(ژیان جوانتر دەبوو ..تۆ لێرە بوویتایە !)
جەمال غەمبار
بەلای گوندێکدا تێپەڕیم :
ژنێک لەبەر پەنجەرەیەک
گۆرانیی دەوت .
منداڵێک لە کەناری گۆمێکدا
چاوەڕێی کیسەڵێکی دەکرد
لە ئاوەکە بێتە دەرێ !
بەیانی زوو بوو
کە بەلای ئەو گوندە تێپەڕیم !
حەزم دەکرد تۆش لەوێ بیت
بۆ ئەوەی بە ئینگلیزی
پێت بڵێم ؛ I miss you so much
بە کوردی و بە کورتی واتا
زۆر موشتاقی تۆم !
دوایی لێت بپرسم ؛
تۆ بەیانیان
حەزت لە دەنگی کامیانە :
فەیروز یان مەزهەری خالقی ؟!
تۆش بڵێی ؛ هەردووکیان ..
ئەوجا بڵێیت ئێوارانیش
بەدەم پێکێ شەرابی سوورەوە
حەز دەکەم شیعری مەحوی ببیستم
بە دەنگی تۆ !
منیش نزات بۆ بکەم
بڵێم :
یاخوا نەمریت !
سوپاس وام لێدەکەیت
ژیان وەک سادەیی ئاو ببینم !