بێده‌نگیی مانگی… سامی هادی
ئیتر بێدەنگیی مانگ کۆ ناکەمەوە
سامی هادی
١
بینیم مردبوو
ئیتر نەمدییەوە
باسی دارستان و
ئەو ئەستێرانە بکات
کە پڕ بوون لە ژن و ژیان
بینیم مردبوو
ئیتر ئەو مرد بوو
٢
سەیری بکە
ئاگر بە باران تووڕە دەبێت و
منیش بەو مانگەی
کە نازانم، ئەو هەموو خەمۆکییەی
لە کوێ هێناوە
٣
ڕووبار کەی دەخەوێت
دڵنیام
جگە لە من، ماسی و شەپۆلیش
لە بێدەنگی ئەو پرسیارە
خەونەکانیان کۆ دەکەنەوە
لە پاییزی ڤیڤاڵدیشدا
تەنیا جارێک گەڵاکان
بە چرپە گوتیان
ببوورن، ئێمەش هیچ نازانین
٤
ئیتر
بێدەنگیی مانگ کۆ ناکەمەوە
بە پەنجەرەش ناڵێم
بۆ هاتنەوەی تاریکی
کرانەوەت هیچ مانایەکی نەماوە
لێرەم
وەک ئەو هەموو پیاوانەی
لە شەووڕۆژێکدا
نازانم چەند درۆ دەکەین
٥
لێرە
خەون بە وەرزێک دەبینم
پڕە لە باڵندەی باران،
خەونێک
هەتاو بە ڕەنگی خۆڵەمێشی
پەپولەکانیش بە باڵی بەردەوە دەفڕن
خەونێک، ئیتر ناتوانم بە کۆتایییەکەی بڵێم
تووڕەبوونی ڕەنگەکان مەدەنەوە بە مرۆڤ
٦
بە کۆکردنەوەی ئەو هەموو پیرییە
سەرەتا، ڕەنگەکان بێدەنگترین وەرز بوون
دوابەدوای ئەوانیش
هەور ئاوڕی نەدایەوە
کچێک یان وا باشترە بڵێم ژنێک
خەونەکانمی لە تاریکترین ماچدا
کرد بە مۆم و ئیتر نەکوژایەوە
٧
ئەو هەموو پیربوونەت
بۆچییە
ئەگەر لەنێو زمانی ژنێکدا
خۆی حەشار نەدات
٨
تەنیا بە بینینم
دەریایەک دەدۆزمەوە
باران،
هەموو ڕەنگەکانی کردەوە بە خۆڵەمێش
بە بینینم،
باڵندەکان جگە لە جریوە
فڕینیان خستووەتە سەر شەپۆلەکان
بە بینینم
چەند ڕەنگێک دەکەم بە ماچێک
ئیتر… ماڵئاوا نیشتمانی خۆرئاوابوون
٩
لەنێو پیانۆکەدا دەریایەک هەیە
ژنێک…
بە بینینەکانی لە ڕەنگی هەتاو و
لە قەوزەی خەونی شەپۆلەکان
ئاوازێک دەچنێت
ژنێک… کە بوو بە گۆرانی
ئیتر… گەڕایەوە بۆ ئاوێنەی
تەنکیی مانگ
١٠
هەموو درۆکان
بوون بە شووشە
خۆشم لەودیو دەرگە ژەنگاوییەکەدا
بینینی تەمەنم لە تاریکی دەکردەوە
١١
ئیتر ژیان بەسەرما تێپەڕیوە
تەنیا باران هیچی نەگوت
پەنجەرەش،
هەر بە کراوەیی بانگی پاییزی دەکرد
١٢
یەکەمجار دەنگ بوو
بە حەوت ڕەنگەکانییەوە بوون بە ژمارە
ئیتر ژمارە بوو گوتی
گەر باران لە ئاسمان بسەنینەوە
شتێک نامێنێتەوە
بۆ تارمایییەکانی بەگوڕبوونی زەوی
بگریت.
