عەلی حەمەساڵح توشی فۆبیای مەلا بەختیار بووە!

کوردستان 08/01/2023


بەشی توێژینەوەی چاودێر

عەلی حەمەساڵح باسی (30) ساڵ ئیمكانیەت‌و دەسەڵاتی مەلا بەختیار دەكات.. گوایە خۆی‌و ماڵ‌و مناڵی لە ناز و نیعمەتدا دەژین. لەكوێی بووە ئەو ئیمكانیەتە؟
یەكەم: كاكە عەلی.. كەس نەبوو لەكوردستاندا بەقەد شادڕەوان نەوشیروان مستەفا زانیاری لەسەر حكومەت‌و گەندەڵی‌و گەندەڵكاران هەبێ‌.. لەناو یەكێتیشدا مەلا بەختیار لەپێشەوەی سەركردەكان بوو بۆ بەرگری لە یەكێتی بەرامبەر گۆڕان.. ئەوكاتە گۆڕان‌و جەنابی عەلی حەمەساڵحیش دەتانویست یەكێتی بڕوخێنن‌و سەركردەكانی یەكێتی‌و مام جەلالتان وەكو كەسێكی دڕندەی دوژمن بە دیموكراسی‌و جەردە ناودەبرد. دەپرسین: نەوشیروان مستەفا بۆ توانی بەڵگە لەسەر زۆر گەندەڵ بڵاوبكاتەوە.. ئەی بۆ نەیتوانی بچوكترین بەڵگەی گەندەڵی لەسەر مەلا بەختیار بسەلمێنێ‌؟
دووەم: مەلا بەختیار، وەكو هەموو سەركردەیەكی یەكێتی ئەرزەی وەرگرتووە. یەكێتی خانووی بۆ كردووە. جگە لە موچەكەی.. بودجەی یەكێتیشی لەبەردەست بووە. بەڵام هەرگیز مەكتەبی دارایی یەكێتی بۆ یەك جاریش نەیانتوانیووە مەسرەفی نابەجێ‌ لەسەر مەلا بەختیار باسبكەن. بەڵكو زۆربەی بودجەكەی بۆ كەسوكاری شەهید پێشمەرگەو خەڵكی هەژار سەرف دەكرد. دەتوانرێ‌ ڕاستی ئەم مەسەلەیە لە چاودێری دارایی بسەلمێندرێ‌. ئەگەر واش نییە با زانیاریەكان لەسەر مەلا بەختیار بڵاوبكەنەوە هەتا خەڵك ڕاستیەكان بزانێ‌.
ئێستاش وەكو ئەندامی ئەنجومەنی باڵا، بۆ مەسرەفی هاتوچۆو سەیارەو ڕۆژانەی بارەگاكەی بودجەی بۆ تەرخان كراوە. ئەمەش حەڵاڵی پێگەو مێژووی خەباتێتی. نەك وەكو قارچك بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە هەڵتۆقیبێ‌. ئۆپۆزسیۆنیش نابوت بكات.
سێهەم: ئەوەی ئێمەش بزانین چالاكیەكانی دابڕان‌و بنكەی گەلاوێژ، بە سپۆنسەر ئەنجامدەدات.
لەكۆتاییشدا دەڵێین:
عەلی حەمەساڵح مانگانە چەند وەردەگرێ‌؟ هەشت ساڵە لە پەرلەمان چەندی وەرگرتووە؟ چەندیشی بەخشیوەتە خەڵكی نەدار.. با شەفافانە باسی بكات. هەموو مانگێك بە مۆڵی موچەی پەرلەمان وەردەگرێ‌.. ساڵانە زیاتر لە (80) ملیۆن دینار.
قسەکانمان بەوە قفڵ دەدەین‌و دەڵێین:
عەلی حەمەساڵح.. مادام ناتوانێ‌ باسی گەندەڵی بەپرس‌و كوڕو كچی بەرپرسەكەی خۆی‌و نزیكەكانی بكات.. باسی میراتەكانی گۆڕان‌و سەدان ملیۆن دۆلاری دەست بەسەرداگیراوی حیزبەكەی خۆی بكات.. ئیتر هەر ڕەخنەیەكی لەسەر خەڵكانی تر  هەبێ‌.. جێگەی گومانە.