شینبوونی بەرد یان پیاسەیەك بەنێو سیحری گێڕانەوەدا ..

رۆشنبیری 21/01/2023

د. سەروەر عەبدوڵا
شینبوونی بەرد کۆکاری پێنج کۆمەڵە کورتە چیڕۆك و نۆڤلێتێکی کورتی چیڕۆکنووس و ئەکادێمیک و وەرگێڕی بەتوانی کورد د. موحسین ئەحمەد عومەرە، ئەزموونێکی هونەریی گێڕانەوەی چڕوپڕە لە شەپۆلە فیکرییەکان ئەزموونێکە بەرجەستەی وردە گڕێی ئەو ڕووداوو بەسەرهات و حالەتانەیە پرسی مرۆڤ دەگێڕیتەوە.
لەم کۆمەڵە کورتەچیرۆکەدا خەون و خۆشەویستی و هیوا و هەوراز و نشێوی ژیان و پەژمووردەیی و بابەتە چارەنووسسازەکان، زۆر هونەریانە تێکەڵ بە زات و زەین و لێکدانەوە و ڕامانی ورد ورد و هەڵوەستەی هزریی دەکرێت. پڕۆسەی نووسینی ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە وەک شێرکۆ بێکەسی مەزن زۆر زیرەکانە ئاماژەی بۆ دەکات پەڕینەوەیە لەو جیهانە ڕۆمانتیکییەی دەمێکی درێژە ملی گێرانەوەکانی کوردی گرتووە و لێی نابێتەوە.
نووسین لە لای موحسین ئەحمەد هەر لە بنەڕەتدا چوونە نێو دۆخی مانا مرۆڤایەتییەکانە، مانا بەو چەمکەی هەر دەستەواژەیەکی گێڕانەوە نابێت لە فیکر دابڕاو بێت، بەڵکوو پێویستە بەشێکی سەرەکی بێت لە گوزارشتێكی هونەریی یان بەشێک بێت لە ڕامانێکی قووڵ، کە مرۆڤی سەردەم لە نێو چەنگەڵستانەکەیدا هاموشۆی دەکات، لە کاتێکدا پێویستە نووسەر ئەوە لەبیر نەکات سیحری گێڕانەوە و میکانیزمی دەربڕین و داڕشتە و بیناسازیی تێکست و ئەرکەکانی زمان بپێکێنێت دواجاریش هونەری گەیشتن بە خوێنەر دوا وێستگەی بێت. بەم پێودانگە و بەم لۆژیکە نووسەر ڕەفتار لەگەڵ بابەتی گێڕانەوە دەکات.
کورتە چیڕۆکەکانی شینبوونی بەرد هەر لە ناونیشانەکەیە خوێنەر بۆ ئەو پرسیارە بکێش دەکات: ئەدەبی ڕاستینە ئەو ئەدەبەیە نابێت هەر دیلی داڕشتەی ئەو گێڕانەوانە بێت کە لە ڕۆژانەی ژیانماندا دەیبینین، بەڵکوو پێویستە کورتە چیڕۆك بژاردن و لێگرتن بێت لەو چرکەساتە جوانانەی ڕەهەندێکی فیکریی بە خۆوە دەگرن، گێڕانەوەی خەون و خەفەت و زار و زمان پەرۆشی و پەژمووردەیی و خۆشیی و ناخۆشی، هیچ مانایەکی ڕاستینەیان نییە ئەگەر دواجار تێپکهەکێشێكی ئەو بابەتە فیکرییانە نەبن، کە لە دیالێکتی بوون و نەبوون و ڕامان و شەپۆڵە فیکرییەکانەوە سەرچاوەی دەگرتبێت، بۆ نموونە بێهوودەیی و ئازادی و کۆشش و خولانەوە لە بازنەی بەتاڵ و چاوەڕوانیی و خەونی گەیشتن بە ئامانجە جوانەکان لە نێو داڕشتەی چیڕۆکەکانەوە زۆر بەڕوونی بە دیار دەکەوێت، جێگەی ئاماژەیە کاریگەری ئەدەبی سەدەی بیستویەکی فرەنسی بەسەر هاماجی زۆرینەی ئەم کورتە چیڕۆکانەوە دیارە.
زۆر جار لە نێو خوێندنەوەی ئەم کورتەچیڕۆکانەدا خوێنەری زیرەك دەگاتە ئەو بڕوایەی ئەم چیڕۆکانە بۆ خوێنەی دەستە بژێر نووسراون بەڵام لە زار و زمانی ڕەوان و جونی تێکستەکان دەسمان دەگرێت بۆ ئەو ڕاستینەیەی ئەم تێکستانە لە یەک کاتدا بە هەردوو ئاراستە نوسران بۆ دەستەبژێر و بۆ ئەو خوێنەرەی تەنها بەدوای چەژی گێڕانەوەدا دەچێت.