بەشێک لە قەسیدەی : کۆتایی دونیا!
(هەندێک لە هاوڕێکانم لێرە نابن کە دونیا کۆتایی دێ .. یادیان بەخێر !)
تێکستی : جەمال غەمبار
بێزار بووم لە خۆم !
بێزار بووم
هێندەم شەرابی سوور نۆشی !
دەترسم رۆژێک وەک دەروێش
شووشەکەشی داکرمێنم !
پێش مردن
ئەبێ رۆژێک
داوای لێبووردن لە گەدەم و جگەرم و
لە گورچیلەکانم بکەم !
ئاخر بە سەدان بەرمیل ئەلکهولم تێکردوون !
هەموو جارێ کاک کەمال سابیر
ئەیوت :
(( من بە قەد درێژیی بۆرییە
نەوتەکانی نێوان کەرکووک و
بەندەری جەیهان لە تورکیا
مەشرووبم خواردۆتەوە !
ئەو ئەیوت ؛
کارەسات ئەوەیە
من تێر ئەبم لە عارەق !
کەچی هێشتا خەڵک
بۆ نەوت ، سەرە ئەگرن ! ))
یەکەم بیرەی ساردم لە یانەی کرێکاران
لە کانێسکان خواردەوە
ئێوارە بوو
پێکەوە لەگەڵ کاک حەمە عومەر عوسمان (ئەوکات هێشتا نەببوو بە ژەنەراڵی پایز) و کاک کاوە جوتیاردا بووین !
دوای سەرخۆش بوون ؛
هاوارمان ئەکرد ؛ بژی پرۆلیتاریا !
ئەو ڕەفتارەمان زۆر باشتر بوو لەوەی
بچین شەڕە گەڕەک بکەین !
ئاخر هەر حەمە عومەریش
منی خستە سەر کەڵکەڵەی
خوێندنەوەی مارکسیزم !
ئەو رۆژگارە حەمە عومەر ،
باوەڕی تەواوی بە ژیان هەبوو !
هەموو جارێ ئەو بەیتە شیعرەی
لەبەر خۆیەوە ئەوتەوە ؛
( ئەم زەمینە
وەکو لۆکەی سەر برینە !)
وا بزانم ئەو بەیتە شیعرە هی
سامی شۆڕش بوو !
جاران ، من و
هەندێ لە هاوڕێ شاعیرەکانم
پێمان وابوو ،
جوانترین شیعر
لە سەرخۆشییدا نەبێ ، نانووسرێ !
درۆیەکی چەند گەورە و
خەیاڵێکی چەندە پووچ بوو ئەو قسەیە!
ئاخر شیعر بۆ خۆی
جۆرێکە لە مەستبوون !
شتێکی ترم لە بیرە :
جارێکیان حەمە عومەر ئەیویست
هەر خۆی بە تەنیا بچێ بۆ یانە .
فاتیح عیزەدین لە پێش ئەودا
گەیشتبووە بەردەم یانەی کرێکاران
حەمە عومەر سوێندی دابوو ؛
- فاتیح ، توو سەری (پوشکین) بگەڕێوە
لێم گەڕێ با تەنیا بم !
(پوشکین - شاعیرێکی گەورەی ڕوسیایە)
فاتیح (پوشکین)ی زۆر خۆش ئەویست !
بەو سوێندە
یەکسەر گەڕابۆوە بۆ گازینۆی (ئەوقاف)
لە نزیک بەر دەرکی سەرا
بەرامبەر سینەما ڕەشید .
ئەو گازینۆیەی کەوتبووە ژێر دائیرەی
(ئاو و ئاوەڕۆی سلێمانی ) !
گەر زاکیرەم خراپ نەبووبێ ،
ئەو دەمی هەریەکە لە
شێرکۆ بێکەس و
رەووف حەسەن
لەوێندەرێ ، لەو دائیرەیە
فەرمانبەر بوون !
ڕوحیان شاد !
ئا بیرم کەوتەوە ؛
ئەبێ رۆژێک
من داوای لێبووردن
لە سییەکانیشم بکەم
ئاخر بیست و پێنج ساڵی ڕەبەق
سیخناخم کردن بە نیکۆتین و
دووکەڵی جگەرە !
ساڵی 2005 لەسەر دەستی
دکتۆر ئییان کە پزیشکی ددان بوو
جگەرەم بۆ یەکجاریی تەرک کرد !
یەکەم کەس کە فێری
جگەرە کێشانی کردم
کاک هیدایەتی عەبدوڵڵا حەیران بوو
(یادی بەخێر ) ..
ئەو دەم کاک هیدایەت شیعرێکی نووسیبوو
بە ناونیشانی (هۆ شۆخە پاڵتۆ سەوزەکە !) .
برادەرێکی ترمان هەبوو
(ئێستاش لە ژیاندا ماوە )
حەزی لە کچێک کردبوو
پاڵتۆکەی سەوز بوو
بە کاک هیدایەتی وت ؛
ناونیشانی ئەو شیعرە بدە بە من
(پەنجا دینار)ت ئەدەمێ
کەچی ، پێی نەفرۆشت !
(من باسی زەمانێک دەکەم
یەک دینار دەیکردە سێ دۆلار .
چ جای پەنجا دینار ! )
دواتر ، نازانم بۆچی من
شیعرەکەم تەرجەمەی
عەرەبی کرد و ، بڵاومان کردەوە !
یادت بەخێر کاک هیدایەت ..
ئەو ، لە حەوت ساڵییەوە عاشق بوو !
ئەو خۆی ئەیوت ،
من لەوەتەی هەم عاشقم !
یادت بەخێر کاک هیدایەت
ئێستاش نازانم
بۆچی مامۆستا عوسمان چێوار
ناوی نابوویت «چیخەف » !
چێوار ، کە سەفەری دەکرد
لە سەفەردا
قسەکەی
(شەمسی تەبرێزی)ی دەگوتەوە
کە ئەڵێ :
(لە سەفەری شوێنەکان گرنگتر،
سەفەری ناو ویژدانە.
بەچی ئەچێت
تۆ شوێنەکان بگۆڕیت
بەڵام خۆت هەر خۆت بیت ).
زۆر هاوڕێی دیکەم ماون ،
دەبێ لە داهاتوو
یادەوەرییم لەگەڵیان باس بکەم !
هەموویانم خۆش ئەوێن .
-----------------------------------------------------
ئوسترالیا - 2022