رێكخراوێكی كۆمەڵی مەدەنی کەموکوڕیەکانی باجی خانوبەرە لە هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات

کوردستان 15/03/2023


محەمەد كەریم محەمەد
توێژەری پرۆژەی چاودێریی سیاسەتی باجی خانوبەرە ە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان و رێكخراوی (NDI) ئەمەریكی ئەنجامدراوە

باجی خانوبەرە بەتایبەتی و باج بەگشتی، بە سەرچاوەیەكی گرنگ لە سەرچاوەكانی دارایی حكومەت ئەژمار دەكرێت بۆ داراییكردنی خەرجی و پێداویستیەكانی، پاش داهاتەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، هەر لەبەر ئەوەشە كە، هەرێم لە ریزی حكومەتی كرێخۆردا پۆلێنكراوە. پاڵپشت بەو ڕاستیە، بوجەی هەرێمی كوردستان لە بناغەدا و بە پلەی یەكەم پشتبەستووبوو بە داهاتی كرێخۆری نەوت و ئەو بوجەیەی لە عێراقەوە بۆی دەهات و هاوكاری ووڵاتانی كۆمەكبەخش. بۆیە داهاتی باجەكان زۆر پلەدار نەبووە لە دروستكردنی كۆی بوجە و داهاتی حكومەت، هەر لەسەر ئەم بناغەیەشە كە، هاتنی داهاتی باجەكان بە تایبەتی باجی خانوبەرە بە ئاستێكی بەرچاو، شتێكی تازەیە و دەوروبەری ساڵی 2018 بوو بە بابەتی گرنگیپێدان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی پاش دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانیەكان و بەردەوامی تێچوونەكانی شەڕی داعش و بڕینی بەشە بووجەی كوردستان لە ناوەندەوە و زۆری ژمارەی ئاوارەی سوریا و ئێران و توركیا و عێراق لە كوردستاندا كە، ژمارەیان لە دوو ملیۆن كەس تێدەپەڕی.
باجی خانوبەرە لە هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی 10% داهاتی ساڵانەی خانوبەرە مەزەندە دەكرێت (بێجگە لە دەستكەوتی فرۆشتنی خانوبەرە) و زەوی كشتوكاڵی كە، باجی خانوبەرە نایانگرێتەوە. لەم بڕەش ڕێژەی 10% دادەبەزێندرێت لە داهاتی ساڵانەی خانوبەرەكە لەبری تێچوونی چاكسازی بیناكان و سوانیان پێش مەزەندەكردنی بڕی باجەكە. ئەم باجە، لە 2018 وە چۆتە بواری گرنگیپێدانەوە لە هەرێمی كوردستاندا، بە پێی یاسای ژمارە 162 ی ساڵی 1959 ی عێراقی. سیمای ئەم باجەش وەك باجێكی ڕستەوخۆ (مباشرە) و كەرەسەییە (عینیە) و ڕێژەییە (نسبیە) و ناوچەییە (اقلیمیە) دێتە جێبەجێكردن. كاتێك ئەم باجە، مەزەندە دەكرێت كە باجێكی ڕاستەوخۆیە، چونكە ڕاستەوخۆ لەسەر پوختەی داهاتی ساڵانەی زەوی و خانوبەرە دەسەپێندرێت، دەوترێت كەرەسەتەییە، بەو ئاڕاستەیەی كە، چاوپۆشی لە باروزروفی كەسێتی باجدەر ناكات، ڕێژەییە، چونكە بە ڕێژەیەكی دیاریكراو لە پوختەی داهاتی ساڵانەی خانوبەرە وەردەگیرێت، و ناوچەییە چونكە هەموو خاوەن مڵكێك دەگرێتەوە كە، لە چوارچێوەی سنووری جوغرافیای سیاسی عێراقدایە، بێڕەچاوكردنی ڕەگەزی خاوەن موڵك عێراقیە یان بیانی، و باجێكە بەسەر هەردوو لایەنی كەسی و سروشتیدا (گبیعیە) دەسەپێندرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم باجە هەندێ‌ لایەنی كەسێتی ڕەچاو دەكات، بە تایبەتی لە مڵكە نیشتەنیەكاندا، وەك ئەگەر خاوەن مڵك خۆی بەكاریهێنا یان دایك و باوكی یان هەركامێكیان یان یەكێك لە كوڕە خێزاندارەكەی.
