مەلا بەختیار: هەر کەسێک قسەیەک بکات بۆنی دیموکراسی و رۆشنگەری لێبێ، هەوڵی شکاندنی دەدەن

کوردستان 26/11/2022

"گەلەکۆمەکە بۆ شکاندنی کەسایەتییەکان لە کوردستان و لە سۆشیالمێدیادا هەیە!"
مەلا بەختیار: هەر کەسێک قسەیەک بکات بۆنی دیموکراسی و رۆشنگەری لێبێ، هەوڵی شکاندنی دەدەن و بێڕێزی پێدەکەن!
ئەمڕۆ شەممە (26/11/2022) بە دروشمی (ئاین بۆ تاک و دیموکراسی بۆ هەمووان) حەوتەمین کۆنفرانسی پلاتفۆڕمی دابڕان و پێنجەمین کۆنفرانسی فێمێنیزمی رۆشنگەریی لە شاری سلێمانی و بەوتاری مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆرمی دابڕان، دەستپێکرد.
لە وتارەکەیدا، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆرمی دابڕان، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد:
ئەم کۆنفراسە لەکاتێکدا دەبەستین، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکی نالەباردایەو وڵاتانی ناوچەکە هێشتا بەدەست نەبوونی دیموکراسییەوە دەناڵێنن، کە هێشتا لەم وڵاتانەدا سەرەتاکانی رۆشنگەری سەریهەڵنەداوە و هێشتا ژن بەتوندی دەچەوسێنرێنەوە، ئەقڵیەتی باوکسالاریش دەسەپێنرێت و جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ژن و پیاودا دەکرێت! هێشتا لەم وڵاتانەدا لەسەر ئازادی خەڵک دەکوژرێت و زیندانەکان سیخناخە لە خەڵکی ئازادیخواز! هێشتا ئەقڵ ئازاد نییە، ئایدۆلۆجیەت ئازاد نییە، فەلسەفە ئازاد نییە، تەنانەت دین و مەزهەبیش ئازاد نییە!
راشیگەیاند: ئێمە کە دەڵێین رۆشنگەری، ئازادی، فەلسەفەی هاوچەرخ، مەبەستمانە چەمکە فراوانەکەیەتی، بەجەوهەرە دیموکراسیەکەیەوە، مەبەستمانە هەم فەلسەفەی دنیایی ئازادبێت، هەم فەلسفەی دنیایی و دیینی لەیەکتر جیابکردێتەوە و سەرەنجام، دین و ئایینزاکان هەموویان ئازادبن، پێکەوە هەڵبکەین و پێکەوە تێبکۆشین، ئەرکەکانمان رابپەڕێنین و ئەو وزەیەی کە هەمانە سەرەڕای جیاوازی روانگەمان، هەموویان بخرێنە خزمەتی پێشکەوتن و مرۆڤایەتی و وتیشی:
عیراق و کوردستانیش لەم دۆخەدا، عیراق هێشتا سەرۆک وەزیرانێکی تازەی هەیە، ناتوانرێ هیچ جۆرە گرێوێکی لەسەر بکرێت! هەتا شەش مانگ بۆ ساڵێک ئەم زاتە تاقینەکردێتەوەو پابەندبوونی بەدەستور، نەک بە بەڵێنی لاوەکی نەسەلمێنرێت، ناتوانرێت بوترێت ئەم سەرۆک وەزیرانە، باشترە یان سەرکەوتووترە لەسەرۆک وەزیرانەکانی تر. چونکە ژینگەی سیاسی، مەزهەبی و هێزی چەکدارو چەکداری تایبەتی عیراق، ئەو دۆخە ئابورییە تێکوپێکچووەی ئێستا و ئەو گەندەڵستانی ئێستا لەعیراقدا بەرقەرارە، هەموو پێکەوە وادەکای ئەم زاتە بەئاسانی نەتوانێت هەموو بیرە جوانەکانی خۆی، گریمان کە زۆر باشیش بێت و دیموکراتێکی عەیار (٢٤)یش بێت، لەناو ئەو ژینگە سیاسی، ئابوریی و کۆمەڵایەتییەی عیراق جێبەجێبکات و سەرکەوتووبێت! چونکە دەستی بەدەستی کردن بە بڕگە و مادەکانی دەستور و جێبەجێ نەکردنی مادەی (١٤٠) فەرامۆشی نەبووە! بەڵکو بە بەرنامە و بەپێکان بووە لەعیراقدا، کە نابێ ئەم مادەو بڕگانە جێبەجێ ببێت.
