چارەنووسی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و چەند سیناریۆیەک

جیهان 01/04/2023


شەهیر شەهید سالس
وەرگێرانی: سۆران جەلیل

ساڵی ٢٠٢٢ ساڵێکی باش نەبوو بۆ دانوستاندنە ئەتۆمییەکەی ئێران. لەم ساڵدا نەک هەر تەنیا گفتوگۆکان بە ئەنجام نەگەیشت، بەڵکوو ناکۆکی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (IAEA)[١] لە هەندێک کاتدا گرژیی سیاسی بەخۆیەوە بینی و تەنانەت لە ئەنجومەنی دادوەرانی ئاژانسدا[٢] بڕیارنامە دژ بە ئێران دەرکرا.

بەڵام لە کۆتاییی ساڵی ڕابردوو پێشهاتگەلێک ڕوویان دا کە بە پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەکرا، بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستی گرژیی نێوان ئێران و ئاژانسی ئەتۆمی کەم کردەوە. دوابەدوای سەردانە دوو ڕۆژەییەکەی ڕافائیل گرۆسی[٣]، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ تاران لە ڕۆژانی ٣ و ٤ی مارچدا، شێوازی قسەکردنی بەرانبەر بە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکاری بەسەردا هات.

پێش ئەم سەردانە، ڕافائیل گرۆسی بەتوندی دژی ئێران قسەی دەکرد و هەندێک جاریش زۆر بەتوندی ڕەخنەی لە ئێران دەگرت. لە یەکێک لە دیارترین هەڵوێستەکانیدا، گرۆسی لە میانی ڕاپۆرتێکدا بۆ ئەنجومەنی دادوەرانی ئاژانس لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا، ڕایگەیاند: "ئاژانس لە پێگەیەکدا نییە دڵنیایی لەوە بدات کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەنیا ئاشتیخوازانەیە."

ئاماژەی گرۆسی بۆ ڕووننەکردنەوەی پرسی دۆزینەوەی گەردیلەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە سێ شوێنی ڕانەگەیەندراو لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بوو. لەم پێوەندییەدا حکوومەتی ئێران پێداگریی لەسەر بوونی پیلانگێڕیی ئیسرائیل دەکرد و جەختی دەکردەوە کە هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکان لەسەر بنەمای پەیمانی قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمییە.

دوابەدوای چەندان هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کە زۆرتر ئیسرائیل بەم کارە تاوانبار دەکرا و پابەندنەبوون بە بڕیارەکانی ئاژانس، لەوانە کۆتاییهێنان بە پشکینینەکان و کۆکردنەوەی کامێرای چاودێری، کە هەموویان بەشێک بوون لە پرۆتۆکۆڵی پێوەست بە پەیمانی نەهێشتنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، لێدوانە دژبەیەکەکانی نێوان ئاژانس و دەسەڵاتدارانی ئێران توندتر بووەوە.

لە سەرەتای مانگی مارچدا، لەگەڵ دۆزینەوەی گەردیلەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی لە سەددا ٨٣‪.٧ لە بنکەی ژێرزەمینی فۆردۆ لە لایەن پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییەوە، کە زۆر دوور نییە لە یۆرانیۆمی پیتێنراوەی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، قەیرانی ئەتۆمیی ئێران چووە قۆناغێکی دیکەوە. قسە و باسەکان سەبارەت بە ئەگەری دەرکردنی بڕیارێکی توند لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، چڕکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکانی زیاتر کرد. جیهان چاوەڕێی ڕاپۆرتی نوێی گرۆسی بوو کە دوو ڕۆژ پێش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دادوەران لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی ئێران سەردانی تارانی کرد.

لە کۆتایی ئەم گەشتە، هەڵوێستی گرۆسی بەڕوونی گۆڕانکاری بەسەردا هاتبوو. ناوبراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران گوتی: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گفتوگۆ بەسوودانەی ئەمڕۆ کردمان و بە ئاوڕدانەوە لە ڕێککەوتنە باشەکان، من دڵنیام ئێمە ڕێگە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنە گرینگەکان خۆش دەکەین."

هەندێک لە چاودێران پێیان وایە مەبەستی ئەو لە ڕێککەوتنە گرینگەکان، بووژانەوەی ڕێککەوتنەکە بووە. گرۆسی لە دەربڕینێکی گرینگی دیکەدا جەختی لەوە کردەوە کە لە سەردانەکەی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ فۆردۆ، یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەرز "هەڵگیراوە یان بەرهەمهێنراوە" بەدی نەکراوە.