باجی خانوبەرە، نە بڕی ساڵانەكەی، نە هاوكاریەكانی لە كۆی بووجەی كوردستاندا، نە بڕی تێچوونی كۆكردنەوەی لە هەرێمدا نازاندرێت، چونكە لە ساڵی 2013 وە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت (2023)، بووجەی گشتی كوردستان لەلایەن حكومەتەوە ڕێكنەخراوە بۆ پەرلەمان، داهاتی باج ناڕونە، چونكە كۆكردنەوەی داهاتی بووجە و  سەرفكردنی ئەو داهاتانە لە كەشوهەوایەكی تەمومژاوی و ناڕوون ئەنجام دەدرێت، هەرچەندە هەموو حیزبە ئۆپۆزۆسیۆن و خەڵك و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی زۆر داوای ڕونگەرایی لە بووجەدا دەكەن و پێداگری لەسەر دەكەن.
ئەم نووسینە هەوڵدەدات وەكوەڵامدەرەوەیەك بێت بۆ هەندی لایەنی گرنگی باجی خانوبەرە و چۆنیەتی یان سیاسەتی جێبەجێكردنی لە ئابوری كوردستاندا. بۆیە پێویست دەكات چاودێری سیاسەتی باجی خانوبەرە بكرێت و هەڵوێستەكانی لە یاسا و ڕێنماییە تایبەتەكاندا  بخرێتەڕوو.
باجی خانوبەرە دیاریكراوە بە پێی یاسای ژمارە 162 لە 1959 كە، لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە و تا ئێستا نزیكەی 27 جار هەموار كراوە. كاتێك یاسا لە پەرلەمان دەردەچێت، مەبەست پەرلەمانی كوردستان و عێراقە و زۆر جار، گرنگی یاساكە و چۆنیەتی جێبەجێكردن و پەیكەربەندی بەڕێوەبردنی لایەنی جێبەجێكار و پلەی وەزیفی كارمەندە سەرەكیەكانیش لە دامەزراوەكەدا دیاریدەكات، هەروەها دەسنیشانكردنی توێژی كۆمەلایەتی كە، بە ئامانجی دەگرێت و ...هتد. هەموو یاسایەك كە، دەردەچێت، زۆر لایەنی گشتگیری پێوە دیار دەبێت، بۆیە پێویست دەكات یاساكە زیاتر ئامانجدار بكرێت و زیرەكانەتر بێت لە جێبەجێكردندا، ئەمەش لەلایەن دەستەڵاتی جێبەجێكردنی پەیوەندیدارەوە (وەزارەت یان دامەزراوە یان دەستە یان ...هتد) بە كۆمەڵێك ئاماژەپێكردن ئەنجام دەدرێت كە، لە زمانی یاسادا پێیان دەوترێت ڕێنمایی (تعلیمات). بەڵام سیاسەت، دێت بۆ پیادەكردنی یاسا و ڕێنمایەكان پێكەوە، بە واتای پیادەكردن و جێبەجێكردنی كردەیی یاسا و ڕێنماییەكان لە جێگا و كاتی دیاریكراوی خۆیدا لە چوارچێوەی كەمترین كات و تێچوون و ماندوبووندا چ بۆ دامەزراوەكە و چ بۆ توێژی بە ئامانجگیراو. لەوانەیە یاسا و ڕێنمایی بە تەواوی لەلایەن دامەزراوەیەكەوە جێبەجێبكرێت بەڵام هەڵە لە سیاسەتی جێبەجێكردندا هەبێت. لەوانەیە كڕینی پەرتووكی قوتابخانە، بۆ نموونە، بە پێی یاسا و ڕێنمایی یاساییبن لە ڕووی بڕ و جۆر و نرخ ..هتد، بەڵام هەڵە هەیە لە گەیاندنیان بۆ قوتابخانەكان لە كاتی دیاریكرا و گونجاودا كە، بۆتە هۆی دواكەوتنی پرۆسەی خوێندن لەو قوتابخانانەدا هەرچەندە یاسا و ڕێنمایی بە تەواوی جێبەجێكراوە. بۆیە پێویستە ئاگامان لەو جیاوازیە بێت، لە هەمان كاتدا پێویستە جیاوازی بكرێت لە چاودێری سیاسەتی یاسایەك لەگەڵ سیاسەتی فەلسەفە كە، گشتگیرە بۆ هەموو یاساكان، بەڵام ئەوەكەی تر تەنها چاودێریە بۆ یاسایەكی دیاریكراو.
