زۆربەی رەخنەکان روو لە بریتانیا بوو

کوردستان 27/05/2023


لە شەڕی دەربەندی بازیاندا، ئینگلیز کیمیایی دژی کورد بەکارهێناوە
سیاسەتی نەگۆڕی بنەماڵەی شاهانەی بریتانیا ئەوەیە کورد دەوڵەتی نەبێت

ئەمڕۆ 27\5\2023 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لەتۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (سەرەتای پەیوەندی ئینگلیز و کورد لە بەڵگەنامەکانی بەریتانیا) بۆ د. رەنجدەر محەمەد عەزیز بەڕێوەچوو...
ناوبراو لە سەرەتای باسەکەیدا، بە وردی باسی لە هاتن و داگیرکردنی میزۆپۆتامیای نزم کرد کە عێراقی ئێستا دەکات لەلایەن دەوڵەتی بریتانیاوە ، کە سەرەتا ویستویەتی ئاسایشی کەنداو بپارێزێت بۆ بازرگانی، سەرئەنجام ویلایەتی بەسڕە و پاشان ویلایەتی بەغداد و دواتریش بۆتە خاوەنی ویلایەتی موسڵ.
د. رەنجدەر ئاماژەی بەوەکرد کە بەڵگەنامەکانی خۆیان دەیسەلمێنن، کە بریتانیا لە چوارچێوەی ویلایەتی موسڵ سەیری کوردی کردوەو بە سەربەخۆیی مامەڵەی لەگەڵ پرسی کوردا نەکردوە.
وتیشی: یەکەم وێستگەی پەیوەندیی نێوان و کوردی باشور و بریتانیا لە خانەقینەوە دەست پێدەکات لە ساڵی 1917، دواتر کاتێک ئینگلیزەکان 1918 کەرکوک دەگرن بە هاوکاریی هۆزە کوردەکان،  کە کەرکوک ئەگیرێ شێخ مەحمود نامە بۆ ئینگلیز دەنێرێت و دەڵێت وەرن رزگارمان بکەن لە دەستی تورکەکان، ئیتر لەوێوە پەیوەندی کوردی باشور و ئینگلیز دەبێتە رەسمی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد لەناو ئینگلیزدا مێجەر نوئێل باوەڕی بە کێشەی کورد هەبوەو هەوڵی ئەوەی داوە کورد بکرێتە خاوەنی دەوڵەتی کوردی بە سەرۆکایەتی شێخ مەحمود،  بەڵام ئینگلیز پیشنیازەکانی مێجەر نوئێلی رەتکردۆتەوەو، لە بەرنامە و ستراتیژیدا نەبوە، بەڵکو ئینگلیز ویستویەتی هەرچۆنێک بوە نەوتی ناوچەکە مسۆگەر بکات، بۆ ئەم مەبەستەش هەندێ جار بۆ پاراستنی ئاسایشی باشوری کوردستان و دورکەوتنەوەی کورد لە تورک، هەڵوێستی تاکتیکی بۆ خۆبەڕێوەبەری کورد هەبوە، بەڵام دروستبونی کیانێک بۆ کورد نەبۆتە ستراتیژی.
بابتەکە گفتوگۆیەکی گەرم و فروانی لێکەوتەوە، ئامادەبوانی سیمینارەکە تێبینی و سەرنجەکانی خۆیان خستەڕوو، زۆربەی ئەوانەی باشداریی گفتوگۆکەیان کرد، پاڵپشتی ئەو بۆچونەیان دەکرد کە لە بنەمادا بریتانیا وەکو ئەوەی بۆ عەرەب کردی، نەیویستوە شتێکی چارەنوسی بۆ کورد بکات، بەڵکو ویستویەتی کورد لەناو دوڵەتێکی عەرەبیدا بهێڵێتەوە کە عێراقە. لە بەرامبەردا هەندێ بۆچونیش هەبون پێیاوابوو هەڵەی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ کورد خۆی، لە ناویشیاندا شێخ مەحمود، کە گوایە بەهۆکاری ئاینی پاڵپشتی لە تورک کردوە دژی بریتانیا، کە سەرئەنجام ئەمەش وایکردوە بریتانیا هێرش بکاتە سەر سلیمانی و شێخ مەحمود بە دیل بگرێت. لە بەرامبەر ئەم بۆچونەدا شارەزایەکی وەکو د. عەبدولرەقیب یوسف، بە بەڵگەوە هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە ئاراستەی شێخ مەحمود کراون، بەڵکو پییوابوو بریتانیا خۆی نەویویستوە هیچ بۆ کورد بکات، دەنا ئەگەر راستی بکردایە با دەوڵەتێکی بۆ کورد دروست بکردایەو یەکێک لە نۆکەرەکانی خۆشی بکردایە بە سەرۆک، ئەگەر بابەتەکە شێخ مەحمود بوە. وتیشی: بریتانیا لە شەڕی دەربەندی بازیاندا بە چەکی کیمیایی لە کوردی داوە.
هاوکات بەشداربوانی دیکەش ئۆباڵی نەبونی کیانێکی کوردی لەو سەردەمەدا خستە ئەستۆی بریتانیا و پێیانوابوو: سیاسەتی نەگۆڕی بنەماڵەی شاهانەی بریتانیا ئەوەیە کورد دەوڵەتی نەبێت.