریەکی پیرۆز لەنێوان ئەم دوو ئایدۆلۆژیایەدا دروستبوە.