راگەیەنراوی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر بەبۆنەی 8ی مارس

کوردستان 08/03/2023



بەبۆنەی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ژنانی کوردستان و جیهان دەکەین  و بە رێز و ساتیشەوە لە خەباتی فێمێنیستی ژنان و پیاوانی جیهان و کوردستان دەڕوانین.
ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز...
لە کاتێکدا یادی ئەم رۆژە پیرۆزە دەکەینەوە، بە داخەوە رەوشی ژنان لە جیهان و کوردستانیش لەوپەڕی خراپی و لە ژێر هەڕەشەی چەوساندنەوەدایە، هەر لەم ساتەدا لە ئێران کچە خوێندکارەکانی ئەو وڵاتە کەوتونەتە بەر هەڕەشەی ژەهربارانکردن و تا ئێستا سەدان قوتابخانەی کچان لەو وڵاتە ژەهرباران کراون و سەدان کچیش ژەهراوی کراون، کە پێمانوایە عەقڵیەتێکی دژە ژن و دژە ئازادی لە پشتی ئەو کارە قێزەونەیە.
لە هەرێمی کوردستانیش جگە لەوەی کولتوری دواکەوتویی باوکسالاری، هێشتا دەستی خستۆتە  بینە قاقای ئازادیی ژنان، هاوکات لەلایەن داعشبیرەکانەوە، بە بەرنامە هێرشی ناڕەواو سوکایەتی بەو کەسانە دەکرێت کە خەبات بۆ یەکسانی و ئازادی ژنانی ئەم وڵاتە دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیایان پڕکردوە لە جوێن و سوکایەتی بە ماڵ و منداڵی کەسانی ئازادیخواز، دەسەڵاتیش لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا بە بێ دەنگی لەم دۆخە دژوارە دەڕوانێت.
لەم یادەدا بە هەلی دەزانین بانگی تەواوی رێکخراو و کەسایەتییە ئازادیخواز و لایەنە دیموکراتخوازەکان بکەین کە کۆدەنگیەک دژ بەم رەوشە دروست بکەین و دەسەڵاتی سیاسیش ناچار بکەین کە سازش لە ئازادیی و مافی ژنان نەکات.
هەر بەم بۆنەیەوە، بەڵێنی مێژوویی خۆمان دوپاتدەکەینەوە کە لەسەر خەباتی یەکسانی و ئازادی ژنان بەردەوام دەبین، وەک چۆن لە رابردودا بێ هیچ سڵەمینەوەیەک بە گژ عەقڵیەتی باوکسالاری و ژنکوژی و پێشێلکردنی مافی ژناندا چوینەتەوە.

تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر
8/3/2023