راچڵەکینێک بەبۆنەی (پێستی شێر)ەوە

رۆشنبیری 18/03/2023


رزگار فایەق
مێژوی سینەمای ئێران پڕە لە شاکاری گەورە گەورە، پڕە لە دەرهێنەرانی گەورەی وەکو عەباسی کیا رۆستەمی، ئەسغەر فەرهادی، بەهمەن قوبادی و دەیان و سەدان ئەکتەری ناودار و خاوەن خەڵاتە گەورەکانی ئۆسکار و کان و ڤینیسیا و فێستیڤاڵە بەناوبانگەکانی جیهانن. یەکەم جار نیە سینەمای ئێران بەرهەمی جوان و کاریگەر پێشکەشی بینەران بکات، جێگای سەرسوڕمانیش نیە کە زنجیرە درامایەکی بەهێز و کاریگەری وەکو "پوست شیر" پێستی شێر بەرهەمبهێنێت، مێژوی زنجیرە فیلمی ئێران پرە لە شاکاری هاوشێوە، بەڵام جێگای خۆیەتی بەبۆنەی پێستی شێرەوە دوو قسەش لەسەر زنجیرەفیلمی کوردی بکەین.
پێستی شێر بە زمانی فارسی "پوست شیر"، زنجیرە فیلمێکی ئێرانیە لە ژانری تاوانکاری، بەڵام نەک وەک زنجیرە فیلمی "کۆڵانەکانی پشتەوە" کە ئاستێکی نزمی هەیە و لە هەندێ لە ئەڵقەکانیشی کورد وەک تیرۆریست پیشان دەدات بەڵام (NRT2) هەر بەردەوامە لە نمایشە بێ تامەکەی.
جەمشید مەحمودی، دەرهێنەری زنجیرەی پێستی شێرە، ئەکتەرە بەناوبانگەکانی هادی حیجازی فەر، شەهاب حسێنی، پانتا بەهرام، میهرداد سدیقیان، عەلی رەزا کەمالی، ژیلا شاهی، پردیس ئەحمەدیە رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
چیرۆکی فیلمەکە لە ئازادکردنی (نەعیم مولایی) دەستپیدەکات کە دوای 15 ساڵ زیندانی دەیەوێت بە دیداری کچەکەی شاد بێتەوە کە 15 ساڵە تەنیا بە وێنە لەگەڵیدا ژیاوە، چونکە لەلایەن دایکیەوە (لەیلا برزگر) پێی وتراوە باوکت نەماوە، دوای هەوڵێکی زۆری نەعیم، دواجار کچەکەی نەعیم (ساحل مولایی) دڵی کچانەی بۆ باوکی دەکەوێتە تەپە تەپ و دەبنەوە باوک و کچ و دەیانەوێت قەرەبوی هەرچی ئەو ساڵانە بکەنەوە کە دوربون لەیەکتر، بۆیە بڕیار دەدەن گەشتێکی باکوری ئێران بکەن، بەڵام لەوێ لە روداوێکی تەمومژاوی و پڕ راز و نهێنیدا کچەکە دەفڕێنن و دواتر تەرمەکەی فڕێ دەدەن و بە دوایدا روداوە سەیرو سەمەرەکانی دیکەی ناو دراماکە دەستپێدەکەن، کە من نامەوێت لەم وتارەدا تەواوی چیرۆکەکەی بگێڕمەوە، بەڵکو پێم باشە ئەوەی زنجیرەکەی نەبینیوە، هەوڵ بدات بیبینێت.
پێستی شێر، لەساڵی پارەوە دەستی بە نمایش کردوە، تا ئێستا دوو وەرزی هەشت ئەڵقەیی بە تەواوی پەخشکراوەو وەرزی سێەمیش لە ئەڵقەی سێیەمدایە، خۆشبەختانە لەگەڵ یەکەم ئەڵقەیدا، بەشێکی زۆری سایتەکانی وەکو کورد سینەما و کورد فیلم و چەندانی تر بە ژێر نوسی کوردی بڵاویانکردەوە و ئێستاش بەردەوامن. ئەم زنجیرەیە دەیان وتاری لە رۆژنامە و سایتەکانی ئێراندا لەسەر نوسراوە، لەلایەن بینەران و رەخنەگرانیشەوە پلەی نایابی پێدراوە، هێندەی ئاگادار بم لە کوردستانی خۆشمان بینەری باشی هەیە.
ئەم زنجیرەیە پڕە لە جوانی وێنەگرتن، جوانیی نواندن، جوانی چیرۆک و سیناریۆ و دەرهێنان، پرە لە جوانی روداوی نهێنی ئامێز، پرە لە هەست و سۆزی خۆشەویستی باوک و کچ(نەعیم و ساحل)، دایک و کچ (لەیلا و ساحل)، پیاو بۆ ژنە سیغەکراوەکەی (رەزا پەروانە و موژگان)، کوڕێک بۆ دڵدارە دوو جار کوژراوەکەی (سەدرا و ساحل)، پڕە لە وەفای هاوڕێیانە (نەعیم و رەزا پەروانە). دەتوانم بڵێم هێندە بە شێوەیەکی دەرونشیکاریانە بەرهەم هێنراوە، کە بینەر ئالودە دەکات بەخۆیەوە، بە روداوە ناخهەژێنەکانی ناویەوە، بە هەوڵە بێ وچانەکانی رەزا پەروانە و نەعیم مولایی و محب مشکات بۆ دۆزینەوە بکوژانی ساحل. بە کورتی هەر کەسێک ئارەزوی بینینی فیلم و زنجیرەی هەیە، هەقە ئەم زنجیرەیەش ببینێت.
