سه‌له‌فیزم...... به‌ڵا بۆ دین و دونیا

کوردستان 04/10/2022


   له‌ بنه‌ڕه‌تدا سه‌له‌فیزم لێكترازانیكی گه‌وره‌ی له‌ جیهانی ئیسلامیدا خوڵقاند، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م سه‌له‌فیانه‌ی ئێستا تاڕاده‌یه‌كیش جیاوازن له‌ سه‌له‌فیه‌تی كلاسیك  چونكه‌ هه‌ر له‌ ئه‌حمه‌دی كوڕی حه‌نبه‌له‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ئیبن ته‌یمه،‌ وشه‌ی سه‌لفیه‌تیان به‌كار نه‌ده‌هێنا، به‌ تایه‌ت ئیبن ته‌یمه‌ به‌زۆری باوه‌ڕی وابوو كه‌ ئه‌وان تابعی ئه‌هلی سونه‌ت و جه‌ماعه‌تن..ئه‌وان ئه‌و سه‌له‌فیه‌ كلاسیكیه‌ بوون كه‌  كه‌ زیاتر  بنه‌ما ئاینیه‌كان زاڵ بوو به‌سه‌ریاندا وه‌ك له‌ تموحاته‌ دونیایی و سیاسیه‌كان.
له‌ قۆناغه‌كانی دواتردا، له‌ سه‌رده‌ستی محمد عبد الوه‌هاب (1703 – 1791ز)، ئیدی ئه‌م ره‌وته‌ رێگای جیهاد و توندڕه‌وی و به‌ره‌نگاریی هه‌ڵبژارد.تا ئه‌و كاته‌ی ده‌ستی تێكه‌ڵكرد له‌گه‌ل سه‌رۆك خێڵێك به‌ناوی محمد ئالی سعود، دونیان دابه‌شكرد به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا، به‌ره‌ی ته‌وحید و به‌ره‌ی شیرك شیرك، هه‌ستان به‌ وێرانكردنی  شوێنه‌وار و قه‌بر و مه‌نزڵگا دینییه‌كان. له‌ دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی سعودیه‌وه‌ سه‌له‌فیزمی جیهادی ره‌ونه‌قی په‌یداكرد و  كاری تیرۆریستی و ترساندن و تۆقان و فه‌توای كوشتن و ئازاردانیان كرده‌ نه‌هجی خۆیان...ئیدی ئه‌وان به‌ ته‌نها دژی دین نه‌بوون به‌ڵكو دژی دونیاش بوون، دژی ژن و دژی جوانی و دژی هونه‌ر و داهێنان بوون.
   سه‌له‌فیزم به‌ته‌نها دژی ژیاندۆستی و جوانیه‌كانی بوون نییه‌، به‌ڵكه‌ دژی ره‌وته‌ ئاینیه‌كانی دیكه‌یشه‌، هه‌رچه‌نده‌ سۆفیزم و سه‌له‌فیزم هه‌ردووكیان له‌چوارچیوه‌ی ئه‌هلی سونه‌ن به‌ڵام جیاوازیه‌كی جه‌وهه‌ری له‌ بوونیادی فیكریاندا هه‌یه‌، له‌دوای ئه‌وه‌ی محمدی كوری عه‌بدولوه‌هاب داوای زیندووكردنه‌وه‌ی سه‌له‌فی ساڵحی ده‌كرد و دژی بیدعه‌ وه‌ستایه‌وه‌، ئیدی كه‌وته‌ دژایه‌تیه‌كی سه‌ختی سۆفیه‌كان، چونكه‌ سۆفیه‌كان بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ خودا رێگه‌ی خۆشه‌ویستیان هه‌ڵبژاردبوو ، سه‌له‌فیه‌ جیهادیه‌كانیش رێگه‌ی كوشتن و بڕین.
ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م دوژمنی دین و دونیا
یه‌كه‌م/ له‌ڕووی مه‌زهه‌بی و فیكری دینیه‌وه‌ سه‌له‌فیزم له‌ كوردستان ئاسته‌نگێكی له‌به‌رده‌مدایه‌ كه‌ ئه‌ویش نه‌یاره‌ سه‌رسه‌خته‌كی سۆفیزمه‌ ، كه‌ به‌ بڕوای كۆمه‌ڵناسی ئه‌مریكی پیته‌ر بێرگه‌ر هه‌ر بیروبۆچوونێكی تازه‌ كه‌ دێته‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌وه، راسته‌وخۆ‌ به‌ر بیروبۆچوونێكی ئاماده‌ی پێشوه‌خته‌ ده‌كه‌وێت كه‌ ریشه‌ی هه‌یه‌ له‌و كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی سۆفیزم له‌ كوردستاندا ره‌سه‌ن و دێرنه‌ بۆیه‌ به‌رهه‌ڵستكاریكی سه‌رسه‌ختی سه‌له‌فیه‌ت وه‌ستایه‌وه‌ و  ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ ئه‌م بیره‌ توندڕه‌وه‌ له‌ پاشه‌كشه‌دا بێت، له‌رووی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ به‌ڵام كاتێك ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به‌ناو سكوێلاره‌كان له‌هه‌رێمدا بۆ مه‌رامی سیاسی خۆیان ته‌رویجیان بۆ ئه‌م هێزه‌ كرد و پاڵپشتی دارایی و ته‌له‌فزیۆن و پاره‌و پولیان بۆ هه‌ڵڕشتن ئه‌م هێزه‌ بره‌ویان سه‌ند.
دووه‌م/ بیره‌ چه‌پ و هێزه‌ سیكویلار و مرۆڤه‌ ئازاد و ئازاكان ده‌بنه‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئه‌م ره‌وته‌‌ تاریك بینه‌ ، كه‌ كارده‌كات له‌سه‌ر خه‌ساندنی مرۆڤ و كوشتنی  جوانیه‌كان. ئه‌مه‌ به‌ره‌بستێكی جددیی له‌به‌رده‌م سه‌له‌فیه‌یزم و چه‌واشه‌گۆییه‌كانی ئه‌م ره‌وته‌یه‌‌..چونكه‌ پێشه‌نگه‌كانی ئه‌م بیره‌ رۆژانه‌ له‌ مینبه‌ری مزگه‌وت و بڵندگۆ و تیڤیه‌كانه‌وه‌ هه‌رچی سوكایه‌تیه‌ به‌ مرۆڤ و ژن وژیانی ده‌كه‌ن، ناكرێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا  ئه‌م هزره‌ هاورده‌ كراوه‌ قبوڵ بكات.
سێیه‌م/به‌شی زۆری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كه‌ موسوڵمانی میللی و خاوێن و بێخه‌وشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ره‌وته‌ ره‌شبینیه‌ یه‌ك نایه‌ته‌وه‌ و ده‌بنه‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌میدا بۆ نموونه‌ ئه‌وه‌ی ئیسلامی وه‌كو دینێكی ره‌سه‌ن له‌باب و باپیرانیه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی  سه‌رسامی بوونی به‌  حه‌لاج و ئیبن عه‌ربی و رۆمی‌، دژ و نه‌یاره‌ له‌گه‌ڵ وه‌هابی و له‌تیفیزمدا.. تۆ ته‌ماشا بكه‌ مامۆستای موده‌ریس خاوه‌نی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌بوو وه‌ك (باخچەی گوڵان- بارانی ڕەحمەت- بەھار و گوڵزار- بنەماڵەی زانیاران- شەرحی تەسریفی زنجانی- تەفسیری نامی - حەج نامە
- خۆلاسەی تەفسیری نامی- دوو ڕشتە- دیوانی فەقێ قادری ھەمەوەند- دیوانی مەحوی- دیوانی مەولەوی- دیوانی نالی- ڕۆژگاری ژیانم- ڕۆژگای بەھەشت- ڕێگای پێغەمبەر- سەرچاوەی ئایین...تد)..له‌ولاوه‌ له‌تیفیزم و شوێنكه‌تووانی خه‌ریكی ماشێنی گوله‌نه‌بڕ و فتوای ناشرینكردنی ژیانن، ته‌كفیر و حه‌رامكردنی داهێنانه‌كانی زانستن.كه‌چی خۆیان زۆرترن پشكی سوودمه‌ندبونیان له‌ زانست و ژن و ژیان به‌رده‌كه‌وێت.

