پێشمەرگەی ناکام، بەڵام ماندوونەناس

کوردستان 29/12/2022

 

پێشمەرگەی ناکام، بەڵام ماندوونەناس
"بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی کتێبتی لەبری بیرەوەری، نووسەر مەلابەختیار"
د. خالیدی تەوەکولی- کۆمەڵناس

(2-2)

•رەخنە لە لاوازیی تیۆریی و دژەبەریی نێوان تیۆر و کردار: لە روانگەی مەلا بەختیارەوە، زۆرینەی رابەرانی حیزبەکانی کوردستان، توانای تێگەیشتنیان لە تیۆرە سیاسی و مارکسیستییەکان نییە. هەر لبەر ئەمە، هەرچەندە بە رواڵەت خۆیان بە پەیڕەوی مارکسیسم- لینینیسم دەزانن بەڵام بە کردەوە بە رێگەیەکیتردا هەنگاو دەنێن. تەنانەت ئەوانەشی دەرکێکی درووستایان بۆ تیۆرییکان هەیە، کردەوەکانیان لەسەر بنەمای ئەو تیۆرییانە نییە. دەربارەی "عومەر شێخ موس" دەنووسێت: « رەنگە لە ناو کوردا کەم خوێنەوار و خەڵکی تێگەیشتوی وەکو هومەر هەبێ. جوامێرێکی سەر راستە. کێشەی ئەم کەسانە کە لە دەرەوە ژیاوون و گەورە بوون، ئەوەیە، تاراوگە بە چەشنێ فشار بۆ رۆحیان دەبات، زیاتر لە خەڵکی وڵات شەیدای کوردستان و کوردایەتی دەبن. شەیداییەکەش، هەندێک جار، دەجێتە قاڵبی رۆمانسی." ُ(هەمان: 389-388). 
ئەو یەکەمین کۆنگرەی کۆمەڵە بە دەستکەوتێکی خەباتگێڕانەی گرنگ دەزانێت کە دەبوو لە میانەیدا بونیادە ئایدۆلۆژییەکانی کۆمەڵە دابڕێژرێن. سەرباری ئەمەش، رەخنەی جددی لە دۆخی سەپێنراوی سەر کۆنگرە هەیە: «چەند خۆش بوو، بە سروودی ئینتەرناسیۆناڵ، کۆنفرانس کرایەوە. بەڵام چەندیش ناخۆش بوو، بڕیارەکانی کۆنفرانس، بەک رەنگدانەوەیگیانی ئینتەرناسیۆناڵ نەبوو، بەڵکو بە ئەقڵیەتی سەدەکانی ناوەڕاست، بۆ یەکتر شکاندن، ئاراستەی کۆنفرانس کرا.» (هەمان: 356). وەکو چۆن، سەبارەت بە پرسیارێکی هەستیار و ستراتیژیی وەکو "پرسی کورد، تەنها یەک پرسە یان چوار پرس؟" بە بپچوونی مەلا بەختیار، هەژاریی تیۆریی دەبێتە رێگری ئەوەی بڕیارێکی درووست بدرێت و هەندێک لە رابەرەکانی کۆمەڵە، رای گشتی و هەستی ئەندامانی کۆمەڵە چەواشە دەکەن: «کە لەسەر ئەو کێشانە تێکڕا، بە لاوازی مشتومڕی فکری و فەلسەفی دەکرا، بە گشتی دەرکەوت، کە ئاستی تیۆری سەرکردەکانی کۆمەڵە دوای (١١) ساڵیش لە دامەزراندن، نزمە. ئەو ئاستە تیۆرییە نەبوو، کە توانای بەسەر گرفتە تیۆریەکاندا بشکێ.» (هەمان: 357). ئەم رەخنەیە بەرامبەر بە نەوشیروان مستەفاش بە رەوا دەزانێت: «لە ناوماندا، نەوشیروان مستەفا، لە داڕشتن و لێکدانەوەدا لە هەموان باشتر بوو. بە میتۆدی زانستی وتارەکانی دەنوسی. کوردیەکی پاراوی دەزانی. بەڵام کە مشتومڕە تیۆرییەکان لەناو دانیشتنەکاندا قوڵدەبوون، نەک لە رووی تیۆری مارکسیزم و چەپەوە، توانایەکی زۆری نەبوو، بەڵکو بۆ هیچ بوارێکی فەلسەفەی تریش، پێی نەبوو. خۆی کەسێکی ناسیۆنالیستی بوو.» (هەمان: 357).      
ئەم چەواشەکاریی و دووفاقییە لە کۆنگرەی دووەمیشدا درێژە دەکێشێت. مەلا بەختیار هەلومەرجی کۆنگرەی دووەم بەم شێوەیە دەخاتە روو: "لەم کۆنفرانسەشدا، تەواوی کۆنفرانس بایەخێکی ئەوتۆی بە فەلسەفە و ئایدۆلۆژیەت، لەو سەردەمەدا نەدا. ئەندامانی کۆنفرانس، بە سەرکردایەتیشەوە، بێئاگا بووین لەوەی مشتومڕێکی فراون لەسەر مارکسیسم هەیە. بەتایبەت لەسەر لینینیزم." (هەمان: 392). 