قسەی گەرمیش هەیە کە گوایە، ئەم دەستورە بە پەلە پەل داڕێژراوەو ئاماژەی تاوانیش بۆ کورد و لەناو کوردیشدا بۆ یەکێتی و پارتی دەکەن، گوایە ئەمان ئیستیغلالی دۆخی تایبەتی عیراقیان کردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دەستورەو بەتایبەتی بۆ مادەی (١٤٠)! لەبەر ئەوەی عیراق ئێستا هاتۆتەوە سەر خۆی، دەبێ سەرلەنوێ دەستورەکە پیایدا بچنەوەو ئەمەش ئەکێکە لە خەیاڵی ئەوان، کە خەیاڵێكی شۆڤێنی تائیفییەو باوەڕموایە ئەگەر بۆیان بچێتە سەر، عیراق لەگەڵ کوردستان، جارێکی ترو لەسەردەمێکی تردا، دووچاری قەیرانێکی گەورە دەکەن! هەروەک چۆن (١٩٦١) ناچاریان کردین شەڕ ببێتەوە! چۆن (١٩٦٤) ناچاریان کردین شەڕ ببێتەوە! چۆن (١٩٦٧- ١٩٦٨) ناچاریان کردین شەڕ ببێتەوە! چۆن ناچاریان کردین (١٩٧٤) شەڕ ببێتەوە! چۆن (١٩٧٦) هیچ رێگەیەکیان لەبەردەم کورددا نەهێشتەوە، پارتیزان دروستکردن نەبێت! بۆیە پێموایە دەستکاری دەستوور کردن، سەرەتایەیەکی مەترسیدار دەبێت بۆ تێکچوونی کوردو عەرەب لەعیراقدا! تێکچوونێکی خراپی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند.
مەلا بەختیار، رونیشیکردەوە: لەم دۆخانەدا، بەداخێکی زۆرەوە، کوردستان لەدۆخێکی نالەباردایە و تا ئێستا دوو حزب رێککەوتنیان نییەو زەمینەی رێککەوتنی سیاسی لەکوردستاندا نییەو هێشتا کۆڵەگە سەرەکییەکانی سیاسەت لەکوردستاندا کە یەکێتی و پارتییە، هەردووکیان، هەریەک بەلای خۆیدا لاربونتەوە نەک نزیک و جەختیکردەوە:
لەم دۆخەدا، کە دۆخێکی رەشە نەک دڵخۆشکەرەبێ بۆ دیموکراسی، ئازادی، مەدەنیەت و رۆشنگەری، لەم دۆخەدا ئەوانەی هەڵوێستی رۆشنگەریان هەیەو خاوەنی فەلسەفەی رۆشنگەرین، دەبێ لە ئەرکەکانمان وردبینەوە و تێبگەین کە ئێمە ئەرکێکی مێژوویی ئێجگار پیرۆز و چارەنوسساز بەڕێوەدەبەین.
راشیگەیاند: هەموو ئەمانەی لێرە دانیشتوین و هەزاران کەس کە لەژێر کاریگەری دابڕاندان لەکوردستاندا، کەسمان سەرمان نائێشێ تا پەڕۆی پێوە ببەستین! هەموو کەسێک دەتوانێ خۆی لەقەرەی ئەم فەلسەفەیە نەدات و خۆیشی توشی هیچ کێشەو بێشەیەک و هەڵمەتی ئەقڵ رەشەکانیش نەکات، کە بەڕاستی زۆر نەشیاو و ناشرین، هەوڵدەدەن کەسایەتی خاوەن بیروباوەڕە جیاوازەکان بشکێنن! هەموو ئەوانەی رۆشنگەریی، مەدەنیەت، سیکولاریزم و دیموکراسی راستەقینەیان قبوڵنییە، هەوڵدەدەن هەر کەسێک بیرو ئایدلۆجیەت و فەلسەفەی جیاوازی هەبێ، نابوتیان بکەن! سەدان بوختان و درۆو دەلەسەی بۆ هەڵدەبەستن و گەلەکۆمەکە و هەرەوەزی شکاندنی کەسایەتییەکان لە کوردستان، لەپلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیالمێدیا هەیە و بەڕێوەیدەبەن. کە هەرەوەزێکی ترسناکە و هەر کەسێک قسەیەک بکات بۆنی دیموکراسی و رۆشنگەری راستەقینەی لێبێت، لایەنیکەم دووسەد کەس، بە کۆمێنت هێرشی دەکەنە سەرو هەوڵی شکاندنی دەدەن و بێڕێزی پێدەکەن.