ناوبراو لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی دوای جێهێشتنی ئێرانیش، هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە لایەن ئیسرائیل یان هەر وڵاتێکی دیکەوە بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دانا؛ لێدوانێک کە کاردانەوەی تاڕادەیەک توندی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بەدوای خۆیدا هێنا.

لە کۆتاییدا ڕاپۆرتی ئەرێنی بەڵام هاوپێچ لەگەڵ هۆشیاری گرۆسی بۆ ئەنجومەنی دادوەرانی ئاژانس، ڕێگری لە دەرکردنی بڕیارنامەیەکی نوێ لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ کرد.

لەگەڵ ئەم دۆخەدا، چاوەڕوانی چی لە دانوستاندنە ئەتۆمییەکان و ئایندەی ڕێککەوتنەکە لە ساڵی ٢٠٢٣ دەکرێت؟

سیناریۆی یەکەم: بەردەوامی دۆخی ئێستا

دۆخی ئێستا، دۆخی نە شەڕە و نە ئاشتی؛ حاڵەتێک کە بە شێوەیەکی ئاسایی چاوەڕوان ناکرێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت و دەرچوون لێی سێ سیناریۆی دیکەی لێ دەکەوێتەوە.

حکوومەتی ئێران نیشانی داوە کە لەژێر ئەم هەلومەرجەی ئێستا، گەمارۆکان گوشارێکی پڕووکێنەر دەخەنە سەر ئابووری ئێران و گۆشەگیریی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، هێشتا ئامادە نییە بەبێ ئەوەی ئەو ئیمتیازاتانەی کە خۆی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، دەستبەرداری پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی بێت یان وەکوو ڕێککەوتنەکەدا ملکەچی سنووردارکردنەکانی دەرەوەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بێت.

لە هەمان کاتدا هیچ ئاسۆیەک بۆ ئەو ئیمتیازانە کە ئێران بەدوایدا دەگەڕێت بەدی ناکرێت؛ دەتوانین ئاماژە بە هەندێک لە داواکارییەکانی ئێران بکەین، وەک هەڵگرتنی دەستبەجێی سزاکان یان لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا.

بەڵام چەقبەستووی سیاسی ئێستا بە جۆرێکە کە ئەگەر لە کاتی پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێراندا، پێشهاتێکی نائاسایی وەک دۆزینەوەی پیتاندنی نزیک لە لە سەددا ٩٠ یان دزەکردنی شوێنەواری تیشکدەر لە سێ خاڵ لە دەرەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکە ڕوو نەدات، ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم دۆخە هەیە.

سیناریۆی دووەم: هێرش بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران

چالاکیی سەربازی ڕەنگە لە لایەن ڕۆژئاوا یان ئیسرائیلەوە یان بە هاوبەشی بکرێت، بەڵام هێرشێکی لەو شێوەیە بە ئامانجی بنبڕکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ڕووبەڕووی چەند کێشەیەک دەبێتەوە.

یەکەم ئەم کارە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە هۆی شەڕێکی سەرتاسەری. ئەوانەی ئاماژە بە دەستبەکاربوونی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی بنکە ئەتۆمییەکانی عێراق و سووریا وەک بەڵگەی سەرکەوتن دەکەن، جیاوازییە زۆرەکان پشتگوێ دەخەن. بۆ نموونە؛ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لەو وڵاتەدا بەربڵاوە و بۆ بنبڕکردنی دەبێت هێرش بکرێتە سەر ئاراک، بوناب، بوشێهر، قوم، ئیسفەهان، کەرەج، تاران، نەتەنز و یەزد. ئۆپراسیۆنێکی وەها بەرفرەوان بەدڵنیایییەوە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی هەمەلایەنە.

بەڵام شەڕێکی هەمەلایەنە دەتوانێت لێکەوتەی پێشبینینەکراوی هەبێت (لەوانە ئەندازەی بەرفرەوانییەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا)، لە واقیعدا ئەمە یەکێک بووە لەو هۆکارانەی کە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی سەربازی لە لایەن ڕۆژئاوا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران نەنراوە.

ئەمە لە کاتێکدا، ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا بەتوندی خەریکی کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسانی بێوێنە و قەیرانی ئۆکراینان، دواین شت کە ڕۆژئاوا پێویستی پێیەتی، نائەمنی نوێیە لەو ناوچەیەی کە گرینگترین تەنگەکانی گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا تێدا هەڵکەوتووە.

لەم ڕوانگەیەوە، هەرچەندە بەردەوام باس لە هەڕەشەی هێرشی سەربازی لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراوە، بەڵام دەستبردن بۆ هێرشی سەربازی هاوبەش یان ڕاستەوخۆ لە لایەن ئیسرائیل بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، لە دۆخی ئێستادا، ئەگەرێکی زۆر بەهێز نییە.

