بازنەکانی پلاتفۆڕمی دابڕان: رێز لە پیرۆزیەکانی خەڵکی کوردستان دەگرین

کوردستان 14/01/2023

رۆژی 14/1/2023 بازنەکانی پلاتفۆڕمی دابڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام داو تێیدا هەڵسەنگاندنی بۆ کاروبارەکانی رابردوو کردو پلان و بەرنامەی داهاتوشی تاوتوێکرد.
سەرەتای کۆبونەوەکە راپۆرتی بازنەکان لەلایەن د. ماجید خەلیل، سەرپەرشتیاری بازنەکانی دابڕان خوێندرایەوە کە تێیدا کارو چالاکیەکانی ساڵێکی خستەڕوو. هەروەکە جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوام دەبن لەسەر ئەو ستراتیژەی هەر لەسەرەتاوە کاریان لەسەر کردوە ئەویش رێز گرتنە لە پیرۆزیەکانی خەڵکی کوردستان و ئازادیەکان و بەردەوام بونە لەسەر خەباتی رۆشنگەری و عەقڵانی.
دواتر، مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری گشتیی پلاتفۆڕمی دابران، وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا جارێکی دیکە ستراتیژی پلاتفۆڕمی دابڕانی رونکردەوەو بەربەست و رێگریەکانی بەردەم رۆشنگەرانیشی خستەڕوو.
مەلا بەختیار لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوی تەمەنی پلاتفۆڕمی دابڕان، هێرش و فشاری زۆر لەلایەن بۆ سەر رۆشنگەران و ئازادیخوازان زۆر بوەو، زۆرترین فشارەکانیش لەناو خەباتی رۆشنگەری بۆ سەر پلاتفۆڕمی دابڕان بوە.
مەلا بەختیار جەختی لەوە کردەوە پێویستە کاری هاوبەش و یەکگرتویی لە نێوان رۆشنگەراندا بێتە دی و خەباتەکە هەمەلایەنە بێت بۆ ئەوەی بەهێزتر بین بەرامبەر ئەو هێرش و فشارانەی دەکرێنە سەر سیکۆلار و رۆشنگەر و دیموکراتخوازەکان. بۆ ئەو مەبەستەش بە پێویستی زانی گرنگی و بایەخی زیاتر بە سۆشیال میدیا بدرێت و بخرێتە خزمەتی خەباتی رۆشنگەریەوە.
هەروەک لەبارەی ستراتیژ و بەرنامەی پلاتفۆڕمی دابڕانیش، جەختی لەوە کردەوە هێرشە ناڕەواکان ئێمەیان رانەکێشا بۆ پەرچەکرداری ناعەقڵانی، بەڵکو لۆژیکمان لەدەست نەداو خەبات دەکەین کە دابڕان دانەبڕین لە بۆچون و نەریتە تەندروستەکانی کۆمەڵ و کار بۆ ئەوە دەکەین کە ئازادیەکان بۆ هەموان بێت و هاوسەنگ بێت.
وتیشی: لەبەرامبەر هێرش و هەڕەشە و جوێنی داعشبیرەکانی ناو سۆشیال میدیا، دەبێت بە بێ ترس روبەڕویان ببینەوە، بەڵام دور لە توندڕەوی. چونکە گۆڕینی عەقڵ پرۆسەیە کودەتا نیە.
دوای تەواوبونی وتارەکەی مەلا بەختیار، نوێنەرانی بازنەکانی پلاتفۆڕمی دابران، بەشداری گفتوگۆی کۆبونەوەکەیان کردو سەرنج و بۆچونەکانی خۆیان خستەڕوو. زۆربەیان هاوڕابون لەسەر بونی ئەو مەترسیە لەژیانی واقعی و مەجازی کۆمەڵی کوردەواریدا هەیە لەسەر دیموکراسی و رۆشنگەری. بۆ ئەو مەبەستەش بە پێویستیان زانی هێزە رۆشنگەرەکان، خەباتی دیموکراسی و کاری پێکەوەیی و هاوبەش ئەنجام بدەن و پێکەوە روبەڕوی ئەوە مەترسیانە ببنەوە.