لەسەر ئەم بناغەیە، ئەم نووسینە وەك توێژینەوەیەك دێت بۆ باڵاپۆشكردنی لایەنی زۆر و گرنگی جێبەجێكردنی یاسای باجی خانوبەرە و ڕێنماییەكانی لە هەرێمی كوردستان، بۆ نموونە ئایا سیاسەتی دیاریكردنی كارمەندەكانی باجی خانوبەرە لەو فەرمانگانەدا چۆنە؟ ئایا سیاسەتی فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە لە ڕوانگەی گەشەپێدانی هۆشمەندیی باجدان چۆنە؟ چ بۆ كارمەندەكانی خۆیان یان توێژی باجدەری خانوبەرە؟ ئایا سیاسەتی فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە چۆنە دەربارەی خەمڵاندنی بڕی باج لەسەر مڵكەكانی باجدەر؟ ئایا فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە چیان كردووە بۆ هۆشمەندكردنی فەرمانبەرەكانیان بە یاسا و ڕێنماییەكانی باجی خانوبەرە كە، یەكانگیربن لە ڕاو و بیروبۆچونی یاسایی؟ ئایا سیاسەتی ئەو فەرمانگانە چۆنە بۆ ڕاگرتنی تۆمارەكانی تایبەت بە باجی خانوبەرە و فۆرمە تایبەتەكانی باج و چۆنیەتی مامەڵەكردن پێیانەوە؟  یاخود سیاسەتی ئەو فەرمانگانە چۆنە لە مامەڵەكردنیان لەگەڵ مامەڵەكانی باجدەری خانوبەرەوە و ئاستی ڕۆتین لەو فەرمانگانەدا چۆنە؟ هەروەها چەندین كێشەی تر كە، بە شێوەیەك لە شێوەكان كاردەكاتە سەر ڕێڕەوی مامەڵەكان لە جێبەجێكردنی یاسا و ڕێنماییە تایبەتەكانی.
لە ئەنجامی باڵادەستی ناڕوونی و وونبوونی شەفافیەت لە ئابووری هەرێمدا چ لایەنی خەرجی چ لایەنی داهات بۆ ماوەی نزیكەی 9 ساڵی لەسەر یەك، بەهۆی ئامادەنەكردنی بووجە بۆ پەرلەمان، بۆیە دەستگەشتن بە هەردوولایەنی بووجە (داهات و خەرجی) لە دەرەوەی مومكیناتە و هیچ شتێكیان لێ نازاندرێت، هەمووشیان لە دەرەوەی ووردبینی و چاودێری ساڵانەدان تەنانەت لەلایەن پەرلەمانیشەوە.
لەڕووی فەرمانبەرەوە، ئەو فەرمانگانە توانای مرۆیی زۆر باشیان هەیە لە ڕووی ئاستی خوێندەواری كە، نزیكەی نیوەیان ئاستی بڕوانامەی خوێندنی باڵان، ساڵانی ڕاژەیان بەرزەو لە 5 ساڵ كەمتر نیە ، تەمەنیان گەنجە و بەڵانسی ڕەگەزی كارمەندان بۆ ئاستێكی باش ڕەچاوكراوە. بەڵام دەربارەی ئاستی هۆشمەندی باجدان چ لای كارمەندان و چ لای باجدەری خانوبەرە، فەرمانگەكان كاریانەكردووە بۆ بەرزكردنەوەی ئەم هۆشمەندیە بۆ هەردوولایان، بۆیە ئەو فەرمانگانە نەیانتوانیوە سوودی گەورە لەو توانا گونجاوانە ببینن كە، لە بەردەستیاندایە.
بەهەمان شێوە، لە ڕووی بەدواداچوون بۆ داهاتەكانی باجی خانوبەرە، ئەو فەرمانگانە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بونەتەوە لەلایەن باجدەری خانوبەرەوە و هەست بە مەغدووری و نەبوونی شەفافیەت دەكەن، تەنانەت لە هەندێ لە جومگەكانی مەزەندەكردنی بڕی باجدا، فەرمانبەرانیش هاودەنگن لەگەڵ هەڵوێستی باجدەراندا، چ وەك ئاگادارنەكردنەوەی ساڵانەیان لە بڕی باجی سەر مڵكەكانیان یان مەزەندەكردنی بڕی باجەكان یان پێشكەشكردنی ناڕازیبوون (الاعتراچ) لە بڕی باجی سەپاو و چەندەها كێشەی تری پابەند بە سیاسەتی باجی خانوبەرە.
