بەرەی مەدەنی‌و بەرەی ئیسلامگەرا دوژمنایەتی یان دیالۆگ ؟!

کوردستان 30/10/2022

 

جەماوەری مەدەنیخواز!
ئازادیخوازان!
لەدوای تێكشكانی داعشەكان لە شەڕگەكانی بەرەیی شارو شارۆچكەكان، جگەلەوەی پاشماوەی رەشەكوژی داعش بەردەوامن، هاوكات تیرۆری روحی‌و فەلسەفیش، بەفراوانی دژی رۆشنگەرو مەدەنیەكان سەریهەڵداوە. ئاشكراشە، بەدرێژایی مێژوو، تیرۆریزم دوو ئاڕاستەی هەیە. تیرۆركردنی جەستەیی‌و تیرۆركردنی روحی!
تائێستا، هێزە ئیسلامگەراكان بچوكترین دەرسیان لە ئەزمونەكانی مێژوو وەرنەگرتووە. بەشێكی ئەم ئیسلامگەرانە، لەشەڕدا لە میسرەوە بۆ سوریا، یەمەن، لیبیا، جەزائیر، تا دەگاتە كوردستان تێكشكاوون. تەنانەت دەوڵەتێكی وەكو توركیاش ئامادە نییە داڵدەیان بدات. بەڵام بۆ تیرۆركردنی روحی مرۆڤەكان، ئیسلامگەراكان بەگشتی یەك سیاسەتیان هەیە. ئەویش سیاسەتی تۆقاندنی روحی مرۆڤە.. بەناوی خوداپەرستیەوە. ئەمە لەكاتێكدا، زیاتر لە دوو هەزار ساڵ بەسەر ئاینەكان تێپەڕیووە، زەمان‌و زەمینەی كۆمەڵایەتی-روحی، مرۆڤەكانی سەر ئەرز گۆڕاوە. بۆیە، ئاینەكان چیكە ناكرێ‌ بە لۆژیكی سەدەی ناوەڕاست‌و سەردەمی كۆیلەیەتی، بڕواننە روح. روحی مرۆڤ، وەكو باری دەرونی، رەنگدانەوەی باری مەتریالیستی‌و بابەتی ژیانی سەردەمەكەیە.. نەك ژیان تێكڕا گۆڕابێ‌، بەڵام روح چەقی بەستبێ‌!!
كوردستان.. بەڵكو ناوچەكەش، خەریكە لە مەترسیەكانی تیرۆری چەكداری، سەرفراز دەبێ‌. بەڵام مەترسیەكانی تیرۆری روحی، قوڵتر كراوە. ئەم قوڵكردنەوەی تیرۆری روحی لەلایەن ئیسلامگەراكانەوە، بەتایبەت لە سۆسیال-میدیادا، بەڵگەیە كەوا ئیسلامگەراكان باش تێگەیشتوون، كە لە دوا ساڵانی كاریگەریەكانی روحیی خۆیاندان. بۆیە ئەوپەڕی هەوڵدەدەن، پاشماوەی كاریگەری روحییان، بە سیاسەتی تیرۆریستی روحی، نەك دیالۆگی مەدەنی، بپارێزن.
ئێمەش باش تێگەیشتووین، ململانێی سیاسی-كۆمەڵایەتی لەتەك ئیسلامگەراكان، لەلایەن بەشێكی ئەو هێزانەوە، بە مەرامی خوڵقاندنی كەشی ترس‌و بیم، روحی مرۆڤەكان دردۆنگ دەكرێ‌.. لەهەمانكاتدا، دڵنیاین دوو بەرە لێكجیابوینەتەوە: بەرەی مەدەنی‌و بەرەی ئیسلامگەرا (نەك موسڵمانەكان).
بەرەی مەدەنی، پەیمان رون‌و رۆشنە، ئەویش پەیامی سیستەمی سیكولاریزم‌و كۆمەڵایەتی مەدەنی‌و بیركردنەوەی رۆشنگەرییە. لەسەر ئەم چەمكانەش، نەك لەتەك ئیسلامگەراكاندا، بەڵكو لەگەڵ لایەنە نائیسلامگەراكانیشدا، لە ململانێداین.
چۆن سیاسەتی تیرۆری جەستەیی، سودی بۆ ئیسلامی سیاسی نەبوو. بەدڵنیاییەوە، سیاسەتی تیرۆركردنی روحیش، لە دوائەنجامدا سودی نابێ‌ بۆیان.