چواره‌م/ ئه‌وان به‌ ئاشكرا دژی پیكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ن و نایانه‌وێت هێزه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پێكه‌وه‌ بژین و یه‌كتر قبوڵ بكه‌ن، بۆ نممونه‌ ئه‌وان دژی( ژن، سۆفیزم، ئێزدی، هونه‌ر، داهێنان، مه‌سیحیه‌ت، جوو، مۆسیقا، شانۆ، شیعر...تد) ده‌وه‌ستنه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دونیادا به‌ تاوانی گه‌وره‌ هه‌ژمار ده‌كرێت، رۆژێكیش دێت لێره‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌مه‌یان له‌سه‌ر چڕ بركێته‌وه‌ وبه‌و تاوانه‌ لێپێچینه‌وه‌ی یاسیاییان له‌گه‌ڵ بكرێت.
ئه‌م به‌ڵای‌ دین و دونیایه‌، گه‌ر لێگه‌ڕێ له‌مه‌ زیاتر پێلێڕاده‌كێشن و ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی ئێستا له‌م كوردستانه‌دا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش نامێنێێت، چونكه‌ ئینتاجی چه‌ندین نه‌وه‌ ده‌كات له‌وه‌ی كه‌ یه‌كتریان قبوڵ نییه‌ و كه‌س دانی خێر به‌ كه‌سدا نانێت.

سواره‌ سۆران