لەدرێژەی وتارەکەیدا، مەلا بەختیار، ئاماژەشی بۆ ئەوەکرد: یان مێژوو درۆیە، یان مێژووی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەرەو گۆڕانکاری دیموکراسی و رۆشنگەری دەڕۆن.
وتیشی: یەکێک لەکێشە هەرە گەورەکانی ئێستا، باش نەخستنەکاری وزەکانی مرۆڤی کورد، پاکنەکردنەوەی ئەقڵی مرۆڤی کوردە! فلتەرەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد گیراوە! ئەو فلتەرانە پێویستی بەکرانەوە هەیە! هێشتا جۆرەها کۆلسترۆلی بیری دواکەوتوو لەم فلتەرانەدا هەیەو دەبێ پاک بکرێنەوە! جونکە تا ئەم فلتەرانە پاکنەکرێتەوە، بیرکردنەوەی مرۆڤ کەموکوڕی هەیەو ناتەواوەو شێواوە، هیچ جیاوازییەک ناکات لەنێوان ئەرکە دنیاییەکان و ئەرکە دینییەکان! تا ئەم فلتەرانە پاک نەکرێنەوە، کە ئەم فلتەرانەش لەدنیادا بە حزب و سەرکردە سیاسییەکان پاک نەکراوەتەوە، بەڵکو بە فەیلەسوف، بیرمەندەکان و رۆشنگەرەکان، بە بزوتنەوەی مەدەنی و رۆشنگەری پاککراونەتەوە. کە بەداخێکی زۆرەوە دەتوانم بڵێم تائێستا لای ئێمە، زۆربەی خوێنەواران و نوسەرانی ئێمە، ئەوەندەی خەریکی شەڕی لابەلان، ئەوەندە خەریکی ئەرکە مێژووییەکانی خۆیان نین، بۆ ئەم قۆناغە و بۆ پاککردنەوەی ئەو فلتەرانەی کە پێویستن بۆ بۆ تاک بەتاکی کورد و کوردەواری. هەربۆیە دەبینین زۆر بەئاسانی داعش دروست دەبێت و (٢٠) هەزار چەکداریش لەخۆی کۆدەکاتەوە! چونکە ئەقڵ و ئەندێشە ئامادەیە و هەر ئەوەندەیە چەکەکە بکرێتە شانیان! کە چەکیشت کردە شانی ئیتر دەوروژێت. کێشەی ئێمەش کێشەی چەکدار نییە، چونکە هەمیشە کێشەی چەکدار بە ئاسانی چارەسەرکراوە لای ئێمە، بەڵام بنەماکانی بیرکردنەوەی چۆنییەتی چەکدارکردنی ئەو چەکدارانە لای ئێمە نەتوانراوە چارەسەربکرێت! ئەمەش مەترسییەکەیە، کە بەداخێکی زۆرەوە تائێستا نە حکومەت، نە یەکێتی، نە پارتی، نە گۆڕان، نەلایەنە بەناو عەلماییەکان و نە حکومەت نەیانتوانیوە درکی ئەم مەترسییە بکەن و وەکو پێویست بەرنامەی بۆ دابنێن، بەڵکو دژایەتی ئەم نوسەرانەش دەکەن، دژایەتی ئەو ناوەندو سەنتەرانەش دەکەن، کە شانیان داوەتە بەر ئەرکێکی مێژوویی ئاوا!
لەکوتایی وتارەکەشیدا، مەلا بەختیار، جەختیکردەوە: لەم قۆناغەدا هەر شەڕێک، ئیعلامی، کۆمەڵایەتی، عەسکەری و ئەمنی هەبێ، لەنێوان سکۆلارو غەیرە سکۆلارەکاندا، سکۆلارەکان تیایدا دەشکێن! تەنانەت ئەگەر سکۆلاریست و مەدەنی و دیموکراتە راستەقینەکان بگەنە ئەوپەڕی دەسەڵاتیش، هەڵەیە ئازادی ئایین و مەزهەب قەدەغەبکەن. چونکە سنووری ئێمە تا ئەو شوێنەیە کە سنووری ئەوانی دیکە دەستپێدەکات.
وتیشی: دابڕان و فیمێنیزمی رۆشنگەری، هەڵمەتی نەبردووەتە سەر هیچ ئایین و لایەنێکی سیاسی و حزبێک. کێشەشمان لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی حزبە سیاسییەکان نییە. بەڵکو ئەوە هەندێک بەرپرسن دەچن فیت و فاتمان لەسەر دەکەن و قسەمان لەسەر دەکەن، پیرۆزیان بێت، با بزانین ئەو سیاسەتە جگە لەنەهامەتی و پەشیمانی چی لەدواوەیە.