​(شینبوونی بەرد) نوێترین چاپکراوی د. موحسین ئەحمەد عومەر، بڵاوکرایەوە

کوردستان 10/12/2022


(شینبوونی بەرد) نوێترین بەرهەمی نووسەر (موحسین ئەحمەد عومەر) ەو لە دووتوێی (390) لاپەڕەی قەوارە مامناوەندیدا بە چاپی گەیاندووەو بڵاوکراوەتەوە.
ئەم بەرهەمە نوێیەی نووسەر، بریتین لە پێنج کۆمەڵە کورتە چیرۆک لەگەڵ کورتە رۆمانێک، کۆمەڵەی یەکەم و دووەم لەگەڵ کورتە رۆمانی (فیلەکەی نادرشا) هەموویان لەتاراوگە نووسراون و پێشتر لە بەرگێکداو لە ژێر ناوی (سێبەری با)دا بڵاوبوونەتەوە، شاعیری گەورەی کورد مامۆستا (شێرکۆ بێکەس) پێشەکی بۆ کۆمەڵەی دووەم نووسیوە.
نووسەر دەڵێ: کۆمەڵەی (تاریکی نیوەڕۆ) لە کوردستان نووسراون، دوا کۆمەڵە بەناوی (chaos)ە، بریتییە لە هەشت چیرۆک کە پێشتر بڵاو نەبوونەتەوەو بۆ یەکەمین جارە بڵاودەبنەوە، بەڵام چیرۆکی ( کۆکردنەوەی تەرزە)و چیرۆکی (ئەحمەدێ دایکێ)و چیرۆکی (یەکەم مارکسی کورد) لەم دواییەدا نووسراون.
مامۆستا شێرکۆ بێکەس لە بەشێک لە پێشەکی ئەم کتێبەدا دەڵێ: (ژیان لەم چیرۆکانەدا، ژیانی گەمارۆ دراوە، گەمارۆ دراو لە هەموولایەکەوە، هەر لە گەمارۆدانی باهۆزی نەفرەتیی شەڕی ناوخۆوە تا دەگاتە سەر مەنجەنیقەکانی دەرەوەی خۆمان و تا وردوخاش بوون لە ئاوارەبوونداو تا کونەکانی زیندان و تا تابووتی مەرگی بە کۆمەڵمان، دڵنیایی و ئارام لەم چیرۆکانەدا بوون بە هەڵمی رووداوەکان و هەموو شتێ بە جێگەو کاتیشەوە، بە مرۆڤ و دەوروبەریشەوە، تێکڕا لە بازنەی ئاسایی خۆیان دەرباز ئەبن و ئەچنە زەمانێکی دیکەوەو باوەش بەو گەردوونەدا ئەکەن کە نیشتیمانی ئەفسانەو خەونن).
یەکێ لە جوانترین چیرۆکی نێو ئەم کتێبە چیرۆکی (یەکەم مارکسی کورد)ە کە بەراستی جێ پەنجەی نووسەر ئەوەندە دیارو جوانەو خوێنەر تا ئەوپەڕی چێژ سەرسام دەبێ.
بە ئومێدی سەرکەوتن و بەرهەمی بەپێزتری نووسەر.