چاوەڕێی چی بووین و چیمان دی!

کوردستان 27/10/2022


ئاسۆ سەعید
مرۆڤ کە لەدایک دەبێت تا کۆتایی تەمەنی ژیانی هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی شکۆمەندی و سەربەرزیی و پاراستنی بەرزیی  کەسایەتی و کەرامەتی دەدات، تەنانەت خوای گەورەش لەقورئانی پیرۆزدا جەختی لەو راستییە کردۆتەوە  کە  رێزی لەمرۆڤەکان ناوەو وەکو جێنشینی خۆی لەسەر زەوی نیشتەجێی کردووە، ئەوەتا جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و سەرۆک و پاشاو تەواوی دەسەڵاتدارانی  دنیا تەئکید لەوە دەکەنەوە کە دەبێ و پێویستە کەرامەتی مرۆڤەکان بپارێزرێت و مافە سەرەتاییەکانیان بۆ دەستەبەر بکرێت، جگەلەوەش مرۆڤ لە لەدایک بوونی و لەنێو خێزان و کۆمەڵگەو چوونی بۆ قوتابخانەو تاکۆتایی پڕۆسەی خوێندنی، گوێ و بیرو هزری بەوە سواغ دەدرێت کە خاوەنی عیزەتی نەفس وکەرامەتی بەرزو شکۆمەندییە.
ئەوە وەکو دەڵێن لەنووسراو بەڵگەکانی ژیان و خێزان و کۆمەڵگەو تێکڕای قۆناغەکانی خوێندندا بەتیۆریی سەلمێنراوە و دوپاتکراوەتەوە، ئەما لەسەر ئەرزی واقیع و ئەوەی رۆژانە بەدیمان کردو لەئەزموونی ژیانماندا بوو بەهەوێنی دانانی بنەمایەکی تۆکمە بۆ پاراستنی شکۆمەندی مرۆڤەکان شتێکی دیکەمان بۆ سەلمێنرا.
چونکە تائێستا تاکی کورد لەهەرێمی کوردستان لەسەرەتاییترین مافەکانیان کەدابینکردنی ئاو کارەباو پاراستنی کەڕامەتیاندا بەدەستی ئەنقەست و بەرژەوەندی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان بێبەشکراون...زستان بەهۆی لافاوەوەو هاوینیش تینووی ئاون و ئەو وەرزە لەچاوەڕوانیی بەردانەوەی ئاو بۆ ماڵەکانیان بەڕێدەکەن......
 مرۆڤ کاتێک لەکوردستان، بۆ نیشتەجێ بوون یان سەردان دەچێە دەرەوەی هەرێم، بەئاشکرا هەست بەجیاوازیی و نادادییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکات، باشتر تێدەگەن و دەزانن و دەیبینن کە زۆربەی رێگاوبانەکان هی سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی بەعسی لەناوچوون، ئەگینا بەخۆڕایی رێگەکانی"دەربەندیخان بۆ کەلار" و "دوکان بۆ رانیە" بەتایبەتی ناونەنراوون رێگەی مەرگ، چونکە هەر رۆژەو بەهۆی خراپی رێگاکەوە پێکدادانی ئۆتۆمۆبیل روودەدەن و رۆژانەو مانگانەو ساڵانە بەبەرچاوی رای گشتیی و بەناو حکومەتەوە چەندین کەس و ئەندامانی خانەوادە دەبنە قوربانیی و کوردو تەنی، کەچی مێشیش  میوانیان نیە....
لەسەردەمی ئەم دەسەڵاتە بەگشتیی شکاندنی شکۆی مامۆستاو بەشەق تێهەڵدانی و کەم بایەخ کردنی رۆڵیان لەپێگەیاندنی نەوەکانی داهاتوو، گەیشتە لووتکە، ئەوە لە ٢٥ ئادار ٢٠١٨ دا بوو کە مامۆستای پێشەنگی کۆمەڵگە درایە بەرشەقو شکۆی بەرزی مامۆستا شکێنرا، هەروەها بینیمان چۆن لەدەنگی ئازادیخوازیی خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری ترسان و وێڕای شەق هەڵدان لەسەری خۆپیشاندەر، تاتوانرا هێزە ئەمنییەکان سوکایەتییان بەشکۆو رێزی تاکی کۆمەڵگەوە کرد.
