کۆمێنتێکی کورت، بۆ نائومێدییەکی گەورە!

کوردستان 18/04/2023


پاشا موستەفا
بۆ دووەمینجارە لەسەر دوو پرسی گرنگی نەتەوەیی، مەلا بەختیار، پێشنیاز و پرۆژەی جدی دەخاتەڕوو. لەبنەڕەتیشدا ئەمە ئەرکی سیاسەتمەدارو سەرکردەی خوێندەوارو دەربەستە بەرامبەر پرسە نەتەوەیی، نیشتمانی، کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان. بەڵام لەبەرامبەر ئەو دۆخە نەویستراوەی خوارووی کوردستان و بەهۆکاری ئەو هەموو گەندەڵی و تاڵانکارییەی دەکرێت، هێشتا مایەی خۆشحاڵییە، کە سەرکردەیەکی سیاسی ماوە لەکوردستان، بە روانگەیەکی قوڵ و ریشەیی لە بری پرۆژەی و پیلانسازی بۆ تاڵانکاریی و گەندەڵی، پرۆژەی بۆ نەتەوەسازیی و نیشتمانسازی هەبێت و لەم روانگەیەوە، دەستخۆشی بۆ کاک بەختیار.
پێشنیاز و پرۆژەی یەکەمی کاک بەختیار، دوو ساڵێک بەر لەئێستا سەبارەت بەدروستکردنی ئەنجومەنێکی نیشتمانی و نەتەوەیی لەخوارووی کوردستان و پرۆژەی دووەمیشی بۆ سازدانی کۆنگرەیەکی نیشتمانیی سەبارەت بە پرسی ئەنفال، ئەمڕۆ ٣/١٥ خستویەتییەڕوو.. (خوێنەری ئازیزیش دەتوانێ بۆ هەردوو پرۆژەکە بگەڕێتەوە بۆ پەیجەکەی بەڕێزیان).
لەبنەڕەتدا ئەو دوو پرۆژە پێشنیازە، پرۆژەی جدی و قوڵن و ریشەی سیاسی و فکریان هەیە و ئەوەندەی زانیاریشم هەیە، بۆ پرۆژەی یەکەم، بەڕێزیان لەگەڵ تەواوی سەرکردەو سیاسییە دیارەکانی حزبەکانی خوارووی کوردستان کۆبونەوەی کردووە و قبوڵ کراویش بووە، بەڵام مایەی دڵتەنگییە کە ساڵانێکە تائێستا بەکردەوە هەنگاوی جدی بۆ ئەو پرۆژەیە هەڵنەگیراوە و ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە هێشتا دەسەڵاتی سەرۆکایەتی، پەرلەمانی و حکومی، لەدروشمبازی بەولاوە، کە درێژکراوەی سیاسەتی حزبەکانیانە، هیچ کردەوەیەکی جدییان سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان هەڵنەگرتووەو لە ساڵیادی ئەنفالدا نەبێت، ئەنفالیان بیر نییە، چ جای بەرامبەر ستراتیژێکی قوڵ و پلانسازی ئاییندەیی وەک ئەم پرۆژەیە..
لە حاڵێکدا سیاسەتمەدار و سەرکردەی سیاسی و دەربەست، بۆ بەرژەوەندییەکانی نیشتمانیی و نەتەوەیی خۆی، تەنانەت سود لەستراتیج و تێڕوانینی دوژمنەکانیشی وەردەگرێت. وەلێ بەداخەوە سەرکردەو سیاسییەکانی خوارووی کوردستان، پارتی و یەکێتی، تەواو پێچەوانەی ئەم دیدگایە، ناتوانن کەڵک لەئایدیا و پلان و تێما جیاوازەکانی دۆستەکانیان، هاوڕێ و هەڤاڵەکانی خۆشیان وەربگرن، چ جای نەیار و دوژمنەکانیان. چونکە کارێکی وەها، ئەقڵی گەرەکە و  ئێمەش ناهەقی دەکەین، داوای بزاوتێکی ئەقلانی، لە نەخوێندەواران بکەین. بەتایبەتی یەکێتی نوێ، چونکە بەکۆنگرەی چواردا، کە نەخوێندەوار سازیدا، دیارە. ئەگەرنا خوێندەوار بەهای سەرکردەی خوێندەوارو خاوەن مێژووی خۆی باش دەزانی و خوێندەوارترین کاراکتەری سیاسی و هێزێکی گەورەی ئەزمون دیدەو بیرکەرەوەی حزبەکەی، کەنارگیر نەدەکرد.
هەربۆیە باوەڕم نییە و بەداخم کە دەبێ بڵێم ئەم پرۆژە نوێیەش، هەروەک پرۆژەکەی یەکەمی بەڕێزیان، ناگاتە ئەنجام. چونکە یەکێتی نوێ کە وەفایان بۆ خودی خۆی نەبووبێ، ئیتر بە چ لۆژیکێک پرۆژەیەکی گەورەی ئەقلانی و نەتەوەیی وەها لە ئەستۆ دەگرن و ئەم رەخنەیەش زۆرتر رووبەڕوی بافڵ تاڵەبانی دەبێتەوە، بەوەی نە لەڕووی سیاسییەوە، نە لەڕووی ئادابی کۆمەڵایەتیەوە نەیتوانی مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ ئەم سیاسییە بە ئەزمونەی حزبەکەیدا بکات. ئەوەی ئەم باوەڕەی ئێمەش دەسەلمێنێ، رۆشنە کە دۆخی ئێستای یەکێتی نوێیە، کە لەدوای کۆنگرەوە، بەدەست ئەم سەرکردایەتییە تەعینکراوەوە تا چ رادەیەک روو لەنشێوییە.
لەکۆتایی ئەم کۆمێنتە کورتەشدا، سەرەڕای ئەوەی کە ئەشێ رەخنەی قوڵمان لەکاک بەختیار هەبێ بەتایبەتی لەسەر پرسی چەپ و سەرەنجامی دۆخی ئێستای کوردستان، ئەمەش بێگومان بە پێدراوی خەباتی رابردووی خودی ئەم سەرکردە سیاسییە چەپ-ە خۆی، هەر لەکۆمەڵەوە بۆ ئاڵای شۆڕش، پاشان بەراورکردنی یەکێتی رابردوو بەم یەکێتییە نوێیە و ئەو دۆخەی تێیدایە، هەربۆیە پرسیاری جدی ئەوەیە، ئایا سەرکردەیەکی  چەپ و میراتگری کۆمەڵە، کە لەرووی پرەنسیپ و کاری حزبیشەوە، یەکێکە لە بزێوترین سەرکردەکانی کوردستان و خاوەن مێژوویەکی قوڵە، تاکەی بێ جوڵە دەمێنێتەوە؟ ئەمەش وادەکات بڵێم بەڕێزیان لەبەردەم ریسکێکی گەورەو چارەنوسسازدایە و دەبێ بڕیاڕی لێبدات. چونکە قۆناغی رابردوو، وەک خەبات و قوربانیدانی سیاسی و شۆڕش، بونەتە مێژو و کۆتاییان پێهاتووە! ئاییندەش لەتونێلێکی داخراو و تاریکدایە و بەو سەرکردایەتییەی ئێستای یەکێتی نوێ “گۆدۆ” بەم حاڵەوە نایات و هەرگیز ناگاتەجێ!
*لەچاوەڕوانی گۆدۆدا، دەقێکی شانۆیی، نوسەر سامۆیل بیکێت-ە و لەساڵی ١٩٤٩دا نوسراوە و یەکێکە لەدەقە هەرە بەناوبانگەکانی سەدەی بیستەم.