تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر خولێكی رۆشنگەریی بۆ گەنجان رێكخست

کوردستان 08/10/2022


مەلا بەختیار: من هەزار بەڵگەم پێیە كە دەیسەلمێنێت عەلمانیەت بۆ دژایەتی دین نییە

ئەمڕۆ شەممە 8ی تشرینی یەكەم، لەدرێژەی كارو چالاكییەكانی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، لەهۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، خولێكی یەك رۆژەی پەروەردەی رۆشنگەری، بۆ رێكخراوی گەنجانی راپەڕین كرایەوە و لەسێ وانەدا بەوردی تیشك خرایە سەر چەمك و گرنگیەكانی رۆشنگەری و راگەیاندن و كاریگەری لەسەر گۆڕانكارییەكان.
لەسەرەتای خولەكەدا ئەحمەد حەسەن، سەرۆكی رێكخراوی گەنجانی راپەڕین سوپاسی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێری كرد بۆ سازدان و رێكخستنی ئەم جۆرە خولانە، هیوای بەردەوامی و زیاتر گرنگیدان بەگەنجان خواست.
ئاماژەی بەوەشدا، لەكاتێكدا هێشتا كۆچی بەلێشاوی گەنجان و جێهێشتنی نیشتیمان هەیە، بەڵام دەكرێت سود لەتوانا و وزە ئەرێنییەكانی گەنج وەربگیرێت، لەناو رێكخراوەكاندا پیشەییانە كار بۆ داهێنان و جێبەجێكردنی خەون و ئامانجەكانیان بكرێت.
بەوانەی یەكەمی هاوبیر مەلا بەختیار، بەناونیشانی "هۆشیاری رۆشنگەری و كاریگەری لەسەر ئەندێشەی ئازادیخوازی گەلان"، دەست بەخولەكە كرا و ئاماژەی بە چەمك و كاریگەرییەكانی (سیاسەت، رۆشنگەری، سۆشیال میدیا) كرا و رایگەیاند، بەگەڕانەوە بۆ رابردوو، بەراوردكردنی بەسەردەمی ئێستا، شتەكان هەموویان گۆڕاون، تەنانەت ژینگەی حزبایەتی گۆڕاوە، ئێستا هەموو تاكێك بەكلیكێك لەسەر مۆبایلەكەی گیرفانی دەتوانێت ئاگاداری رووداوەكانی رۆژ و دنیا بێت.
مەلا بەختیار، وتیشی "هیچ كەسێك نییە سیاسی نەبێت، تەنیا سیاسەتە دەتوانێت سەرجەم پەیوەندییەكانی نێوان تاكەكان و تاك و كۆمەڵگاو چین و توێژەكانی دیكە رێك بخات، باشترین سیاسەت ئەوەیە، رەچاوی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی و هاووڵاتی بكات، سیاسەت بۆ ملكەچ بوون نییە، بۆ سەربەست بوونە، گرنگ ئەوەیە بەناهۆشیاری نەچنە ناو سیاسەتەوە".
باسیلەوەشكرد: رۆشنگەری واتە لایت دان لەشوێنی تاریك، هیچ ئەزموونێكی دیموكراسی بێ رۆشنگەری سەركەوتوو نەبووە و نابێت، هەرگیز باوڕ بەو قسانە مەكەن كە گوایە عەلمانیەت دژی ئاینە، نەخێر وانییە لەو وڵاتانەی سیستمی عەلمانیە، دین ئازادە و بەپێچەوانەشەوە ئەوانەی عەلمانی نین، جگە لەیەك دین، ئەوانەی تر ئازاد نین، نموونەی سعودیە و فەڕەنسا ئاشكران.
روونیشیكردەوە،" لەئەوروپا 100 ملیۆن موسڵمان هەیە و هەمو دینەكانی دیكەش هەن و هەمووشیان ئازادن و رێز لەیەكتر دەگرن و پێكەوە ژیان هەیە، من هەزار بەڵگەم پێیە كە دەیسەلمێنێت عەلمانیەت بۆ دژایەتی دین نییە و پڕوپاگەندەكان لەوبارەیەوە زۆر دوورن لەراستیەوە".
ئەوەشی خستەڕوو"هەقی خۆیەتی شانازی بەدینەوە بكرێت، زانیاری تر وەربگرین دین فەلسەفیەكی گەورە و پیرۆزە ئەگەر مامۆستایانی ئاینی لێی تێبگەن، ئەوەتا ئەوروپا كە مەسیحی زۆرینەیە چەندین زانای گەورەی تێدا هەڵكەوتووە. بۆیە عەلمانیەكان كافر نین و ناكرێت درۆیان بەدەمەوە بكرێت". 
لەبەشێكی تری  وانەكەیدا مەلا بەختیار، سەبارەت بە بواری تەكنیك و سۆشیال میدیا، ئاشكرایكرد، لەم سەردەمە رۆڵێكی گەورە و بایەخداری هەیە ئەوەی پێش 20 ساڵ لەمەوبەر بڤە بوو ئێستا لەگیرفانتاندایە، زانیاری لەبەردەستی هەموواندایە، گرنگە بەدوای باشیەكاندا بگەڕێیت، بەپڕۆگرام سودی لێ ببینن، تا زیاتر فێربین سەركەوتوو دەبین، ئەگەر زانیاریت كەم بێت سەر لەهیچ شتێك دەرناكەین، سەردەمی دیموكراسی و رۆشنگەری و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان جیاوازە.

وانەی دووەم لەلایەن پ.د. هێرش رەسوڵ، بەناونیشانی رۆشنگەری و راگەیاندن پێشكەشكراو تێیدا نیشك خرایە سەر كاریگەریەكانی راگەیاندن بۆ بڵاوكردنەوەی رۆشنگەری، لەو روەوە ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد كە راگەیاندن دەتوانێت ئەركی رۆشنگەرانە بەجێبەهێنێت بۆ ئەوە كۆمەڵ دوربخاتەوە لە دواكەتویی و نەزانی.
وانەی سێیەم لەلایەن مامۆستا بەهمەن تاهیر نەریمان، بەناونیشانی پەیامی پەروەردەی هاوچەرخ و ئاسۆكانی گۆڕانكاری پێشكەشكراو زۆرێك لە لایەنەكانی پەروەردەی هاوچەرخی گرنگەیەكەی، بۆ ئامادەبوان رونكردەوە.
دوای تەواوبونی وانەكان، بڕوانامەی بەشداربون پێشكەش بە بەشداربوانی خولەكە كرا.