رەخنەگری بواری سینەما و  فیلم نیم، دەرهێنەر نیم، ئەکتەر نیم، بەرهەمهێنەر نیم، تەنیا بینەرێکی ئاسایی فیلم و زنجیرەم، وەکو پێویستیش فیلم و زنجیرەم بینیوە، بۆیە بە مافی خۆمی دەزانم کە لەم وتارەدا روی دەمم بکەمە فیلمسازانی کورد و بەرهەمهێنەران و ئەوانەی هاوکاری بواری سینەما و فیلم دەکەن، کە هەقە زنجیرە فیلمی وەکو پێستی شێر رایانبچڵەکێنێت،  تا ئێمەش لەم وشکەساڵیەی زنجیرە فیلمی کوردیدا جوڵەیەک بکەین، کە نزیکەی 20 ساڵە لە دوای حسێن میسڕی و جەلیل زەنگەنەوە لە جێگای خۆیدا وەستاوەو هیچ پێشنەکەوتوە. تەنانەت  بەو پێشکەوتنە بەرچاوەی تەکنەلۆژیای راگەیاندن و سینەما، بەو کرانەوە گەورەیەی بەڕوی جیهاندا هەمانە، بەو پارە زۆرە، بەڵام هێشتا زنجیرە درامای کوردی نەیتوانیوە (رەشەی پۆلیس)  (رابون) (گەردەلول) تیپەڕێنێت، زیاتر هەموو کارەکان لەنێو بازنەی کۆمیدیادا دەسوڕێنەوە، کۆمیدیایەکیش کە هەندێجار دەگاتە ئاستی بەزمی بەزم.
سەرنج بدەن و بزانن فیلم و زنجیرەی کوردی لەناو چ کارەساتێکدا دەخولێتەوە، لەناو چ  قەیرانێکدایە، ئاخر چۆن دەبێت ئێمە خاوەن هێڵی یەکەمی شەڕی داعش بین، نزیکەی سێ هەزار پێشمەرگە و شەڕڤانمان شەهید بوون، بە هەزاران بریندارمان هەیە، توشی کارەساتی جینۆسایدی ئیزدیەکان بوین، دەیان شەڕی نەبەردانەمان لەگەڵ داعش کردوە، خاوەنی چیرۆکێکی وەکو (شەهید هوجام) و سەدانی دیکەین، بەڵام تا ئێستا نەمانتوانیوە زنجیرە فیلمێک لەسەر ئەو روداوە گەورەیەی دیاردەی داعش بەرهەمبهێنین، کە خۆمانی تێدا ژیاوین، بەڵام دەیان وڵات فیلم و زنجیرەیان لەسەر بەرهەمهێناوەو تێیدا خۆشیان کردۆتە پاڵەوانی شەڕەکە، لەوانە زنجیرەی (سقوط) کە زنجیرەیەکی ئێرانیەو ئەمساڵ نمایشکرا، تێیدا کەسایەتیە ئێرانیەکان دەکەنە پاڵەوانی شەڕی داعش کە هەقی خۆیانە. بەڵام ئێمەش سەدان پاڵەوانی گومناومان هەیەو کەسیش دێڕێکی لەسەر نەنوسیون. هەر لە کاتی شەڕی داعشدا بەردەوام سەرکردەکانی کورد دەیانوت کورد لەجیاتی جیهان شەڕی داعش دەکات، دەی ئیتر کاتی خۆیەتی ئەو سەرکردانە بە جیهان بڵێن بە کۆمپانیاکانی وەکو نێتفلێکس و ئەوانی دیکە بڵێن وەرن زنجیرەیەکی کاریگەر لەسەر پێشمەرگە و چیرۆکەکانی شەڕی داعش بکەن و هەر لەو پارەیەی کە دەیدەن بە میدیا زەبەلاحەکانتان شتێکیشی بۆ ئەم کارە تەرخان بکەن هەر بۆ مێژوی خۆتان جوانە. با ئیتر خۆمان چیرۆکەکانی خۆمان بنوسینەوە، با وەک مێژوە بزربوەکەمان خەڵکی تر بۆمان نەنوسنەوە، بێگومان خەڵکی تر وەک ئەوە ناینوسنەوە کە ئێمە دەمانەوێت و حەقیقەت دەیەوێت.
هەر بە بۆنەی زنجیرەی (پێستی شێر)ەوە کاتی خۆیەتی و هەقی خۆشیەتی، حکومەت و دەوڵەمەندەکانی کوردستان هاوکاری کەسانێکی ئەهلی سینەما و فیلم بکەن بچن لە ئێران لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی فیلمدا بخوێنن و  ئەزمونی ئەوێ بهێننەوە بۆ کوردستان، ئەکرێت ناوەندە ئەکادیمی و نائەکادیمیەکانی بواری سینەما بەردەوام ئەو پەیوەندیە لەگەڵ سینەمای ئێراندا دروستبکەن و بەڵکو ئێمەش سودێکیان لێوەربگرین. ئێران لە تەنیشتمانە، دراوسێمانە، ناکرێت دراوسێیەکی وامان هەبێت لە بواری سینەما و فیلمدا لەو ئاستە بەرزەدا بێت، ئێمەش سودی لێوەرنەگرین.