لە هەمانكاتدا، گەورەترین گرفت (تحدی) كە، بەرەوڕووی كارمەندەكانی ئەو فەرمانگانە دەبێتەوە، بریتیە لە نەبوونی یەك ڕا و یەك بیروبۆچوونە دەربارەی ئاستی تێگەشتنیان لە یاسای باجی خانوبەرە و ڕێنماییەكانی و پەیوەندیان،  بە جۆرێك لە جۆرەكان، بە یاساكانی ترەوە ، بۆ نموونە، یاسای وەبەرهێنان 4/2006، یان یاسای باجی داهات و ..هتد، بەجۆرێك ئەم دووفاقیە لە ڕاو بۆچوونی باجدان لە نێو فەرمانبەراندا بە نەرێنی دەشكێتەوە بەسەر باجدەرەكاندا لە ئەنجامدانی مامەڵەكانی باجدانیان و دەیانخاتە نێو توولەڕێی تاریكی ڕۆتین و بەهەدەردانێكی زۆری كات و ماندوبوون و تێچوون لەو فەرمانگانەدا.
لەلایەكی ترەوە، پشتگوێخستنێكی گەورەی ڕأی كارمەندان لەو فەرمانگانە بەدی دەكرێت، هەروەها پەراوێزخستنی ڕای توێژی باجدەران، بە جۆرێك باجدەران بێهیوابوون لە پێشكەشكردنی ناڕەزاییەكانیان (الاعتراچ) لە بڕی باجی مەزەندەكراو لەسەر مڵكەكانیان. تەنانەت هەندێكیان لەو بڕوایەدان كە، ئەو بڕی باجەی لەسەر مڵكەكانیان دەسەپێندرێت، هەڕەمەكیە و دیراسە بۆ نەكراوە و ئامانجی سەرەكی، تەنها،  لە كۆكردەنەوەی داهاتدا چڕكراوەتەوە بە هەرچ شێوەیەك بێت جا یاسایی بێت یان بە شێوەی هەڕەمەكی یان بە ئامانجی پێشكەشكردنی ناڕازیبوونە بۆ ئەوەی ڕێژەی 50% باجی ساڵەكە بەفەرمی بە پێشەكی لە باجدەر وەربگرن ئینجا مامەڵەكانیان بۆ ڕایبكرێت.
لەلایەكی ترەوە، مامەڵەكردن لەگەڵ تۆمارەكان و دۆكیومەنت و فۆرمەكانی تایبەت بە ئاگاداركردنەوەی ساڵانە لە باجی خانوبەرە یان تۆماری تایبەت بە (ڕەدیات) reimbursement ی مافی باجدەر، هەمووی ئەمانە مامەڵەیەكی تۆكمەی لەگەڵ ناكرێت و جێگای نیگەرانیە و كە، لە كۆتاییدا بە زیانی باجدەر كۆتایی دێت چ وەك سزای دواكەوتن یان گەڕانەوەی مافەكانی، یاخود دەستكاریكردن و كوژانەوە و كڕان و گۆڕینی داهاتەكانی كە، لە بەرژەوەندی حكومەت تۆماركراون لە تۆمارەكاندا بە تایبەتی تۆماری 5أ/داهات.
دەربارەی سیاسەتی ئەو فەرمانگانە لە ڕۆتینی ناو فەرمانەگەكان، نووسینەكە، خاڵی نەرێنی زۆری لەسەری هەیە، چ وەك زۆری جومگەی ڕۆتین چ وەك سوودوەرنەگرتن لە تۆڕەكانی ئەلەكترۆنی بۆ بەستنەوەی فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە بە ناوەندی هەرێم و لق و فەرمانگەكانی تری باجەوە یان فەرمانگە پەیوەندیداركانی تری حكومەتەوە لە پارێزگەكانی هەرێمدا.
دەرئەنجام، كەڵكەبوونی ئەو كێشانە و بەردەوامبوونی بۆ ماوەی دوور و درێژ، وایكردووە باجی خانوبەرە بە چاوی شك و گومان و سەرچاوەی هەست بە غەدركردن سەیر بكرێت لە لایەن باجدەرانەوە، دواتریش وونبوونی تەواوی متمانە بە حكومەت و ئیجرائەتە داراییەكانی بەرامبەر بە هاووڵاتیان، بە جۆرێك هەستی نیشتیمان پەروەرییان بەرامبەر باج و باجدان لكەدار دەكات بۆ ئاستێك كە كار بۆ خۆدزینەوە لە باج بكرێت بە هەرشێوەیەك لە توانایاندا بێت.