ئاخر کەم نین چاودێرانێک کە پێیان وایە ئەگەر هەموو بنکەکانیش لەناو ببرێن، ئەو زانستەی ئێران بەدەستی هێناوە لەدەست ناچێت و ڕەنگە لە ئەگەری هێرشی سەربازیدا، حکوومەتی ئێران هان بدرێت بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە زووترین کاتدا.

سیناریۆی سێیەم: دەستگەیشتنی ئێران بە بۆمبی ئەتۆمی

ڕەنگە بەلاتانەوە سەیر بێت، بەڵام یەکێک لە بە ناوبانگترین تیۆریستیانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کینێس واڵتس[٤]، باس لەوە دەکات دەستخستنی بۆمبی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە نەک هەر مەترسیدار نییە، بەڵکوو بە جێگیربوونی هاوسەنگی هێز لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی لە لایەن تارانەوە وەک هێزێکی بەربەست، مەترسی ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێ کەم دەکاتەوە.

ئەو بۆچوونی وایە جیگیربوونی هاوسەنگی هێز لە نێوان دوو دوژمندا، واتە ئێران و ئیسرائیل، یارمەتی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەدات و ئەمەش ئەو شتەیە کە هەموو لایەنە بەرژەوەندخوازەکان دەیانەوێت.

ئەم بۆچوونە لە چوارچێوەی تیۆری "لەناوبردنی مسۆگەری دوولایەنە" (MAD Doctrine)[٥] پێشنیاز کراوە، دەڵێت ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان دوو زلهێزی ئەتۆمی، لەبەر ئەوەی هەر لایەنێک توانای ئەوەی هەیە لایەنەکەی دیکە لەناو ببات، بۆیە لە هەموو کاتدا ئەگەری دەستبردن بۆ ئەم چەکە زۆر لاوازە.

لەوانەیە ئەم تیۆرییە لای تیۆریستیانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لایەنگری هەبێت، بەڵام ململانێ پەرشوبڵاوەکانی نێوان دوو زلهێزی ئەتۆمی واتە هیندستان و پاکستان، دەریخستووە کە ئەگەری پێکدادانی سەربازی نێوان ئەو دوو زلهێزە ئەتۆمییە بەتەواوی پشتگوێ ناخرێت.

ئێران دەڵێت بەدوای دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمییەوە نییە. هەروەها ڕۆژئاوا دەڵێت لە هیچ هەلومەرجێکدا ڕێگە بە ئێران نادات تاکوو چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.

بە شێوەیەکی گشتی پێناچێت هەلومەرجی نێودەوڵەتی ڕێگە بە حکوومەتی ئێران بدات دەست بە بۆمبی ئەتۆمی بگات و هەر بۆیە ئەگەری وەدیهاتنی ئەم سیناریۆیەش زۆر بەرز نییە. هەرچەندە ئەگەری ئەوەی کۆماری ئیسلامی بەنهێنی چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، ناتوانرێت بەتەواوی بەلاوە بنرێت.

سیناریۆی چوارەم: گەیشتن بە ڕێککەوتن

سزاکانی ئەمریکا، جگە لە ناسەقامگیری سیاسی کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانەوە دروست بووە، کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر هەڵاوسان هەبووە. بەم شێوەیە ئەگەری ئەوە هەیە تەقینەوەیەکی دیکەی ناڕەزایەتی، ئەمجارەیان بە ناوەڕۆکی بژێوی و لەگەڵ بوونی کەسانی هەژار، لە داهاتوویەکی زۆر دوورنا ڕوو بدات.

ڕەنگە حکوومەتی ئێران بتوانێت ئامار دروست بکات و دەستکاری زۆرێک لە پێوەرەکانی ئابووریی گەورە لەوانە هەڵاوسان بکات، بەڵام ناتوانێت دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی کە لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا دەردەکەوێت بشارێتەوە.

لەم دواییانەدا ٦١ ئابووریناس لە نامەیەکی کراوەدا نووسیویانە کێشە ئابوورییەکانی وڵات لە هۆکاری نائابوورییەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەوان جەختیان لەسەر گۆڕینی سیاسەتی دەرەوە، وەک یەکەمین ڕێگەچارە کردەوە و ئاماژەیان بەوەش کردووە: "سووڕانەوەی نرخی دراوی بیانی و هەڵاوسان، وڵاتی ڕووبەڕووی مەترسی هەڵاوسانی سێ ژمارەیی و بێسنوور کردووەتەوە."

