لە ساڵڕۆژی ژیانئاواییی "هێمن" دا یادێك دەگێڕمەوە!

کوردستان 18/04/2023

 

هێمن.. لە ئەدەب‌و شیعری كوردیدا.. "دوندی قەندیل"‌و "گۆڕەپانی هەڵگورد"‌و مێژووی پڕاوپڕ لە ناسۆری دوورە وڵاتییە. وەكو خۆی لە شیعرێكدا دەفەرمووێ‌:
بە تۆ چارەی چلۆن دەكرێ‌ دەروونی پڕ لە ناسۆرم
خەساری بۆ دەكەی دكتۆری زانا مەرهەمێكی تر
هێمن، نەك هەر لە شیعردا، بەڵكو لە پەخشان نەخشاندن‌و زیاتر لەوەش لە پاراویی شێوەزاری موكریانیشدا، شۆڕەسوار بوو.
بەندە پێموایە، لەدوای خیانەتنامەی 6/ی جەزائیری 1975وە، ئەگەر دەستپێكردنەوەی شۆڕش‌و نوسەرانی باشوری كوردستان‌و شاعیرو وەرگێڕە هەرە بەتواناكانی رۆژهەڵاتی كوردستان نەبونایە، بەعسی فاشی، لەساڵی 1975 بۆ 1991، بەشی زۆری زمانی كوردی دەگەیاندە گیانەڵڵا..
كاممان، وەرگێڕانەكانی كەریمی حوسامی‌و، چیرۆكەكانی حەسەنی قزڵجی‌و، نوسینە نایابەكانی هەژاری موكریانی‌و سەعید ناكام‌و مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای حەسەن زادەمان لە ویژدانی نەتەوایەتیماندا، بیردەچێتەوە. لەگەڵ ئەواندا "هێمن"ی شاعیر نەك نوسەرێكی ئەدەبی‌و زمان پاراوێكی گەشە.. بەڵكو لە هەرە كاریگەرەكانیانە. بەتایبەتی لە شیعرو پەخشان‌و زمانی كوردی‌و، وشە نایاب‌و دەگمەن بەكارهێنەكانی.
لە زستانی 1978.. كاتێك "هێمن" لە ئاوارەییەوە گەڕایەوە. لەڕێی بزوتنەوەی سۆسیالیستەوەو بەمیوانداری "رەسول مامەند" بەڕێ‌ كرا. ئێوارە درەنگ مام جەلال منی نارد بەدوایدا، داوەتی كرد. مام، نەوشیروان مستەفا، سالار عەزیز، ملازم عومەر، بەندەو مامۆستا جەعفەر، لە پێشوازییا بوین. مام بێڕادە رێزی گرت. كاك نەوشیروان وەكو مامۆستایەكی گەورە لەگەڵیدا دەدوا.
یەكەمین جارمان بوو.. بیبینین. هەمومان خۆمان پێ‌ناساند. ناوبانگی هەمومانی بیستبوو. گوتی: كە دەستان كرد بە شۆڕش.. كەس چاوەڕێی ئەو جوامێرییەی لەو دەست‌وبردەدا نەدەكرد. بەڵام ئومێدێكی گەورەتان بەخشیەوە بە كورد. بە كاك نەوشیروانی گوت: كوردیەكەتم بەدڵە.
رووی كردە من‌و گوتی: بۆ شیهابەكەی تۆش بۆ سەر كێلەكەی دێڕێك شیعرم نوسیووەو لە شیعرێكی نالی ئیلهامەكەیم وەرگرتووە:
نالی لەكوێی كە ببینی پایتەختەكەی شارەزوور
ئەستێرەكانی رادەكێشێن وەك شیهابی نوور
مام لێی پرسی: مامۆستا هێمن، كێت لەگەڵە كە دەگەڕێیتەوە؟ گوتی: تەنها مەلا حەسەن، كە لەگەڵی دانیشتبوو.
مام ئەمری كرد.. شەش كڵاشینكۆف كۆبكەینەوەو بدرێتە شه ش لاوی رۆژهەڵات لەگەڵ هێمن بن. وامان كرد.
گوتیشی: بۆ كوردو هەمومان جوان نییە.. مامۆستا هێمن بەتاقی تەنها بگەڕێتەوە. بۆ سبەینێ‌ بیستمان.. هەزاران كەس لە سەردەشت‌و پاشان لە مەهاباد، پێشوازییان لێكردووە.
لە قسەكانیدا دیار بوو، گرفتیان لەناو "حیزب"دا هەبوو. ئەم پەیڕەو تودەیی بوو. كە رۆیشت، مام گوتی: ئەو كێشانە بۆ كوردایەتی سەرلەنوێ‌ سەرهەڵداو و راپەڕینی كوردستانی ئێران خراپ دەشكێتەوە.
كە گروهی (7) نەفەری لەناو "دیموكرات" دروستبوو، بەردەوام مام دەیفەرموو:
لە پەنجاكانەوە لەناو پارتیدا، ئەو كێشەیەمان لەگەڵ حیزبی شیوعی كۆتایی پێهێناوە. سەرەنجام، كێشەكە لەناو دیموكرات گەیشتە بنبەست.. د.قاسملۆو هاوڕێكانی راست بوون، كە دەرگایان لەسەر هەژموونی حیزبی تودە داخست. تودە پەیڕەوەكانیشیان دورخستەوە، بەڵام سەبارەت بە خودی هێمن، كە دەستبەسەر كرا، مام‌و یەكێتی پێمان ناخۆشبوو. چونكە، زۆر قورس بوو، هێمنی گەورە، لەسەر هەڵوێستی جیاواز دوای نیو سەدە دەربەدەری‌و چەرمەسەری، لەبەرچاو نەگیرێ‌‌و بگیرێ‌!!
مام جەلال.. خۆی‌و یەكێتیش، رووبەڕووی هەمان كێشە بونەوە.. ئەویش لەبەرامبەر فەلسەفەی نوێ‌‌و رەخنەی نوێ‌.
شێركۆ بێكەس.. هەر زوو، جڵەوی هەستی شاعیرانەی بەردا و كەوتە رەخنەگرتن. بەڵكو كەوتە ژێر كاریگەری هەندێك رەوتی فەلسەفیی كۆپیگەرا. لەناو نوسەران‌و روناكبیرانی یەكێتیدا، مقۆمقۆ لەسەر ئەو رەخنەو سیاسەتانە سەریهەڵدا. من لای مام جەلال بەرگریم لە شێركۆو ئەو نوسەرانە دەكرد. وەكوتر، كەوتمە ململانێی نوسین‌و ناكۆكی فكری لەگەڵیاندا. مام جەلال بەردەوام دەیووت: واز لە شێركۆ بهێنن، شاعیرێكی گەورەیە، نابێ‌ فشاری بخرێتە سەرو ئازادی بۆ دیاری بكرێ‌. تەنانەت لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەكان‌و كۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەسەر هەندێك دەقی رەخنەئامێزی شێركۆ، پێی دەگوتن:
شێركۆ یەكێكە لە شاعیرە گەورەكانی كوردستان‌و جیهان، دژایەتی نەكەن باشترە. لێیگەڕێن وەكو "مەولانا" ئازاد بێ‌ لە خەیاڵی شیعردا.
یادت بەخێر مام هێمن.. تۆ هەر دوندی قەندیل‌و گۆڕەپانی هەڵگوردی.. دەشبێ‌ سیاسیەكان لە چوار بەشی كورستاندا، شانازی بە خەبات‌و ئەدەب‌و كێلەكەت بكەن.