•رەخنە لە بڕیاری سۆزدارانە و هەڵچووانە: مەلا بەختیار سەبارەت بە پاڵپشتی سەربازیی حیزبی دیوکراتی کوردستانی ئێران، رەخنە لە بڕیاری پاڵپشتی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا دەگرێت کە ئەم کۆمەکە  «زۆرتر شتێکی (عاگفی) بوو، تا لێکدانەوەی سیاسی وهەڵسەنگاندنی روداوەکان» (هەمان: 368). دیارە نەوشیروان مستەفاش جەخت دەکاتەوە کە ئەو بڕیارە (عاتیفی) و سۆزدارانە بووە. لێرەدا مەڵا بەختیار ئەم پرسیارە دەخاتە روو کە «چارەنووسی شۆرشێک، چۆن دەشێ بە عاتیفی بدرێت و لە ئەنجامدا، شۆرشکە بخرێتە ناو سێ هێز و سێ پیلانی ترسناکەوە؟» (هەمان: 369). 
ئەو بۆ ئەوەی ئاشکرای بکات رەخنە و نارەزاییەکانی بەرامبەر بە بڕیاری سۆزدارانەی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، ئەقڵڵانی و درووست بووە، ئاماژە بۆ دیداری نێوان مام جەلال و عبدالرحمن قاسملود دەکات کە مەلا بختیاریش ئامادەی بووە. ئەم دیدارە پاش شکست و کشانەوەی سەرتاسەرییِ حیزبی دیموکرات، لە ماڵی مام جەلال بەڕێوە دەچێت. دەربارەی رەفتار و گوتار عبدالرحمن قاسملو دەڵێت: «د. قاسملوو.. ئارام قسەی دەکرد. لۆژیکی لەدەست نەدابوو.» (همان: 374). مەلا بەختیار بۆ ئەوەی ئاشکرای بکات کە بڕیاری سۆزدارانەی مام جەلال و نەوشیروان بۆ پاڵپشتی کردنی حیزبی دیموکراتی کوردستان هەڵە بووە و هەموو رابەرێک دەبێت لەناو هەرجۆرە هەلومەرجێک خۆی لە بڕیاری هەڵەشە و سۆزدارانە بپارێزێت، دەرفەتەکە بە گونجاو دەبینێت و دەپرسێت: «من.. تەنها پرسیارێکم لە دکتۆر کرد و پرسیم: دکتۆر، یەکێتی هەموو هێزی خۆی بۆ پشتیوانیتان هێناوە. ئەگەر یەکێتی لێی بقەومێ و هێرش بۆ سەرکردایەتیامن بکرێ، داوای هاوکاریی عەسکەریتان لێ بکەین، هاوکاریمان دەکەن؟ لە وەڵامدا، بێ پێچ و پەنا، بە راشکاویەکەی خۆی، فەرمووی: نەخێر، شتی وا قەت ناکەین. گوتم: ئەوە نییە ئێمە کردومانە. گوتی: ئاخر ئێوە یەکێتین و ئێمە دیموکراتین. جیاوازین.» (هەمان: 375).  
•رەخنەکانی مەلا بەختیار لە یەکیەتی نیشتیمانی زۆر جددی و جێگەی سەرنجن. گەر گوێ لەم رەخنانە بگیرایە، یەکیەتی نیشتیمانی، چارەنووسێکی باشتری دەبوو. هەرچەندە خودی مەلا بەختیاریش رووبەڕووی هەندێک رەخنە دەبێتەوە و بەرامبەر بە هۆکارەکانی هەندێک کەمووکورتی هەنوکەی ناو یەکیەتی نیشتیمانی، شیکارێکی تەواوەتی پێشکەش نەکردووە:
•بە دڵنیاییەوە، بەخت یاوەری مەلا بەختیار نەبووە کە لەناو ریزبەندی هێزی ناو یەکیەتی نیشتیمانی، دەرگیری رکابەریەتی کەسایەتییەکی گاریگەری وەک «نەوشیروان مصگفی» بووە. هەر خۆی ئاماژە بۆ چەند خاڵێکی پۆزەتیڤی نەوشیروان مصگفی دەکات؛ لەوانەش میتۆدۆلژی بوون و زانستی بوونی کتێبەکانی، دەربڕینی نایاب، شارەزایی لەسەر زمانی کوردیی، لۆژیکی گووتار و  نووسینی بەپێزی سەبارەت بە بابەتگەلی پەیوەست بە سیاسەت و دەسەڵات و هوشیاریی تاڕادەیەک گونجاوی بەرامبەر بە مێژووی هاوچەرخی کوردستان. 