ئیسلامگەراكان، لەبری ئەوەی سۆسیال-میدیا، وەكو دەستكەوتێكی ئازادانەی مۆدێرنیزم، بەئاڕاستەی دیالۆگی شارستانی بەكاربهێنن، كەچی بەپێچەوانەوە، خەریكی گەڕەلاوژێی هێرشی ناڕەوای تەكفیركردنی ناڕەوان، بۆ سەر مەدەنیخوازو رۆشنگەرەكان. ماوەیەكیشە خۆیان كردۆتە پۆلیسی رەوشتی كۆمەڵایەتی.
لەبەرامبەر ئەو هێرشە بەربڵاوو ئاڕاستەكراوەدا، دوو داوامان هەیە:
یەكەم: با مەدەنی‌و رۆشنگەرەكان، باشتر ریزی رۆشنگەرییان تۆكمە بكەن‌و لەبەرامبەر ئەو هەڵمەتە تیرۆریستییە روحیەدا، بەرەو وەرچەرخانی رۆشنگەری راچڵەكێن.
دووەمیش: ئەم هەڵمەتە تیرۆریستییە، هەرگیز رۆشنگەرەكان دوچاری پەرچەكرداری نائەقڵانی‌و نالۆژیكی بەرامبەر هەستی ئیسلام‌و موسڵمانان نەكات. بەڵكو سور بن لەسەر ئازادی دینی‌و دونیایی.. لەڕێی جیاكردنەوەی دەسەڵاتی دینی‌و دەسەڵاتی دونیاییەوە.. بەس!
ئازادیخوازان!
زۆر گرنگە، لەباری دەرونشیكاریەوە، هێرشی دەرونی ئیسلامگەراكان لێكبدرێتەوە. ئەمانە لەدوای راپەڕینەوە، هەموو رێگاكانیان دژی دیموكراسی‌و مەدەنیەت تاقیكردەوە. هەر لە دژایەتی دەستوری سیكولاریستەوە.. تا رەتكردنەوەی دیموكراسی.. ئاشكرا دژی گۆڕینی یاسای ئەحوالی شەخسی بوون.. دوژمنی ئاوێتەكردنی مەكتەبی كوڕان‌و كچان تەنانەت لە قوتابخانەی سەرەتاییش بوون؛ دژی فیمینیزم‌و پرۆژەی جێندەریش؛ دژی گۆڕینی فەلسەفەی پەروەردەن..تاد.
ئێستا چاریان نەماوە، گەڕانەوە نەبێ‌ بۆ كێشە دەرونیەكان. زۆرتریش، تەركیزیان كردۆتە ناو مناڵ‌و هەرزەكار. ئەمەش بەشێكی لە ستراتیژی كۆمەڵایەتی-سیاسی دەهەی ئایندەیان. بۆئەوەی ئەم ستراتیژەشیان بۆ بچێتە سەر، بە هەرەوەز پەلاماری رەمزەكانی رۆشنگەری دەدەن. چونكە دەزانن سیاسەتی چەواشەكارییان لەسەر دەستی رەمزەكانی رۆشنگەری، ئاسان قانگ دەدرێ‌.
رۆشنگەران!
لەم دوڕیانەی مێژووەدا، كە ململانێكان، لە تیرۆری جەستەوە بۆ تیرۆری روح، گۆڕدراوە، دەبێ‌ لە جاران زیاتر درێژە بە خەباتی رۆشنگەری بدرێ‌. چونكە روحەكان كە دەستەمۆی روحی كران، دەیان ساڵی دەوێ‌، لە هەژمونی سەپاندنی ئایدیۆلۆژیەتی ئیسلامگەرا، رزگار بكرێن.
رۆشنگەرەكان با لەسەر سیاسەتی ئەقڵانی خۆمان بەردەوام بین. كۆڵ نەدەین. بەدڵنیاییەوە، ئەوانیش لە رەشەكوژی تیرۆری روحی درێخی ناكەن. سەركەوتنیش هەر بۆ بەرنامەی ئەقڵ‌و رۆشنگەری هاوچەرخە. نەك رەشەكوژی‌و تۆتالیتاریزمی روحی. لەدواسەرەنجامیشدا، دیالۆگ بەسەر رەشەكوژی روحیدا، لەنێوان فەلسەفەی مۆدێرن‌و ئیسلامیدا، سەردەكەوێ‌.

رابەرایەتی
پلاتفۆرمی دابڕان
30/10/2022