لەژێر کاریگەری هەلومەرجێکی وادایە، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، دەڵێت: "ئێمە هەم لەڕووی بەهای دراوی نیشتمانییەوە کێشەمان هەیە، هەم لەڕووی هەڵاوسان و گرانییەوە. پێویستە سوود لە هەموو ڕێگەیەکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان ببینرێت."

وە ڕەنگە ئەم بابەتە جارێکی تر کاریگەری خۆی لەسەر دانوستاندنە ئەتۆمییەکان و ستراتیجی ئێران بەرانبەر بە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا نیشان بدات؛ یەکێک لە یەکەمین نیشانەکانی ئەم کاریگەرییە، گۆڕانی ڕێبازی ئێران لە بەرانبەر بە ئاژانس لە سەردانەکەی ئەم دواییەی ڕافائیل گرۆسی بۆ تاران بوو.

لەم سەفەرەدا ئێران دڵنیایی بە ڕافائیل گرۆسی داوە کە لە بوارە جێناکۆکەکاندا هاوکاری دەکات؛ هەنگاوێکی گرینگ کە دەتوانێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێویست بێت.

بە گوتەی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران، گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نەک هەر لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٢٠ ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران ئازاد دەکات، بەڵکوو فرۆشتنی نەوت و بازرگانی دەرەکیش بەدەست دەهێنێت.

هەرچەندە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا ناجێگیرە، بەڵام لانیکەم تا ساڵی ٢٠٢٥ کە ڕەنگە حکوومەتێکی نوێ جێگەی حکوومەتی بایدن بگرێتەوە، حکوومەتی ئێران دەرفەتی هەناسەدانێکی گرینگی دەبێت. لە لایەکی دیکەوە ڕێککەوتنێک دەتوانێت شەرعییەتی زیانلێکەوتووی ڕێژێم لانیکەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، تا ڕادەیەک بگەڕێنێتەوە.

لە لایەن ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکاشەوە ڕەنگە گەیشتن بە ڕێککەوتن، هەرزانترین بژارە بۆ ڕێگریکردن لە دەستگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی بێت. بەبێ ئاوڕدانەوە لە چالاکییە نهێنییەکانی حکوومەتی ئێران، لانیکەم دەتوانین بڵێین تا ئێستا هیچ وڵاتێک لەژێر چاودێری ئاژانسدا بۆمبی ئەتۆمی بەدەست نەهێناوە.

بە واتایەکی تر، ڕەنگە وەرچەرخانی ئاشتیانە لە پێوەند لەگەڵ ئاژانسدا، لە چوارچێوەی ستراتیجێکی نوێدا دروست بووبێت، بەرەنجامی ئەم بۆچوونە بێت کە ناکرێت هەم لە ناوخۆ لەگەڵ خەڵکدا بجەنگی و هەم لە دەرەوەش لەگەڵ هەموو جیهاندا.

وەرگێڕان: سۆران جەلیل

-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە شەهیر شەهیدسالس نووسیویەتی و بە ناونیشانی (مذاکرات هسته‌ای؛ در سال ۱۴۰۲ چه سرنوشتی در انتظار برجام است؟)، ٢٢ی مارچی ٢٠٢٣، لە سایتی بی‌بی‌سی فارسی بڵاو کراوەتەوە.

•• شەهیر شەهیدسالس، شرۆڤەکاری سیاسی و ڕۆژنامەنووسێکی ئازادە و زیاتر لەسەر کاروباری ناوخۆ و دەرەوەی ئێران دەنووسێت. هەروەها هاوکارە لە نووسینی کتێبێک بە ناوی "ئێران و ئەمریکا: تێڕوانینی کەسێکی ناوخۆیی سەبارەت بە ڕابردووی شکستخواردوو و ڕێگەی ئاشتی" کە لە مانگی مەیدا بڵاو دەکرێتەوە.

[١] ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (International Atomic Energy Agency - IAEA)،ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە لە ساڵی ١٩٥٧بۆ پەرەپێدانی بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی و ڕێگریکردنلە بەکارهێنانی سەربازی وزەی ئەتۆمیدامەزراوە. ئەم دەزگایە وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆدامەزرا و بەشێک نییەلە نەتەوە یەکگرتووەکان یان هیچڕێکخراوێکی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدالە پەیڕەوی ناوخۆی خۆیدا ڕایگەیاندووەکە بە بەردەوامی ڕاپۆرتەکانی پێشکەش بە کۆبوونەوەیگشتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. بارەگایسەرەکی لە شاری ڤییەنایپایتەختی نەمسایە و تائێستا ١٧٥ وڵات بوونەتەئەندامی ئەم ڕێکخراوە. پێشنیازی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەلە لایەن دوایت ئایزنهاوەر، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارەکەیدالە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان (کە بەوتاری ئەتۆمی ئاشتی ناسراوە) لە ساڵی ١٩٥٣دا خرایە ڕوو.