دواجاریش، ڕاپۆرتەكە تێبینی كرد ئەو قەرەبالغیەی لەو فەرمانگانە دروست دەبێت بەهۆی باجدەرەوە نیە، بەڵكو بەشێكیان بە كاری فەرمانگەی ترەوە هاتوون بۆ نموونە وەك فەرمانگەی كارەبا، ئاو، خۆڵ، پشتگیری بۆ فەرمانگەی تۆماری خانوبەرە و ...هتد كە، دەكرا لە فەرمانكە تایبەتكەندەكانی خیان كاریان بۆ ڕاییبكرایە.
ئەنجامەكان
1.   سەرخانی فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە بەهێز و تۆكمەن لە ڕووی چۆنایەتی فەرمانبەرەكانی، چ لە ڕووی ژمارەی فەرمانبەرەوە، چ لە ڕووی گروپی تەمەن، قۆناغەكانی خوێندن و بەڵانسی ڕەگەز و هتد، بەڵام وەكو پێویست بەگەڕنەخراون و سود لە تواناكانیان وەرنەگیراوە.
2.   ئیدارەی سیاسەتی هۆشمەندی باجی خانوبەرە لە كوردستاندا، لە ئاستی پێویستدا نیە، چ لەسەر ئاستی فەرمانبەران چ لەسەر ئاستی باجدەری خانوبەرە، بە نیشانەی زۆری ناڕەزایەتیەكان و دەستكاریكردنی تۆمارە بنەڕەتیەكان و دووفاقی لە ڕاوبیرو بۆچوون و دیدی فەرمانبەرانی باجی خانوبەرە بە تایبەتی لە كارە ستراتیژیە گرنگەكان لە جێبەجێكردنی یاسا و ڕێنماییەكانی باجی خانوبەرە.
3.   ڕۆتینی كارگێڕی فەرمانگەكان لە ڕوانگەی هەردوو لای باجدەرەكان و فەرمانبەرەكانەوە، بە جۆرێك ئاستی ناڕازیبوون و بێزاری كەڵەكە بووە، كە ڕەنگە ببێتە جێگای هەوڵدان بۆ خۆدزینەوە لە باجدان بە هەموو شێوازێكی یاسایی و نایاسایی.
4.   هەستكردنی باجدەری خانوبەرە لە هەرێمی كوردستان بە نادادپەروەری بڕی باجەكانی خانوبەرە و پێویستە ئەم ڕاستیە بەكەم نەزاندرێت، چونكە لە هەستكردن بە غەدر وناداپەروەریەوە سەرچاوەی گرتووە، و ڕەنگدانەوەی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری.
5.   سیاسەتی باجی خانوبەرەی هەرێمی كوردستان، وادەردەكەوێت، هەموو تواناكانی لەسەر كۆكردنەوەی داهات لە باجدەر چڕكردۆتەوە ئەگەر لەسەر حسابی توانادارایەكانی باجدەری خانوبەرەش بێت، تەنانەت بە شێوازی نایاسایش، وەك نەگەڕاندنەوەی شایستەی باجدەر لە تۆماری ڕەدیات، پاكتاوكردنی ڕێژەی 50% پێشوەختەی باجی ساڵ بۆ ئەوەی مامەڵەكانی لە فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە بۆ بەڕێ بكرێت، یان بتوانێ مامەڵەی ناڕازیبوونی لە بڕی باج پێشكەش بكات، یان ئاستی بەرزی بێهیوابوون لە دەرئەنجامی پێشكەشكردنی مامەڵەی ناڕازی بوون و هتد.
6.   كۆنی یاسای باجی خانوبەرە و هەمواركردنی بۆ نزیكەی 27 جار و نەگونجاوی بۆ ئێستای كوردستان، هۆكارێكی گرنگە بۆ سەرلێشێوانی فەرمانبەر و باجدەر، بە تایبەتی لە 1959 وە زۆر فاكتەری بنەڕەتی یاساكە گۆڕاوە وەك، ژمارەی باجدەری خانوبەرە، فراوانبوونی وەزیفەی عەقار و خانوو و هتد.
