ئەمەیە جیاوازی دنیابینی دیموکراتییانەی ئێمە و باوەڕی بەرتەسکی ئەوان

کوردستان 26/10/2022

 

ئەو زەمینە ئازادییەی کە لە ناوەندەکانی خوێندندا خەباتی بۆدەکرێ، زەمینەیەکی زیندووی گیانە دیموکراتییەکەیە، زەمینەیەکی زاڵی هێزە دیموکراتی و مەدەنییەکانە، تەواوی تێڕامان و ئاییندەبینیمان بۆ ئەوە بووە، لەم هەرێمەدا دیموکراتی سەنگی مەحەکی ململانێ هزرییەکان بێت.
 ئەمەش سروشتی بەرەوپێشچوونی هەر جوڵانەوەیەکی جڤاتە سەردەمییەکان بووە. ئێستا لە کوردستاندا دەیان زانکۆ و پەیمانگا و ناوەندی ئەکادیمی هەن، لەو ناوەندانەدا تاڕادەیەکی بەرز ئازادی و ئەندێشەی ئازاد فەراهەم هاتووە، خوێندکاران بەوپەڕی ئازادییەوە دەتوانن دنیابینی خۆیان و جیاوازی خۆیان و ئایدیا و ئەندێشەی خۆیان بخەنەڕوو.

 لێرە لەم هەرێمەدا تەنها تروسکاییەک بمانەوێ باوەڕی ئاییندەیەکی گەشی لەسەر هەڵبچنین، ئەو گیانە زیندووەی ئازادی و ئەو ململانێ مەزنەی مەدەنییەت و هۆشیارییە سەردەمییەکەیە. 
هەرچەند دەزانین، بەردەوام ئەوەشمان دوپاتکردووەتەوە، رامانگەیاندووە، باوەڕە بناژۆکان، هێزە فەندەمێنتاڵ و فەتواگەراکان، ئیسلامگەرا ئەنارشیست و دەرفەت تەڵەبەکان، باوەڕیان بەم ئازادییە نییە.
ئەوان نەخشی نەریتێکی سواو، سەمەرەی مێژووی چەقبەستوویانە.
 ئەوان و هاو شێوەکانیان،بە بەڵگەی مێژوو، بە خوێندنەوەی میتۆد و رابردوویان، بە رامان لە نیاز و نەریتیان، بە حوجەی حیکایەتەکانی نێو وتار و وێنای مێشکیان، دوواجار بەم هەڵوێستە فاشیستییە ئابڕوبەرەی ناو زانکۆی هەڵەبجەیان روونبووەتەوە کە باوەڕیان بە دیالۆگ نییە، کە دیموکراسی تەنها و تەنها پەیژەیەکە و لە دەرفەتی لاوازییاندا بەسەریدا رەد دەبن و پاشان فڕێی دەدەن.
 ئەو هێز ئیسلامگەرایانە، هیچکات لەسەر بنەمای خوێندنەوە و دیالۆگ، لەسەر بنەمای بەڵگەی عەقڵی و زانست، لەسەر بنەمای پێکەوەیی و ئاشتیخوازی نەیانتوانیوە هەڵبکەن، ئەوان هەڵپەی تێکدان، تەقینەوە، داخستن، قۆڕغکاریی، یاساغیی و یادەوەریی شمشێر و کوشتوبڕ دەیانجوڵێنێ.
 لە تیرۆری فیکرییەوە لێنەویون، چاویان بە جوانی و هونەر، بە توێژینەوەی زانستی و پێشکەوتن، بە فەلسفەو میراتی رۆشنگەریی هەڵنایە.
 ئەوان بەرچەپی بەرامەی پێشکەوتنن، ئەوان هەموو چەمکەکانی چەقبەستوویی، حیجاب و ریش و فێی فەتواکانیان کردووەتە چەکێکی سیاسیی و کۆمەڵی کوردیی پێ لەکەدار دەکەن، دەیانەوێ ئەزموونی ئەڤغانستان و ئێران و ئامبازبوونی دەستدرێژی نێو ئۆتۆبووسەکانی ئیسلامئابادو قاهیرەو جاکارتا بکەنە مۆدێلێکی وەحشەتناکی سەر ژنانی کورد، ئەوان بە حیجابی سیاسییەوە دەیانەوێ حیجابی ئارەزوومەندانەو کوردەوارییانە لادەن، دەیانەوێ زەهری زەرقاوی و قەرزاوی و زەواهیرییەکان لە نێو ناوەندەکانی خوێندندا بڕێژن. 
هەر بۆیە جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە، کاری ئێمە و خەباتی ئێمە رەخساندنی زەمینەیەکی ئازادە، رێگە نادەین ترسنۆکەکان، ئەوانەی ترس لە وشە و نوسین و دەربڕین بووەتە میراتی مەینەتییەکانی مێژوویان ئیرادەی لەرزۆکیان سەرکەوێ، ناهێڵین سەکۆی ئازادی ناو زانکۆکان قۆڕغبکرێ، دەمانەوێ هەموو هێزەکان بە بێ جیاوازی، ئیسلامی و چەپ و سیکۆلاریستەکان، تێکڕا بتوانن ئازادانە بنوسن، بدوێن، کۆڕو کۆبوونەوەکانیان بکەن، ئێمە دژی قۆڕغکارین و ناهێڵین قۆڕغکار قۆناغە مێژووییەکەی میللەتەکەمان زیاتر بەرەو هەڵدێر بەرێت.

پلاتفۆڕمی دابڕان

26/10/2022