بەڵگەنامە نهێنییەکانی پێنتاگۆن؛

جیهان 25/04/2023

"پلانی ئۆکراینا بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا بەهاوکاری هێزە کوردییەکان"

ئیڤان هێڵ
ئەلێکس هۆرتن
وەرگێڕان: سۆران جەلیل

بەپێی بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراوی هەواڵگریی ئەمریکا، دەزگای هەواڵگریی سەربازی ئۆکراینا پلانی بۆ هێرشی نهێنی بۆ سەر هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا بە بەکارهێنانی هێزە کوردییەکان داڕشتووە.

کردنەوەی بەرەیەکی نوێ - کە هەزاران کیلۆمەتر لە شەڕی ئۆکراینا دوورە - پێدەچێت تێچوو و زیانی گیانی بەسەر ڕووسیا و میلیشیای ڤاگنەر لە سووریا بسەپێنێت و ڕەنگە گوشار لەسەر مۆسکۆ دروست بکات.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکراینا لە مانگی دیسەمبەردا فەرمانی ڕاگرتنی پلانەکە دەکات، بەڵام بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان، بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان لە ٢٣ی جەنیوەری، بەوردی باس لەوە دەکات کە چۆن پلانەکان بەرەوپێش چوون و چۆن هێرشێکی لەو جۆرە دەتوانێت بەردەوام بێت ئەگەر ئۆکراینا پێویستی پێی بێت.

واشنتۆن پۆست بەڵگەنامەکەی لە کۆمەڵێک سەرچاوەی هەواڵگری وەرگرتووە کە گوایە لە لایەن جاک تەشێرا[١]، ئەندامی پاسەوانی نیشتمانیی ئاسمانی ماساچووست دزەیان پێ کراوە. وەزارەتی بەرگری ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە بدات.

ئەم بەڵگەنامانە بەلانیکەمەوە ٥٠ بەڵگەنامە و ئەگەری هەیە تا ١٠٠ بەڵگەنامەی نهێنی بن و بۆ یەکەمجار لە تۆڕی کۆمەڵایەتی دیسکۆرد بڵاو کراونەتەوە کە لای ئارەزومەندانی یارییە کۆمپیوتەرییەکان زۆر بەناوبانگە، ئەم بەڵگەنامانە کۆمەڵێک ڕاپۆرتی سەربازی، شیکاری و زانیاری لەبارەی شەڕی ئۆکراینا، هەندێک وڵاتی تر و هاوپەیمانەکانی ئەمریکای تێدایە.

ئارۆن لوند، ئەندام لە ناوەندیی تووێژینەوەی (Century International)، گوتی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا "ڕەنگە ئاستی هەڕەشەکان تا ئەو ڕادەیە بەرز بکاتەوە کە ڕووسەکان پێویستیان بە هێزی زیاتر هەبێت لە سووریا"، ئەمەش دەتوانێت یارمەتی بەرەکانی جەنگ لە ئۆکراینا بدات.

جەنەڕاڵ کیریلۆ بودانۆڤ، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی سەرەکی هەواڵگریی ئۆکراینا، ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە بدات.

بەپێی بەڵگەکان، ئەفسەرانی ئۆکراینا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)[٢]یان بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی ڕووسیا و "چالاکی (کردەوەی ڕاستەوخۆ)ی دیارینەکراو لەوانە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" لەبەرچاو گرتبوو.

لە بەڵگەنامە هەواڵگرییەکەی ئەمریکادا هاتووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە بەشێوەیەکی سەرەکی لەدەستی هێزە کوردییەکانی سووریادایە، داوایان لە ئۆکراینا کردووە مەشق بە هێزەکانیان بکات، سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان بۆ دابین بکات و گەرەنتی ئەوە بکەن کە ڕۆڵی هێزە کوردییەکان لە پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنی ئۆکراینا بەنهێنی دەهێڵرێتەوە. هەروەها لەم بەڵگەنامەیەدا هاتووە کە سەرکردایەتی هێزەکانی هەسەدە هێرش بۆ سەر پێگەکانی ڕووسیا لە ناوچە کوردنشینەکان وەک هێڵی سووری ئەم گرووپە دیاری کردووە.

فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات گوتی: "ئەو بەڵگەنامانەی کە ئێوە باسی دەکەن سەبارەت بە هێزەکانمان ڕاستەقینە نین؛ هێزەکانمان هەرگیز لایەنێک نەبوون لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا."

بەڵگەنامەکە ئاماژە بەوە دەکات تورکیا ئاگاداری ئەم پلانە بووە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرپرسانی تورکیا "هەوڵیان داوە خۆیان بەدوور بگرن" و پێشنیازیان کردووە ئۆکراینا هێرشەکانی لە ناوچە کوردنشینەکان بکات، لەبری ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوا کە لەژێر دەستی گرووپە چەکدارەکانی دیکەدان و هەندێکیان لە لایەن تورکیاوە پشتگیریان لێ دەکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و باڵیۆزخانەی تورکیا لە ئەمریکا ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەم باریەوە بدەن.

بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا کە پێشتر لە سووریا بووە و بە هۆی هەستیاری بابەتەکە ئامادە نەبوو ناوی بهێنرێت، گوتی: "مۆسکۆ شوێنی بنکەکانی هەسەدە دەزانێت و ڕووبەڕووی کێشەی گەورە نابێتەوە لە لێدانیان، چونکە زۆرجار هێزەکانی هەسەدە لە نزیک بنکە سەربازییەکانی ڕووسیاوە جموجۆڵ دەکەن."

ئارۆن لوند دەڵێت پلانەکانی ئۆکراینا نوێنەرایەتی "پڕۆژەیەکی مەترسیدار دەکەن بۆ هەسەدە"، کە پێویستی بە پاراستنی پێوەندییەکی باشی کارکردن لەگەڵ ڕووسیا هەیە. لوند کە هەروەها وەک شرۆڤەکارێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەزگای لێکۆڵینەوەی بەرگری سوید کار دەکات، گوتی: "ڕازیبوونی هێزەکانی هەسەدە بە شتێکی لەم شێوەیە - وا دیارە قومارێکی ڕاستەقینە بێت."

بەپێی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکە، لە مانگی نۆڤەمبەردا، ئەفسەرانی هەواڵگریی سەربازی ئۆکراینا کێشەکانیان دەستنیشان کردووە، لەوانە؛ "پرسەکانی پێوەست بە کۆنتڕۆڵکردنی سنووری ناوچە کوردییەکان و دروستکردنی بنکەی ئۆپەراسیۆنەکان." تا ٢٩ی دیسەمبەر، پێدەچێت ئەفسەرەکان بۆیان دەرکەوتبێت کە زێلێنسکی پلانەکەی ڕاگرتووە. ڕوون نییە بۆچی زێلێنسکی ڕێنمایی دەزگای (HUR)ی کردووە ئۆپەراسیۆنەکان ڕابگرێت، بەڵام بەڵگەنامەکە هەڵسەنگاندنی بۆ ئەوە کردووە کە ڕەنگە بە هۆکاری جۆراوجۆر ئەو کارەی کردبێت: فشاری ئەمریکا، دابینکردنی سنوورداری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لایەن ئۆکراینا یان گومانی ئەوەی کە ئایا هێرشەکان دەتوانن سەرکەوتوو بن یان نا.

لەگەڵ بەڵگەکاندا هێڵکارییەکی تەواوی هێرشەکان ڕوون کراوەتەوە، هەموو ئەو بنکە، فڕۆکەخانانە، بەندەر و کێڵگەکانی نەوت و گاز دەستنیشان کراوە، کە سوپای ڕووسیا و هێزەکانی ڤاگنەری لێیە. ئاماژە بە نەخشەی هێرشەکان کراوە، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی ڕووسیا یان تەنیا هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی ڤاگنەر بێت.

لوند گوتی لەو ناوچانەی هێڵی بەرگرییان بەهێز نییە، "نەیارێکی بەئیرادە کە کەمێک زانیاری تەکنیکی لەبەردەستدا بێت دەتوانێت هەندێ زیان بگەیەنێت."

