لە سعودیە داوای دامەزراندنی مەزهەبێكی نوێ‌ دەكرێت

جیهان 11/04/2023

ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی باڵای زانایانی ئیسلامی لە سعودیە وەڵامی ئەو بانگەوازە دەدەنەوە كە لەلایەن ساڵح مەغامسی بانگخوازی ناسراوی سعودیە سەبارەت بە دامەزراندنی فیقهێكی نوێی ئیسلامی خرابووەڕوو.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ دوو شەممە لەلایەن ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی باڵای زانایانی ئیسلامی لە سعودیەبڵاوكرایەوە: “فیقهی ئیسلامی، بە مەزهەبە فیقهیە دانپێدانراوەكانی، و مەزهەبە جۆراوجۆرەكانی، وەڵامی هەموو داخوازییەكانی ژیانی هاوچەرخ دەداتەوە، هەروەها پێداویستییەكانی بە شەریعەتی ئیسلامیدا ئاشنا دەكات، ئەمەش لەلایەن دەزگا زانستییەكان و ئەنجوومەنە فیقهییەكانەوە بە بەڵگەوە دەسەلمێنرێن كە ئیجتیهادی بەكۆمەڵ دەكەن”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”یەكێك لە نیعمەتەكانی خودا بۆ موسڵمانان – لەم كاتەدا – ئاسانكارییە بۆ ئیجتیهادی بەكۆمەڵ لەڕێگەی ئەو دەزگا و كۆمەڵانەی كارلێكی ئەرێنی لەگەڵ پێداویستییەكانی كۆمەڵگە و پێشهاتە مەعریفی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانیدا دەكەن، بڕیارەكانیش كە لەلایەن ئەم دامەزراوانەوە دەردەچن لە بوارە جیاجیاكان، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لەسەر ئەوە”.
ئەنجومەنی باڵای زانایانی سعودیە، دەستەیەكی ئایینی ئیسلامیی حكومییە و لە ساڵی 1971ی زایینی دامەزراوە، ئەنجومەنەكە لیژنەیەكی سنووردار لە زانایانی ئایینی دەركەوتووی سەر بە قوتابخانە فیقهییە جیاجیاكان لەخۆدەگرێت، دەسەڵاتی دەركردنی فەتوا و دەربڕینی بیروڕای خۆی لەسەر چەند بابەتێك هەیە.
ساڵح مغامسی بانگخوازی ناسراوی سعودی، لە سۆشیال میدیادا مشتومڕێكی دروستكردبوو و زۆرترین هاشتاگی لە تویتەر لە شانشینی سعودیە بەدواداهات، دوای ئەوەی باسی لە پێویستی دامەزراندنی مەزهەبێكی نوێی فیقهی ئیسلامی كرد، و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند “فیقهی ئیسلامی پیشەسازییەكی مرۆییە و دەبێت پێداچوونەوەی بۆ بكرێت.. دەبێت مەزهەبێكی ئیسلامی نوێ‌ دابمەزرێت”.

سەرچاوە: سایتی خەڵک