راپۆرتێكی بەراوردكاریی لەنێوان پێنج خولی پەرلەمانی كوردستاندا بڵاودەكرێتەوە

کوردستان 18/05/2023

رێكخراوێكی كۆمەڵی مەدەنی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری رێكخراوێكی نێودەوڵەتی ئەمریكی راپۆرتێكی بەراوردكاریی لەنێوان پێنج خولی پەرلەمانی كوردستان لەنێوان ساڵانی (1992-2023) بڵاودەكاتەوە.
وابڕیارە رۆژی هەینی 19/5/2023 كاتژمێر (10) بەیانی لە هۆڵی هۆتێل رامادا لە شاری سلێمانی، لە (31)ەمین ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان بەهاوكاری سندوقی پاڵپشتی دیموكراسی (NED)ی ئەمەریكی، لە چوارچێوەی پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، مەراسیمی بڵاوكردنەوەی ناوەرۆكی راپۆرتی ژمارە (13)، كە تایبەتە بە كاری پەرلەمانی لە كوردستاندا لە ساڵانی (1992-2023) بڵاوبكاتەوە، كە راپۆرتەكە بەراوردی نێوان هەر پێنج خولی پەرلەمان و سەرۆكایەتییەكانیان بۆ كراوە لە سەرجەم لایەنەكاندا و خاڵە لاواز و بەهێزەكانی هەریەكەیان.
چاودێر زانیویەتی راپۆرتەكە زیاتر لە (80) لاپەڕەیە و بەناونیشانی (پەرلەمانی كوردستان لە كوێوە بۆ كوێ؟)، چەندین داتاو زانیاری ورد و (31) خشتەی تێدایە، بە وردی  باس لە دەستپێكی پەرلەمان لە كوردستان كراوە كە چۆن لیژنەیەكی ئامادەكاری بۆ پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێكهێنراوە تاكو رۆژی 19/5/2023، كە تایبەتی بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان.
لە راپۆرتەكەدا بە وردی، بەراوردی ژمارەی دەنگدەران و رێژەی بەشداریی هاووڵاتیان كراوە لە هەر لە پێنج هەڵبژاردنەكەدا و بەراوردی هەر پێنج خولەكە كراوە لە ژمارەی دانیشن و دەركردنی یاسا و چەندین كاری دیكەی تایبەت بە پەرلەمان، لە كۆتایشدا رێكخراوەكە بە چەند ئەنجامێك گەیشتووە و چەندین پێشنیازیشی خستۆتە روو.