یادی شكۆمەندی سلێمانی

کوردستان 14/11/2022


ئەمڕۆ، یادی (238) ساڵەی دامەزراندنی (سلێمانی)یە. یادی دامەزراندنی شارێكە، كە لەناو بەرداشی قەڵمڕەوی دوژمن بەكورد، عوسمانی‌و قاجاری، هاتۆتەدونیاوە.
ساڵی (1784) كە سلێمانی لەلایەن (ئیبراهیم پاشای بابان)ەوە دادەمەزرێندرێ‌، دوو قەڵمڕەوی تیوكراتی دوژمن بە بچوكترین هەناسەی ئازادی‌و مرۆڤ و ژیان، وەكو سەرەتاكانی خەونی نەتەوایەتی، دادەمەزرێ‌. ئەم سەرەتای خەونە، راچڵەكانی خەوە جوانەكانی ئەوێ‌ رۆژگار بوو، بۆیە، هەر زوو، شارەكە بوو بە پەناگای پیشەوەران‌و زانایانی ئایینی.. هەروەها كەڵە شاعیران‌و سێكوچكەی بابان. بەڵكو بوو بە شاری شكۆمەندی.
هەرچی بەو قەڵمڕەوانەو دوای ئەوانیش، لەدەستیان هاتبێ‌، بۆ كوشتنی خەوە جوانەكانی سلێمانی‌و خەباتی رزگاری كوردستان، كردیان. بەڵام نە سلێمانییان پێ‌ تەخت كرا و نە كوردایەتیشیان پێ‌ لەناوبرا. بەڵام دوژمنان، یەكێك لە خووە نەگریسەكانیان ئەوەیە نەك دەرس لە مێژوو، بەڵكو دەرس لە شكستەكانی خۆیشیان وەرناگرن. تائێستاش لەهەموو بەشەكانی كوردستاندا.. دوای زیاتر لە دووسەد ساڵ لە دامەزراندنی سلێمانی، لە سەركوتكردنی كورد، بەردەوامن.
دەزانین لەدوای راپەڕینەوە، سلێمانی ئاوەدانی فراوانی بەخۆیەوە دیووە. دەشزانین بەشێكی برینەكانی ساڕێژ كراوون. نەك هەر خودی شارەكە، بەڵكو سەراپای پارێزگاكە، بەگەرمیان‌و راپەڕین‌و هەڵەبجەشەوە. بەڵام..
ئایا، نەدەكرا گەلێ پتر لەئێستا شارەكە: ئاوەدان بكرێتەوە، پێشبخرێ‌، خومەت بكرێ‌، هەروەها تاڵان نەكرێ‌؟ بێگومان زۆر باشتر لەئێستا، دەتوانرا شارەكە خزمەت بكرێ‌‌و بكرێتە شارێكی نمونەیی. بەتایبەتی كەم شار هەیە بەئەندازەی سلێمانی دانیشتوانی هۆگری بن.
با دەرگای دادگای مێژوو، بۆ دادگاییكردنی كاربەدەستانی ئێستا، لەئایندەدا نەكرێتەوە. فریابكەوون، كۆنفرانسێكی زانستی بۆ چارەسەركردنی كێشە چەشناوچەشنەكانی سلێمانی سازبدرێ‌‌و تەواوی راستیەكان، بە بەڵگەوە، بەئامادەبوونی سەرۆكی حكومەت‌و، وەزیرە پەیوەندیدارەكان گفتوگۆیان لەسەر بكرێ‌؛ دوای دەرخستنی راستیەكان، رێگەی چارەسەركردنی كێشەكانی شارەكە.. وەكو ستراتیژی حكومەت، پەسەند بكرێ‌.
دەنا.. رەخنە دوراودورو كازندەی لێكدابڕان، رای گشتی ناهەژێنن. كەمتەرخەمیەكان بەبەڵگەوە، بە ژمارەوە، دەستنیشان بكرێن.. هەتا رای گشتی راستیە خەمبارەكانی ئەم دواخستنەی شارەكە، بزانن.
پیرۆزە.. سلێمانی.. یادی شكۆمەندت.