سەرباری ئاماژە کردنی بۆ ئەو خاڵە پۆزەتیڤانە، مەلا بەختیار، نەوشیروان مستەفا بە هۆکاری سەرەکی سەرجەم توندوتیژییەکانی ناو رابردووی یەکیەتی نیشتیمانی دەزانێت. ئاماژەی بۆ هەندێک بەڵگەی عیدام و زیندانی کردنی ناکۆکانیان، بەرکەوتنی زبر لەگەڵ رکابەرەکان و.. کردووە کە لە هەموویاندا «نەوشیروان مستەفا» نەک تەنها بەس تۆمەتبار بەڵکو تاوانباری سەرەکییە. ئەم شێوە بەرکەوتنەی، توانای لۆژیکییانە و شیکارییانەی مەلا بەختیاری دابەزاندووە. چۆن دەبێت کەسێک بتوانێت ئاوا بە شیوەیەکی رەها بەرامبەر بە ناکۆک و خاوەن بیری جیاوازا بە توندوتیژیی مامەڵە بکات و لە هەمان کاتیشدا بتوانێت ئەو هەموو ساڵانەی رابردوو لە لوتکەی دەسەڵات بمێنێتەوە، کە ئەمە پێش ئەوەی بگەرێتەوە بۆ کەسی هەڵەکار ئاماژەیە بۆ ناکارایی و کەمووکوڕیی پێکهاتە و فۆڕم. ئایا لەناو پێکهاتی یەکیەتی نیشتیمانی، بۆ رێگری کردن لە کۆنتڕۆڵی هێز و توندوتیژیی هیچ بنەما و یاسایەک بوونی هەبووە؟ ئایا سەبارەت بە توندوتیژیی، لەناو کۆمەڵی مەدەنی و روناکبیری، دانایی تیۆریی و کۆششی کردەیی بوونی هەبووە؟ یان ئایا لەگەڵ خەڵکی تر هاودەست بوون؟ و.. .
هەرچەندە ناکرێت رۆڵی تاک لەناو سیستمە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرچاو نەگرین بەڵام لەناو پێکهاتە دیموکراتەکان، دیسپلینەکان بەشێوەیەک رێکخراون و کار دەکەن کە رێگە بە سەپاندنی بیر و کرداری تاکەکەسی نادەن. سەرباری ئەوەی، لەمەڕ شیکردنەوە و ناسینەوەی پرسە کۆمەڵایەتییەکان، زۆر جار هۆکاری جیاواز کاریگەرییان هەیە و یەکێک لە هەڵەکانی شێوازی میتۆلۆژییانە بریتییە لەوەی تەنها یەک هۆکاری بەرجەستە دەبینێ و هۆکارەکانی تر فەرامۆش دەکات.
•زۆرجار دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەی کۆمەڵایەتییان دەبێت. توندوتیژیی و رکابەریەتی ناتەندروست لە نێوان ئەندامانی حیزبێکی سیاسی ( لەو ئاستەدا کە مەلا بەختیار پەرژاوەتە سەری)، لەو دیاردە کۆمەڵایەتییانەن کە دەبێت لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانیان بکرێنە پاڵپشتی شیکار و توێژینەوە و پشت پێ بەستن. 
مەلا بەختیار چەند جارێک، بانگەشەی ئەوە دەکات کە هۆکاری بنەڕەتی لەبەرچاونەگرتنی ئەو و بە لاڕێ بردنی مێژووی یەکیەتی نیشتیمانی و ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر بە بیری جیاواز دەکران، دەگەرێنەوە بۆ کێشەی تاکەکەسی و قین لەدڵی و نەخۆشیی دەروونی «نەوشیروان مصگفی و ابراهیم جلال» کە ئەمە ئاستی بابەتی بوونی کەم دەکاتەوە. بێگومان، ئەو دیاردانەی مەلا بەختیار ئاماژەی بۆ کردوون، لێکەوتە و هۆکاری بەرفراوانیان هەیە کە لەناو "لەبری بیرەوەری" نەپەرژاوەتە سەریان.
زۆرجار لەناو ئەو سیستمە کۆمەڵایەتییانەی کە بنەما مۆڕاڵییەکان رەچاو ناکەن، رکابەرایەتیی نادرووست لەدایک دەبێت، دەرفەتی تۆڵەخوازیی بۆ تاکەکان دەرەخسێت تا لەو رێگەیەوە بتوانن بگەنە مەرامەکانیان. هەرچەندە رکابەرایەتی نادروست و توندوتیژیی، تەنانەت وەک دیاردەی کۆمەڵایەتی، تەنها لەژێر کاریگەریی نەخۆشیی دەروونی نیین بەڵکو؛ هۆکاری تریش لەم میانەیەدا کاریگەریی زیاتریان هەیە کە بریتیین لە: دەستکەوت و قازانجی کۆمەڵایەتی لە هێز و سامان، ناکۆکییە ئایدۆلۆژییەکان، پیاوسالاریی، پەروەردەی خێزانیی، پێویستییەکانی خەباتی چەکدارانە و .. .

سەرنج: کتێبی «لەبری بیرەوەری» لە لایەن فرهاد امینپوری نووسەر و روژنامهنووسی شاری سەقز کراوە بە فارسی.