١٣
سەیر دەکەم
بەفر هێندە سپی دەبارێت
ژیانیش
لەمدیو دارچوالەکەوە
لە پەیژەکانی خەڵووز دەچێت
کاتژمێر چەندە بۆ ئەوەی
بەهار بگەڕێتەوە؟
ئەم هاژەهاژە،
چی بە چۆلەکەکان گوت؟
دە با ژمارەکان کۆ بکەینەوە
ئیتر ژیان
توانای گۆرانیگوتنی نەماوە
١٤
ڕەنگە بڵێم
تەنیا ئێوارەکان کۆ بکەمەوە
ئەوە بەختەوەرترین خەونم
دا بەو ژنەی
کە بە کورتی قژی
ئاوازەکانم پڕ دەکات لە ئاوێنە
١٥
هەموو ئاوەکان لە ڕەنگی بوونی
خۆیان دەترسن
تەنیا ئەو فرمێسکانە نەبێت
کە لە پاییز وون بوو
ئیتر نەگەڕاوە ناو پەنجەکانی
هیچ گۆرانییەک
١٦
سەیرکە
لێرە، شەپۆل دەبێت بە نیوە و
باڵندەکانیش هێندە مەلە دەکەن
ئیتر شتێک نییە ناوی فڕین بێت
١٧
خەونەکانی پیاسەی پیرێکە
هەمیشە نیوەی گۆرانییەکانی کۆ دەکاتەوە
نیوەکەی تریشی
لە وەرزێکی بێمانگەشەودا
بیر دەچێتەوە
١٨
جگە لەم پەنجەرەیە
هیچ وەرزێکی ترم نییە
تا سەیری نیوەی ڕووتی باران و
گێڕانەوەی خەونی هەڵوەرینی
درەختەکان بکەم
١٩
تۆ
بەس تۆ و سمۆرە
هێندە جوانن
دڵنیام بیرتان چووەتەوە
سەیری ڕەنگە ئاڵۆزاوەکانی
مەرگ بکەن
٢٠
ئەو دەنگەی لە دایکم بۆم بەجێ ماوە
دڵنیام هێندە نەمرە
بۆیە لە بەردەم ڕووبارێکی
پاشماوەی ئێوارەدا
باسی لەدایکبوونم دەکات
٢١
بۆ ئەوەی خەونەکانم وردوخاش بکەم
دەبێت لە وەرزێکی تەڕدا بیانخەوێنم
٢٢
ئەو ژنە نازانێت
ئەویش گەورە دەبێت و
بە دوای ئەو ڕەشەبایەش ڕادەکات
کە لە هیچ دەرگەیەک ناچێتە ژوور
چونکە خۆی گۆڕستان
سلێمانی – ٢٠٢٢
بێده‌نگیی مانگی… سامی هادی
موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ر
له ئێواره‌یه‌كی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی 1997 كه هێشتا له پاریس بووم، له‌ناكاو هه‌ستم كرد دنیا زۆر بێده‌نگ و كش و ماته. پاشان زانیم ئه‌مه به هۆی جه‌ژنه‌وه‌یه، هه‌موو خه‌ڵك له ژووره‌وه‌ن، ئیتر كریسمس بوو، جه‌ژنی له دایكبوون بوو، هه‌ستم به جۆرێك له سام كرد، له ساتێكی دیاریكراو به كاریگه‌ری ئه‌و بێده‌نگییه هه‌ستم كرد له تاراوگه‌م. پاشان نازانم بۆچی له‌و ده‌مه بیرم بۆ روانینه‌كانی فه‌یله‌سوفی فرانسی ئۆگوست كۆنت چوو، مانگ و ئاسمان و موناجاتی خۆی و پاڕانه‌وه‌ی له خوا و نه‌بوونی هیچ وه‌ڵامێك و هه‌ستكردنی به تاراوگه له‌سه‌ر زه‌وی. هه‌ڵبه‌ت پێشتر زۆرم له‌باره‌ی هزر و بیری ئه‌و خوێندبووه‌وه، ئه‌و ده‌ڵێ له‌م دنیایه مرۆڤ له رووی روحی و شوێنه‌وه هه‌رده‌م له تاراوگه‌یه. ئیتر جۆری مرۆڤ به گشتی هه‌مووی له تاراوگه ده‌ژیێ، چونكه هیچ وه‌ڵامێك بۆ وێرد و پاڕانه‌وه‌كان نیه. هه‌موو ئه‌مه‌ش بۆته سه‌رچاوه‌ی مه‌زن و له بن نه‌هاتووی بیر و روانینه‌كانی ئه‌لبێر كامو. ئه‌م دیارده‌یه له هه‌موو تێكسته‌كانی ئه‌و هه‌ستی پێ ده‌كرێ، به‌و مانایه‌ی مرۆڤ فڕێدراوه‌ته سه‌ر زه‌وی و ده‌بێ چاوه‌ڕێی هیچ شتێك نه‌كا، چونكه هه‌موومان له تاراوگه‌ین، ته‌نیا ئه‌و كاره جه‌وهه‌رییه‌ی ده‌بێ مرۆڤ بیكا ئه‌وه‌یه ژیان له‌سه‌ر زه‌وی خۆش بكا، ئه‌مه‌ش به كار و به شیعرده‌كرێ، شیعر وه‌ك سه‌لوا و