هەڵسەنگاندنە دزەپێکراوەکە ددان بەوەدا دەنێت کە هێرشی لەم شێوەیە دەتوانن ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سووریا "ئاڵۆز" بکەن، ئەگەر ڕووسیا "بە شێوەیەکی شەڕانگێزتر" چاودێری ئاسمانی سووریا بکات یان چەکی بەرگری ئاسمانی بجووڵێنێت.

باس لە ڕووداوێک دەکات کە پێشتر ئاشکرا نەکراوە، لە ٢٧ی نۆڤەمبەر کە تێیدا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی (SA-22)ی ڕووسی کە بنکەکەی لە ڕۆژهەڵاتی سووریایە، تەقەی لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی (MQ-9) کردووە، بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکایی ڕایگەیاندووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بە هۆی مووشەکەوە نەکەوتووە.


-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتەئیڤان هێڵ و ئەلێکس هۆرتن ئامادەیان کردووە و بە ناونیشانی (Ukraine planned attacks on Russian forces in Syria, leaked document shows)،٢٠ی ئەپریلی ٢٠٢٣، لە سایتی واشنتۆن پۆست بڵاو کراوەتەوە.

•• ئیڤان هێڵ (Evan Hill)، پەیامنێری لێکۆڵینەوەیە لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست. پەیامنێرێکی سەرەکی بوو لە لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٩، خەڵاتی پولیتزەری بەدەست هێنا و سەلماندی ڕووسیا چەندان جار نەخۆشخانەکانی لە سووریای ژێر دەستی یاخیبووان بۆردمان کردووە، کە ئەگەری هەیە تاوانی جەنگ بێت. پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ پێوەندی بە ڕۆژنامەی تایمزەوە بکات، تووێژەر بووە لە ڕێکخراوی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ لە بەیرووت، لێکۆڵینەوەی لە ئەشکەنجە و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و کوشتنی دەرەوەی دادگا و پێشێلکارییەکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. زمانی عەرەبیش دەزانێت.

••• ئەلێکس هۆرتن (Alex Horton)، پەیامنێری ئاسایشی نیشتمانییە لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست و زیاتر کار لەسەر سوپای ئەمریکا دەکات. لە عێراق وەک سەربازی پیادەی سوپای ئەمریکا خزمەتی کردووە. خەڵاتی پولیتزەری ساڵی ٢٠٢٢ بەدەست هێناوە.

[١] جاک تەشێرا (Jack Teixeira)، فڕۆکەوانێکی ئەمریکایی تەمەن ٢١ ساڵە و لە یەکەی ١٠٢ی هەواڵگری پاسەوانی نیشتمانیی ئاسمانی ماساچووستدا کار دەکات. لە ئەپریلی ٢٠٢٣، دوای لێکۆڵینەوەیەک لە بڵاوکردنەوەی سەدان بەڵگەنامەی نهێنی پێنتاگۆن، تەشێرا لە لایەن (FBI)یەوە دەستگیر کرا، بە هۆکاری ڕاگرتن و گواستنەوەی زانیارییەکانی بەرگری نیشتمانی بەبێ مۆڵەت، بە پێشێلکردنی یاسای سیخوڕی ساڵی ١٩١٧ و بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکان، تۆمەتبار کراوە.

[٢] ھێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە (SDF)، ھاوپەیمانییەکی چەکدارییە کە بەشدارن لە شەڕی ناوخۆی سووریا، لە ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥، لە شاری حەسەکە لە نێوان کورد، عەرەب و ئاشووری/سریانی، هەروەها هەندێ گرووپی تورکمان، ئەرمەنی و چەرکەسی پێک ھات، ئەم ھاوپەیمانیەتییە بە مەبەستی ڕێکخستن و یەکخستنی ئۆپەراسیۆن و شەڕ لە دژی داعش و ڕژێمی ئەسەد پێک هێنراوە. ژمارەیان نزیکەی ٦٠ هەزار سەربازە و مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی ئەم هێزانەیە.

ناونیشانی بابەتە بە زمانی ئینگلیزی:

Evan Hill & Alex Horton, ‘Ukraine planned attacks on Russian forces in Syria, leaked document shows’, Washington Post, 20 April 2023