7.   پێدانی پێشوەختەی باجی خانوبەرە بەڕێژەی 50% وەك لە یاساكەدا هاتووە نەگونجاوە چ لە ڕووی یاساییەوە چ لە ڕووی زەمەنەوە، چونكە ڕەنگە داهاتی خانوبەرەكە كە پێشوەختە پاكتاوكراوە گۆڕانكاری بەسەردابێت و مافی باجدەر قەرەبووناكرێتەوە بەتایبەتی كە، ئێستا تۆماری ڕەدیات ڕاناگیرێت و ڕەتكراوەتەوە.
8.   نەبوونی شەفافیەت لە كۆی داهات و خەرجی باجی خانوبەردا بە تایبەتی بواری خەرجنەكردنەكەی بۆ نموونە بۆ گەشەی خزمەتگوزاری لە ناوچەكاندا وەك قیر و خاشاك و كارەبا و ئاو و ..هتد.
9.   دەستەڵاتەكانی بڕیاردروستكەر لە فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە زۆر كەمە دەرئەنجام بۆتە هۆی لاوازكردنی پێگەی بڕیاردروستكەر لەو فەرمانگانەدا بۆ چارەسەری كێشە هەنوكەیی و ڕۆژانەكان. 
10. لە ساڵانی داهاتوودا  فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە دەگۆڕێن بە فەرمانگەی بەساڵاچوان چونكە ماوەی زیاتر لە 5 ساڵە فەرمانبەری تازەی بۆ نەهاتووە، كە ئەمانیش پێویستیان بە فێربوون ڕاهێنان هەیە، ئەمە لە داهاتودا دەبێتە گرفت بۆ قوڵبونەوەی قەیرانەكانی ئێستای ئەو فەرمانگانە.
11. وونبوونی كرۆكی هاووڵاتیبوونی باجدەر لە كۆی پڕۆسێسی سیستمی باجی خانوبەرەدا، بەو ئاڕستەیەی هەمیشە فەرمانبەر بە تایبەتی (لیژنەكان) خۆیان بە خاوەن ماف و لێزان و قسەڕۆشتوتر دەزانن لە باجدەر. ئەمەش لە كۆی پڕۆسێسی جێبەجێكردنی یاساكەدا ڕەنگی داوەتەوە بەشێوەیەك وەك دواندنی (مخاگبە) یەكتری بە دوو ئاستی جیاوازی بەرز و نزم، دەرئەنجام پەراوێزخستنی باجدەر و بەناوەندبوونی كارمەندی دروستكردووە لە سیستمەكەدا. بەشێكی زۆری كێشەكانی سیستمەكە لێرەوە سەرچاوەی گرتووە.

پێشنیارەكان
1.   لە بەرژەوەندی فەرمانگەكانی باجی خانوبەرەیە، كە گرنگی بدات بە ڕاهێنانی پیشەیی فەرمانبەرەكان بۆ كەمكردنەوەی دەلاقەی نێوان سیاسەتی باجی خانوبەرە و ناڕازیبوونی باجدەر.
2.   كەمكردنەوی ئاستی بەرزی ڕۆتین لە فەرمانگەكانی باجی خانوبەرەی هەرێمی كوردستان، كارێكی هەنوكەیی و سترایژی و گرنگە، چونكە بۆتە سەرچاوەی بەهەدەردانی كات و ماندوبوون و تێچوون بۆ هەردوولای هاوكێشەكە، فەرمانبەران و باجدەران، سەرەڕای لكەداركردنی متمانە و بڕوا و ڕاستگۆیی نێوانیان. بۆیە بەستنەوەی ئەلیكترۆنی فەرمانگەكان لە ناوخۆیان و لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تری حكومەت كارێكی زۆر پێویست و هەنوكەییە بە تایبەتی، كە ئەو فەرمانگانە كادیری شیاوی بۆ دروستكردنی ئەم فەرمانگە ئەلیكترۆنیە هەیە، كە پەیڕەوكردنی ئەم سیستمە بەتەواوی فەرمانگەكان و باجدەر ڕزگار دەكات لە شێوازی كۆن و كلاسیكی لە تەبلیغكردن و سزا و دواكەوتن و نەبوونی شەفافیەت و مەزەندەكردنی بڕی باج و هتد.
