یەك بە یەك نەورۆزتان پیرۆز بێ یادێكی (ئیزگەو هەڵپەڕكێی مام جەلال)یش

کوردستان 20/03/2023

 

خۆزگە، لەم دۆخەدا، لەناخەوە بمانوتایە:
ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە
جەژنێكی كۆنی كوردە بەخۆشی‌و بەهاتەوە
نەورۆز.. ئەفسونێكی دەرونی‌و، ویژدانی بێڕادەی لەسەر تاك بە تاكی كورد هەیە. تەنها ئەوانە نەبێ‌، كە لە هەستی بۆنەكانی كوردەواری‌و هەڵوێستی كوردایەتی، داشۆراوون. یەكێك لە خەسڵەتە جوانەكانی نەورۆز.. ئاوێتەی جوانی سروشت دەبێ‌.. هاوكات، ژن‌و پیاوی كوردەواری، پێكەوە، بێ جیاوازی، دەخاتە ناو ئاهەنگی ساڵی نوێوە.
نەورۆز.. لەخۆڕا، لەسەرەتای بەهارو ساڵی نوێی كوردی، نەبۆتە رۆژێكی نوێ‌‌و نوێبونەوەی ساڵ. ئەم رۆژە، لە گۆڕانكاری سروشت‌و، لە هێمای ئاگری سەركەوتن‌و، لەناو ژانی لەمێژینەی كوردستانەوە، بەرە بەرە، بۆتە جەژنێك، تەنانەت ئەو نەژادانەی ئارین‌و قەڵمڕەویشیان هەبووەو ئێستاش دەسەڵات‌و دەوڵەتیان بەهێزە، ناتوانن وەكو كورد، لەناخەوە نەورۆز بیانهەژێنێ‌‌و هەستیان رابژەنێ‌.
نەورۆز.. بە خوێنمژەكانی مێژوویی‌و ئەنفالەكان‌و فاشیستەكان، نەك لاواز نەكرا، بەڵكو هەتا هاتووە، قۆناغ بە قۆناغی قوڵبونی هەستی كوردەواری‌و هەڵوێستی كوردایەتی، جۆش‌و خرۆش داوە. لوتكە هەرە جوانەكانی شانازیەكانی كوردی پڕاوپڕ كردووە لە مەشخەڵی بەرەنگاری.. مەشخەڵێك، گڕەكەی، ئاسۆی چارەنووسی كوردستان، سەرەڕای وەیشومەی رۆژگار، لەسەرانسەری كوردستاندا، لەمێژە روناك‌و روناكتر دەكاتەوە.
لەم رۆژەدا.. با بۆ مێژوو بیگێڕمەوە، نەورۆزی 1979.. ئیزگەی گەلی كوردستانمان كردەوە.. شانازیش دەكەم، یەكەمین بێژەرو دامەزرێنەرێكی بووم. پیرۆزبایی لە یادەكە دەكەم.
لە هەمان نەورۆزدا.. لە دەشتی زەڵێ‌ ئاهەنگێكی بچوكمان گێڕا.. بۆ یەكەمین جار بوو مام جەلالمان هاندا هەڵپەڕێ‌. كە مام بە پێكەنینەوە، هەڵدەپەڕی، پیشمەرگە گەرمتر هەڵپەڕین‌و (مەلا یاسین)ی هەڵەبجە، حەماس گرتی‌و بەدەنگێكی پێشمەرگانە شیعری:
"جەژنە جەژنی كوردستانە، جەژنی نەورۆزە
بە تیشكی ئاگر ئەنوسم جەژنە پیرۆزە
چاوگی ئاگر هێزو گیانمە
باوەڕی بەرزی كوردستانمە"ی خوێندەوە.
ئیتر بوو بە چەپڵەڕێزان‌و بژی بژی یەكێتی!
ئای لەو رۆژگارە، چەند نەورۆز دەرونمانی جۆشی خەبات‌و سەربەرزی دەدا. بەڵێ‌، نەورۆزو چەكەكانمان‌و سەنگەرەكانمان‌و بیروباوەڕمان، بەچەشنێ‌ ئاوێتە بوون، فاشیەكانی عێراقیش نەیاندەتوانی لێكیان جودا بكەنەوە. بەڵام ئێستا كوت‌ومت پێچەوانەی ئەو رۆژگارەیە.. مەخابن!!