مەلا بەختیار: دیموکراسی ئەوە نیە چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن بکرێت

کوردستان 06/03/2023

 

مەلا بەختیار: ئێستا چەمکی زاڵی سەردەم تاکگەراییە، نەک کۆمەڵگەرایی
"ئازادی و دیموکراسی لەتێنەگەیشتنەکانی تاک لەسەردەمی تەکنەلۆجیا، هیچ مانایەکی نامێنێت!"
لەکۆبوونەوەیەکدا کە ئەمڕۆ (6/3/2023) لەگەڵ تۆڕی گشەپێدانی بەردەوام، کە لەژمارەیەک رێکخراوی مەدەنەنی پێکهاتوون، بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: خەباتی مەدەنی و پیشەیی خەمێکی رۆژانەیە. خەم سەعات بە سەعاتە و پەیوەندی بەژیان و گوزەرانەوە هەیە. پەیوەندی بەهەست و هەڵوێستەوە هەیە، پەیوەندی بەچارەنوسی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی و پەیوەندی بەئازادییەکانەوە هەیە. هەروەها پەیوەندی بەچۆنێتی بونیادینانی کۆمەڵی مەدەنیشەوە هەیە.
لەبەردەوامی دیدارەکەدا، مەلا بەختیار، تێڕوانینەکانی سەبارەت بە کۆمەڵی مەدەنی و دیموکراسی خستەڕوو، رایگەیاند:
ئێستا دیموکراسی رەهەندی دیکەی پەیدا کردووە، قوڵایی دیکەی لەژیانی سەردەم و کۆمەڵ و تاکەکنی سەردەم پەیدا کردووە. لەسەرەنجامی گەشەکردنی سیستەمەکانی دونیا و دەستکەوتەکانی پێناسەی نوێشی پەیدا کردووە. ئێستا دیموکراسی بەتەنها ئەوەنییە ئەم حزب لەحکومەتبێ یان ئەو حزب لەحکومەتبێ؟ دیموکرسیش هەر ئەوەنییە چوار ساڵ جارێک مافت بداتێ و هەڵبژاردن بکرێت و لەو چوار ساڵەشدا لێبگەڕێی هاووڵاتی خۆی حوکم بکات و خزمەتی هاووڵاتی نەکات! ئەم چەمکە لەدونیادا بونی نەماوە، چونکە دیموکراسی پەیوەندی بەخێزان، بە تاک، بە پەوروەردە، بەدەستکەوت رۆژانییەکان و بە هەستی خەڵکەوە هەیە. ئەوپەڕی پەیوەندی بەئازادی تاکەوە هەیە و ئێستا چەمکی زاڵی سەردەم تاکگەراییە، نەک بە تەنها کۆمەڵگەرایی! چونکە ئازادی تاک پەیوەستە بەئازادی گشتییەوە، ئازادی گشتیش پەیوەستە بەئازادی تاکەوە. 
تەئکیدیشی کردوە: ئەگەر ئازادی و دیموکراسی، لە تێنەگەیشتنەکانی تاک لەسەردەمی تەکنەلۆجیا، لەسەردەمی تەکنیک، لەسەردەمی سۆسیالمێدیا داببڕین، هیچ مانایەکی نامێنێت! ئێستا دیموکراسی ئەوەندەی پەیوەندی بەبازاڕ، بە ئازادییەکانی تاک و زۆرتر بەمافی ژنەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندی بەدەسەڵاتەوە نییە! هەربۆیە شەرمدەکەیت کاتێک باسی دیموکراسی لە سیستەمەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکرێت، چونکە ناکرێ ناو لەخۆمان بنێین دیموکراسی و مافی ژن ئەوەبێت کە هەیە، خەباتی مەدەنی و پیشەیی ئەوەبێت کە دەیبینین، رەخنەگرتن و قبوڵکردنی ئەوەبێت کە هەیە.
راشیگەیاند: ئێستا کە سەردەمی جیهانگیرییە و سەرجەم سنورەکان سڕاونەتەوە، تەنانەت گفتوگۆ لەسەر گۆڕینی ئاسایشی نەتەوەیی هەیە، بەڵام ئێستا بەسەدان سەرمایەدار و کۆمپانیا، لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان، خۆیان دەگەیەننە هەر قوژبنێکی دونیا کە بیانەوێت، ج کۆمۆنیستیی یان سەرمایەداری بێت. هەموو ئەمەش سەرەنجامی گۆڕاوی سەردەمی نوێ و حوکمڕانییە، کە بە سەردەمی تەکنیک و تەکنەلۆجیاش پێناسە دەکرێت. کۆی ئەمانەش پەیوەندی بە دیموکراسی و لیبرالیزمەوە هەیە. جەوهەری لیبرالیزمیش ئازادی بازاڕە، هەموو کەسێک لەدونیادا ئازادە لەبازاڕدا، سەرمایەی هەبێ، بیخاتەکار و قازانج بکات.
رونیشیکردەوە: لەئێستادا کوردستان لەقۆناغی گوزەری دیموکراسیدایە و ئەو گەندەڵی و چاوچڵێسییەی لەلای مەسئول و کاربەدەستان هەیە، هی ئەم قۆناغەیە، کە پڕە لەکێشەوبێشە، لەململانێ، چڵێسی، خواردنی ماڵی خەڵک، نەبوونی سەروەری یاسا و ئێوەش بەچاوی خۆتان هەموو ئەوانە دەبینن و لەروانگەیەشەوە دۆخی عیراق و کوردستانی هەڵسەنگاندو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە بزوتنەوەی دیموکراسی و خەباتی مەدەنی لەسەرەتادایە.
دیموکراسی و مەدەنییەتیش بەبێ یەکتر کامڵ نابن، چونکە پەیوەندی ئۆرگانیکی لەنێوانیاندا هەیە.
مەلا بەختیار، لەکۆتایی دیدارەکەدا، جەختیشیکردەوە: ئەرکی کۆمەڵی ئێمە لەخەباتی مەدەنی و بۆ دیموکراسی، قورسترە وەک لە ئۆرۆپا، چونکە ئۆرۆپا خاوەنی پاشخانێکی گەورەی ئەقڵ و مەعریفە، فکر و فەلسەفە و ئابوری بوون و وتیشی: ئێوەی رێکخراوە مەدەنییەکان دەبێ بزانن هەر گۆڕانکارییەک بێتە ئاراوە لە سود و قازانجی ئێوەدایە، نەک فەرامۆشکردنی مەدەنییەت. بۆیە باوەڕموایە هەنگاو بەهەنگاو خەباتی مەدەنی لەکوردستان دەچێتە پێشەوە، ئەگەرچی دەکرا زۆرتر لە پێشەوە بوینایە، ئەگەر ئەم حکومەتەی خۆمان و دەسەڵاتەکەی لەئاستێکی تردا بونایە.