3.   زۆر لە بەرژوەندی فەرمانگەكانە، كە بتوانن متمانە و ڕاستگۆیی و دڵنیایبوون بگێڕنەوە بۆ باجدەری خانوبەرە و بنەبڕكردنی هەستی بەنامۆبوون لەبەر دەم ئەو فەرمانگانەدا بۆ ڕایكردنی مامەڵەكانیان، ئەمەش دەكرێت ئەنجامبدرێت بە كردنەوەی خولی تایبەت كە، چۆن فەرمانبەر مامەڵە لەگەڵ باجدەر و هاووڵاتیدا بكات هەر وەك چۆن كەرتی تایبەت دەیكات، چونكە لە كۆتاییدا بڕیاردەرەكان نەنگی ئەم كەموكوڕیەی فەرمانبەر لە ئەستۆ دەگرن. بەواتایەكی تر، گێڕانەوەی دبلۆماسیەت و گفتوگۆ بۆ بە ناوەندكردنی هاووڵاتی لە سیستمی باجداندا نەك پەراوێزخستنی وەك لە هەموو جومگەكانی سیستمی باجدا تێبینی دەكرێت.
4.   گرنگی دان بە سیاسەتی ناڕازیبوون (الاعتراچ)، كە كرۆكی نەهێشتنی متمانەی نێوان باجدەر و فەرمانگەی باجە، ئەمەش تەنها بە كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و گرنگیدان بە ڕای باجدەر و شەفافیەت لە مەزەندەكردنی بڕی باجە لەسەر مڵكەكان و كەمكردنەوەی هەنگاوەكانی پڕۆسیجەرەكەیە.
5.   خاڵی وەرچەرخان لە سیستمی باج كاتێك دروست دەبێت كە، حكومەت بە شەفافی ساڵانە بووجە بنێرێت بۆ پەرلەمان و پێگەكانی خزمەتگوزاریش لە بووجەدا دیاریبكرێت، لێرەوە پێگەی حكومەت و متمانەی بۆ ئاستێك دەگەڕێتەوە و هاووڵاتی هیوای بە دامەزراوە و سەروەری یاسا دروستدەبێتەوە ئەمەش بناغەی تۆكمەی حكومەتی ڕەشیدە، لێرەشەوە باجەكان بۆ ئاستێكی باش دۆستایەتی باجدەری بۆ دروست دەبێت هەر وەك ووڵاتانی ئەوروپا كە، باجدان بە پایەیەكی نیشتیمانسازی سەیر دەكەن. 
6.   هەمواركردنەوەی یاسای باجی خانوبەرە كە تەمەنی دەگاتە 63 ساڵ لە ووڵاتێكی تازە گەشەكردوودا كە، گۆڕانكاریە ئابووری و كۆمەڵایەتیەكان خێراتر تیایاندا ڕوودەدات، ئەمەش دەخوازێ یاسا و ڕێنماییەكان هەمیشە گونجاوبن لەگەڵ سروشتی ئەو گۆڕانكاریانە.
7.   زۆر گرنگە ئەندام پەرلەمان و بڕیاردروستكەرەكان، خولی ڕاهێنان ببینن بە پێی تایبەتمەندێتی لیژنەكانی پەرلەمان و كاری بڕیاردروستكەرەكان بۆ ئەوەی هۆشمەندی پیشەییان تیادروستبكرێت كە، تواناسازی پێویستیان هەبێت و بتوانن تێكەڵاوی سیستمی زانیاریوەرگرتن و زانیاریدان ببن بە تایبەتی كارەكانی ڕێكخراوە ناحكومیەكان، چونكە كارەكانی ئەم ڕێكخراوانە ئەو كەلەبەرانە پڕ دەكەنەوە كە، لە نێوان حكومەت و خەڵكدا هەیە و دەستی حكومەت نایانگاتێ‌ بۆ پڕكردنەوەیان بە تایبەتی لە بوارەكانی پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی و ئابوری.
8.   گێڕانەوەی هاووڵاتی بۆ ناوەندی سیستم (بە ناوەنكردنی هاووڵاتی) نەك هەر لە فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە بەڵكو لە هەموو فەرمانگەكاندا، چونكە ئەسڵ فەرمانگە بۆ خزمەتی هاووڵاتیە لە ڕێگەی نوێنەرەكانیەوە لە هەر سێ دەستەڵاتەكەدا. ئێستا ئەم خاڵە لە سیستمی كوردستاندا پێچەوانە بۆتەوە بۆیە نامۆبوون جێگای نیشتیمانسازی گرتۆتەوە.