هاوکات لەبیریشمانە کەچۆن بەناوی پاشەکەوتی مووچەوە شکۆی فەرمانبەران شکێنراو بە ٤٠ یان ٥٠ و بگره بەدوومانگ جارێک مووچەیان دابەشدەکرد، کە تائێستاش گرفتی موچە بەردەوامە و هەواڵی دابەشکردنی موچە دەبێتە مژدەیەکی خۆش بۆ موچەخۆران.
ئەو هۆکارانەو دەیان و سەدان فاکتەری دیکە بوون بەهۆی سەرهەڵدانی دیاردەی کۆچی بەکۆمەڵی گەنجان و سەرهەڵگرتنی سەدان و هەزاران خانەوادەی رەسەن و  دێرینی خەڵکی کوردستان و هەڵبژاردنی رێگەی هات و نەهاتی ئەوروپا، تاوەکو سەرەتایترین مافەکانیان بەدەستبهێنن و ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و نەوەکانیان دەستەبەربکەن، لەو رێگەیەشدا رۆژانەو هەفتانەو ساڵانە هەواڵی جەرگبڕی نقووم بوونی بەلەم و یەختەکانیان و خنکاندنیان لەئاوی فراوان و بەرین و قوڵی ئیجەدا،  دەبنە سەردێڕو یەکەم هەواڵی راگەیاندنەکانی جیهان، کەچی لێپرسراوانی بەدناو نەک دڵیان بۆیان داناخورپێت، بەڵکو تەنیا دەستیان بەکورسییەکانیانەوە گرتووە تا لەدەستیان نەچێت، وەک ئەوەی بڕیاریان داوا تارۆژیی دوایی خۆیان و نەوەکانیان سەردارو سەرۆک و لێپرسراوی ئەو میللەتە ستەم دیدەیەبن کە بۆگەیشتنیان بەئەمڕۆی بەناو ئازادی رووبارێک خوێن و فرمێسکیان پێشکەشکردووە...
ئاشکرایە لێپرسراوان  بە بەرنامە دەیانەوێ هەموو نرخ و بەهایەکی خەبات بۆ نەوەی نوێ نەهێڵن و وایان تێبگەیەنن کە هەوڵ و کۆشش هیچ سوودێکی نیە و یان لەماڵی خۆت دابنیشە ویان بڕۆ دەرەوە چوونکە هەموو خەباتێک لە دووایدا گەندەڵکاران دەیخۆن ، ئەمە بەرنامەیە و دەسەڵات کاری لەسەر دەکات و بەم کۆڵکە نەحوێندەوارانە جێبەجێی دەکەن بۆ ئەوەی کەس بیر لەگۆڕینیان نەکاتەوە
ئەبێ دان بەو راستیەشدا بنێین، کە سەرباری هەموو ئەو کورتیانەی ئاماژەیان بۆکرا، تاکی کۆمەڵگەی ئێمەش لەبنەماو پرەنسیپەکانی دەستپێکی ژیان و خۆشگوزەرانی یاخی بوون و لەهیچ یەکێک دەستەکەوتەکان رازی نین، ئەگەرچی کەمیش بێت بۆڵەبۆڵ و ناڕازیی بوون لەهەموو شتێک ئاوازێکی رەشی بەگوێچکەماندا چرپاندووە، ئەگەر بمانەوێت چاک بین ئەوا دەبێت تەتانەت ئاویش بەباشی بشۆینەوە، مەرجە بەویژدانەوە دەست بخەینە سەر کەم و کورتیی و سەروەرییەکان، بەگەش بڵێین گەش و رەشیش وەکو رەش ببینین، جاش نەکەین بەباش و باشیش خراپ نەکەین....