[٢] ئەنجومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (Board of Governors of the International Atomic Energy Agency)، دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لەگەڵ ئەنجومەنی گشتی ئەندامان، پایەی داڕشتنی سیاسەتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییە. ئەم ئەنجومەنە ٣٥ ئەندامی هەیە و ساڵانە پێنج جار کۆ دەبێتەوە.

[٣] ڕافائیل گرۆسی (Rafael Grossi)، سیاسەتمەداری ئەرجەنتینییە و بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسینێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییە. لە ٣یدیسەمبەری ٢٠١٩ەوە سەرۆکی ئەم ڕێکخراوەیەپێشتر باڵیۆزی ئەرجەنتین بووە لەنەمسا، سلۆڤینیا، سلۆڤاکیا و ڕێکخراوەنێودەوڵەتییەکان بنکەکەی لە ڤییەنابووە.

[٤] کینێس واڵتس (Kenneth Waltz)، زانای سیاسی ئەمریکایی، لە ساڵی١٩٥٤ تێزیدوکتۆرای لەزانکۆی کۆڵۆمبیا تەواو کردووە. ئەندامی زانستی زانکۆی بێرکلی و زانکۆی کۆڵۆمبیا بووە. کینێس واڵتس یەکێک بووە لەتوێژەرە دیارەکانی بواری پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان. دامەزرێنەری نیوڕیالیزم یانڕیالیزمی پێکهاتەیی لە تیۆری پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. لە ساڵی ١٩٨١دا واڵتس نامیلکەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە دا کە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئەگەری ئاشتی نێودەوڵەتی زیاد دەکات. تیۆری سیاسەتی نێودەوڵەتی ١٩٧٩، مرۆڤ، دەوڵەت و جەنگ ١٩٥٩، لە کتێبە گرینگەکانی ئەم تیۆریستیانەن. کینێس واڵتس، لە ٨ی جوونی ١٩٢٤ لەدایک بووە و لە ١٢ی مەی ٢٠١٣، کۆچی دوایی کردووە.

[٥] لەناوبردنی مسۆگەری دوولایەنە (Mutual assured destruction ‪- MAD)، لەناوبردنی دڵنیایی یەکتر دوکتۆرینی ستراتیجی سەربازی و سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانییە کە گریمانە دەکات بەکارهێنانی تەواوی چەکی ئەتۆمی لە لایەن هێرشبەرێکەوە لەسەر بەرگریکارێکی چەکداری ئەتۆمی کە توانای لێدانی دووەمی هەیە دەبێتە هۆی لەناوچوونی تەواوەتی هەردوولا، هێرشبەر و بەرگریکار. ئەم باوڕە لەسەر بنەمای تیۆری ڕێگریکردن دامەزراوە، کە بەپێی تیۆری بەکارهێنانی چەکی بەهێز لەدژی دوژمن دەبێتە هۆی ڕاگرتنی دوژمن لە بەکارهێنانی هەمان چەک. ئەم ستراتیجە جۆرێکە لە هاوسەنگی ناش، (هاوسەنگی ناش (Nash equilibrium) چەمکێکە لە تیۆری یاریدا کە لە بواری ئابووریدا بە شێوەیەکی بەرفرەوان بەکار هاتووە و ناوەکەی لە جۆن فۆربس ناش وەرگیراوە.) کە تێدا هیچ کام لە لایەنە چەکدارەکان هاندەرێکیان نییە بۆ ململانێ یان داماڵینی چەک. دەستەواژەی "لەناوبردنی دڵنیایی یەکتر"، بە شێوەیەکی باو بەکورتی "MAD" ناو دەبرێت، لە لایەن دۆناڵد برینان، ستراتیجیستەوە کە لە ساڵی ١٩٦٢ لە پەیمانگەی هادسۆنی هێرمان کان کاری دەکرد، داهێنراوە. بەهەرحاڵ، برینان بە تانەوتەشەرەوە ئەم کورتکراوەی هێنایە ئاراوە، وشەی ئینگلیزی "شێت - mad"ی هێنا بۆ ئەوەی بڵێت؛ بەکارهێنانی چەکێک کە توانای لەناوبردنی کۆمەڵگەی هەبێت ناعەقڵانی و شێتانەیە.