جۆرێكه له هه‌ڵاتن له‌م تاراوگه‌یه، له‌ولاشه‌وه وه‌ك هه‌ڵگه‌ڕنه‌وه‌یه‌كه دژ به‌و بێده‌نگییه‌ی مانگ و ئاسمان، ئه‌مه‌ش ئه‌و شۆڕشه‌یه ده‌بێ بكرێ، ئه‌م شۆڕشه زیاتر وشیاربوونه‌وه‌یه، وشیاربوونه‌وه به‌رانبه‌ر به نادادپه‌روه‌ری، چونكه نادادپه‌روه‌ری بۆ خۆی تاراوگه‌یه، ئه‌مه واته گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نرخ و به‌ها بۆ جوانی و بۆ شیعر، مه‌به‌ستیش له شیعر روح و نیگه‌رانی مرۆڤه. دڵه‌ڕاوكه‌ی ئه‌به‌دی مرۆڤ به‌رانبه‌ر به بێده‌نگی ئاسمان و مانگ، كه ته‌نیا به فۆرمه‌كانی ده‌بڕی جوانیناسانه داده‌مركێته‌وه، سه‌ره‌نجام له خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م شیعرانه‌ی كاك سامی هادی راسته‌وخۆ به خێرایی هه‌موو ئه‌م شتانه‌م به خه‌یاڵدا هات. به راست مانگ بۆ ئه‌وه‌نده بێده‌نگه، ئۆگوست كۆنت زۆر ماندوو بوو ئه‌وه‌ندی سه‌یر بكا و موناجات بكا، بۆچی مانگ بێده‌نگی خۆی به مرۆڤ ده‌فرۆشێ، ئه‌و لووتبه‌رزییه شیعرییه چیه هه‌رده‌م له‌و ئاسمانه تاریكه‌یه. ئه‌ی هه‌ڵوه‌سته و بێده‌نگی دایك به‌رانبه‌ر رۆژگار و نه‌وه‌كانی، له پاش مردنیش ئه‌و بایه هه‌ر دێ، دارستانیش هه‌ر ده‌شه‌كێته‌وه، ده‌شتی پڕ له گوڵه‌گه‌نمی پڕیش كه‌روێشكه ده‌كه‌ن، ئاگر هه‌ر كڵپه‌ی دێ و بارانیش هه‌ر به لێزمه ده‌بارێ، ئه‌ی بۆ ڕووبار ناخه‌وێت ؟ ئایه راسته ده‌ڵێن رووبار وێڕای رۆیشتن و قه‌ڵبه‌زه و خوڕه‌ی ئاوه‌كه‌ی ده‌خه‌وێ؟ ئه‌ی په‌پووله‌ی باڵ به‌ردین و فڕینی مه‌حاڵ ! خه‌ونی پڕ له ره‌نگ و روخساری پڕ له غوبار، پیری پڕ له ژیان و جیهانێكی دووری پڕ له ئاهه‌نگ، ته‌نیایی و پیانۆی پڕ له شه‌پۆڵ و ئاواز، ژیانیش تێده‌په‌ڕێ و ته‌مه‌نیش هیچ ناڵێ، ئه‌مانه‌ن وێناكان، ئه‌و وێنا و وێنا ئه‌ندێشه‌ییانه‌ی له‌م كۆپله شیعرانه هه‌ستیان پێده‌كه‌ین،
له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كۆپله شیعرانه دیسان ناچارین ئه‌و قسه‌یه‌ی ئه‌رستۆ به بیر خۆمان بهێنینه‌وه كه ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی به شیعر ده‌كرێ به مێژوو ناكرێ، مێژووی ئه‌وسا فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌مڕۆ بوو، ئه‌وه‌ش راسته له‌م خوێندنه‌وه‌یه من سه‌رنجم بۆ ئۆگوست كۆنت و ئه‌لبێر كامو چوو، شیعره‌كان منیان وێڵ كرد و منیان دۆزییه‌وه، هه‌ستم به مانا و به بێهووده‌یش كرد، شیعر واته ڕاپه‌ڕین به‌سه‌ر تاراوگه‌ی ئه‌به‌دی مرۆڤ و له هه‌مان كات جوانكردنی ئه‌و تاراوگه‌یه، چونكه هه‌موو ژیانیك له تاراوگه‌یه، شیعریش ده‌توانێ وێنای ئه‌به‌دی ئه‌مه پیشان بدا، ئه‌مه‌ش ته‌نیا به شیعر ده‌كرێ. بێده‌نگی مانگیش ده‌مێكه هه‌یه، به‌ڵكو له مرۆڤیش كۆنتره. ئه‌م كۆپله شیعرانه وێنای شیعری ساده و ساكار و روونن، مادده و زمانه‌كه‌شیان ساده و ساكارن، هه‌موو شتێك له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌سته‌ی یه‌كه‌م سه‌یر دێته به‌رچاو، به‌ڵام دواتر ده‌بینی ڕوون و ساده و قووڵ و پڕ به‌های جوانین.