هەڵەبجە و پەرلەمان‌و قەرەبوو

کوردستان 16/03/2023

 

مەلا بەختیار
بەهەڵەدا نەچووم، ساڵی 1990، لە دووەمین ساڵڕۆژی كارەساتی هەڵەبجەدا، یەكەمین لایەنی سیاسی جەختی كردەوە، كە سەدام سەرەڕای راگیرانی جەنگی عێراق-ئێران‌و ئەنفال‌و كیمیاباران، هەر دەڕوخێ‌. دوای روخانی، دەبێ‌ كورد داوای قەرەبووی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەو ناوچەكانی ترو ئەنفالەكان بكات. ئەو لایەنە سیاسییە، ئاڵای شۆڕش بوو. ئەگەر پێش 1990، هەر لایەكی دیكە داوای قەرەبووكردنەوەی لە یادی هەڵەبجەدا كردبێ‌، پێمخۆشە نوسەرێكی ئاگادار لە مێژوو، بەڵگەكە بخاتەڕوو!
ئێستا (35) ساڵی رەبەق بەسەر یادی كارەساتی هەڵەبجەدا تێپەڕیووە. یادی قوڵترین برینی نەتەوایەتیمانە. لەناو پەژارەی دڵشكاوی هەڵەبجەییەكاندا، مەراسیمی كارەساتەكە ئەنجامدرا. خەڵكی هەڵەبجە سەرەڕای دڵشكاوییان، بەڕێزەوە میوانەكانیان بەڕێ‌كرد. هەر ئەم ئاكارە بەرزە لەو شارە دەوەشێتەوە.
لێرەدا، دوای داگیرسانی (35) مۆمی خەم لە یادی هەڵەبجەدا، داوای قەرەبووكردنەوەی هەڵەبجەو ناوچەكانی دیكەی كوردستان دوپاتدەكەمەوە. چەندین جار وتومەو دەیڵێمەوە؛ كورد، ناتوانێ‌ وەكو گەلانی پێشكەوتوو، یادەوەریەكانی بكاتە هەڵوێست. تەواوی كارەساتەكانی مێژوو، تەنها بۆ مێژوونوسان ماونەتەوە. لە سەدان ساڵی رابوردودا، بەردەوام كورد ئەنفال كراوە. دێهاتی راگوێزراوە؛ كوردەكانی خۆراسان، ناوچە كوردستانیەكانی یەكێتی سۆڤیەت، ناوچەكانی دەوروبەری ئیستەنبوڵ، ئەنادۆڵ، دیمەشق، بەغدادو خوارووی عێراق، گەواهی ئەنفالكردنی بەردەوامی كوردن. ئەنفالی (1987-1989) لە یادی هەمواندایە. ئەمەش كارەساتی هەڵەبجە، گۆپتەپە، بازێ‌، سێوسێنان، دۆڵی بالیسان. دەپرسین:
ئایا ئەم كارەساتانە، لە یادەوەریەوە گۆڕدراوە بۆ هۆشیاری نەتەوایەتی‌و مافی یاسایی قەرەبووكردنەوەی قوربانیەكان؟ بەداخەوە نەخێر.
كوەیت (600) هاوڵاتییان كوژران، قەرەبووی هەمویان لە عێراق وەرگرت. جولەكە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، دەستبەجێ‌ پێیان لەسەر قەرەبووكردنەوەی جینۆسایدكراوەكانیان داگرت‌و مافیان سەندنەوە. بەریتانیا فڕۆكەیەكی لەلایەن لیبیاوە كەوتەخوارەوە، كردیانە كێشەی لۆكەربی‌و قەرەبووی قوربانیەكانیان وەرگرتەوە. دەیان نمونەی دیكە هەن.
تكایە، با لیژنەیەكی پسپۆڕو خەمخۆر لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پێكبهێندرێ‌.. پرۆژەیەك گەڵاڵە بكەن‌و پەرلەمان بیكاتە یاسای قەرەبووكردنەوەو حكومەت پابەند بكەن بەوەی، ئەو پرۆژەیە بكاتە ئەركی خۆی‌و لە دانوستاندنەكاندا، پێ‌ لەسەر قەرەبووكردنەوەی تەواوی قوربانیەكانی هەڵەبجەو دەڤەرەكانی دیكە دابگرێ‌. بە زیانەكانی راگواستنی گوندەكانیشەوە. دوای پەسەندكردنی یاسا، یان بڕیارێكی ئاوها لە پەرلەمانی كوردستاندا، دەبێ‌ فراكسیۆنی لایەنە كوردستانیەكان لە پەرلەمانی عێراقیشدا، خەمی باسكردن‌و بڕیار لەسەردانی پرۆژەكە، بخۆن. ئیتر هەقە لەمەزیاتر، ئەو كارەساتە گەورانە نەكرێنە پێخۆری بێباكی. قەرەبوو مافە.. مافیش دەسەندرێ‌، نادرێ‌!