سەلەفییەت وەک پەتای سەردەم، خەریکی بەعەورەتکردنی ژنە

کوردستان 03/10/2022



هادی میرزا عەلی

سەلەفیزم وەک بزوتنەوەیکی دژەژن، ژن وەک عەورەت دەبینێت، نەک تەنها چەند شوێنێکی جەستەی، بەڵکو کۆی جەستەی بە عار و عەورەت دەزانێت. بۆیە بەهەموو توانایەوە، دەیەوێت پارچەیەک قوماشی ڕەشی ئاودامان بدات بەسەر ئەم عەورەتەدا. لای سەلەفیزم، نەک هەر جەستەی، نەک هەر دەموچاوی، نەک هەر دەستەکانی، دەنگیشی عەورەتە، بۆیە ژن، کە قسەی کرد نابێت دەنگی بەرزبکاتەوە، نابێت ئاواز بخاتە دەنگییەوە، کە پێکەنی نابێت قاقالێبدات و بە کامی دڵ پێبکەنێت، چونکە دەنگی ژن عەورەتە.

لای سەلەفیزم ژن نابێت لەناو پیاواندا دابنیشێت، چونکە پیاوان چاویان دەچێتە سەر ئەم عەورەتە و توشی گوناحە دەبن، بۆیە ژن لای ئەوان سەرچاوەی فیتنەی زینای چاوی پیاوە، پیاو زینا بە چاوەکانی ناکات ئەگەر ژن نەبێت.

لە دیدی سەلەفیزمدا، پەیوەندیی ژن و پیاو، پەیوەندیی گورگ و مەڕە، هەر کە مەڕ دەرکەوت، دەبێت گورگ پەلاماری بدات و خۆی پێتێربکات. بۆیە بۆ ئەوەی ئەم گورگ و مەڕە بەیەک نەگەن، دەبێت لێکدوربخرێنەوە. لە مرۆڤخستنی مرۆڤ و کردنیان بە شتی تر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە پەیوەندیی نێوان نێر ومێ هیچ نییە جگە لە پەیوەندییەکی سێکسیی ڕووت، بەڕادەیەک پیاو ژن وەک یەکپارچە لە گۆشت دەبینێت، وەک چۆن گورگ مەڕ بە یەکپرچە گۆشت دەبینێت و بۆ خواردنی ئەم کراوە و خوڵقاوە. بۆیە وەک چۆن گورگ بەمافی خۆیی دەزانێت مەر بخوات، پیاویش هەر وا لە ژن دەڕوانێت.

 سەلەفیزم، پەیوەندیی ژن و پیاو، وەک پەیوەندیی دوو مرۆڤی هاوتا سەیرناکات، بەڵکو وەک پەیوەندیی نێچیر وڕاوکەر سەیردەکات، هەر کە ڕواکەر نێچیرکەی بینی دەبێت ڕاوی بکات. بە کورتی بینینی سەلەفیزم بۆ ژن بینینی پارچەیەک گۆشتی سەر چەپەرە و هیچی تر. ئیبن تەیمییەی باوکی سەلەفیزم حەدیسێک دێنێتەوە کە دەڵێت"ژنان وەک گۆشتی سەر چەپەرن، جگە لەوانەی دوورخراونەتەوە"، وەک دەڵێت"إِنَّمَا النِّسَاءُ لَحْمٌ عَلَى وَضَمٍ إِلَّا مَا ذُبَّ عَنْهُ". زمخشری و ئەزهەریش وایان لێکداوەتەوە کە ژنپارچە گۆشتێکە لەسەر چەپەری قەساب، هەموو کەس دەتوانێت چیان بوێت لێی بکەن، مەگەر ئەوانەیان کە دوورخروانەوتەوە، واتە تێکەڵ بە خەڵک نابن و خروانتەوە ماڵەوە و تەنها بۆیان هەیە کەسە مەحرمەکانیان ببینین و بیان بینن. ئیتر سەلەفیزم مێ لە مرۆڤبونی دەخات و دەی کات بە پارچەیەک بوکەڵەی سێکسی وهیچی تر، دەی کات بە کەوێکی بەندی قەفەز.

حەدیسێک لای بوخاری، ژمارە ٣٣٣٠ دراوەتێ، لای موسلمیش ژمارە ١٤٧٠ی هەیە، سەلەفییەکان پشتی پێدەبەستن ئەمەیە، کە یەکپارچە ئیسرائیلیاتە، دەڵێت" ئەگەر بەنو ئیسرئیل نەبوایە گۆشت بۆگەنی نەدەکرد، ئەگەر حەواش نەبوایە ژن خیانەتی لە میردەکەی نەدەکرد"، وەک دەڵێت: "لولا بنو إسرائيل لم يخنز اللحم، ولولا حواء لم تخُن أنثى زوجَها". ئەم حەدیسەی بەڵگەی سەلەفییەکان لەگەڵ خودی قورئانیشدا ناتەبایە کە شکاندنی حەرام لای ئادەم دەبەستێتەوە بە هاندانی شەیتان، نەک حەوا هانی دابێت تا حەرمشکاندن بکات. کەچی لەبەر ئەوەی سەلەفیزم دژی ژنە و نەخۆشیی دەرونیی لەگەڵ ژندا هەیە، ئەم حەدیسە دەبێتە دڵخوازی و وناحەقییەکان دەداتە پاڵ ژن و ژن بە سەری رمی فیتنە دەزانێت.

جا لەبر ئەوەی سەلەفیزم ژن بە بوکەڵەی سێکس دەزانێت، بۆیە هیچ حسابێک بۆ هەست و شعوری ژن دانانێت، کەسێکی سەلەفیی وەک عبدول لەتیف دێت و چوارچوار ژن دێنێت، ژنی ناسک لە مێردی دەکات و دواتر خۆی دەی خوازێت و دەیکات بە بوکەڵەی سێکسی خۆی، نە گوێ بە تەمەن دەدات، نە گوێ بە عورف و عادەت.