سەلەفیزم سەندنەوەی ئایینە لە مرۆڤایەتی!

کوردستان 03/10/2022

ژنان لە بازنەی بەندایەتی سەلەفییەکاندا شوێنیان نابێتەوە

نوسینی: ناسر نۆدشەیی

گەر گوتاری سەلەفییەکان پێوەربێت، ئەوا لە دوو ڕەهەندی روون و رەوانەوە، پەیامی ئایینی ئیسلام لە مرۆڤایەتی وەردەگیرێتەوە، لایەنی یەکەمیان ئایین بەرتەسککدەکاتەوە لە فۆڕمێکی عەقیدەیی دیاریکراو، عەقیدەیەک کە ئێستا سەدا یەکی موسڵمانانی گۆی زەوی ئیمانیان پێی نییە. گەر بە وردی سەرنج بدەین. تەنها ئەو رەوتانەی لە ئەمرۆدا خۆیان وەک سەلەفی دەناسێنن، زیاتر لە ٢٣ رەوتی جیاوازن، زۆرترینیان لە کەنداوی عەرەبین و بەشێکیان لە شام و باکوری ئەفریقاو ئاسیای ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی دوورن، هەندێکیشیان بەشێوەی سەربەخۆ لە ئەوروپاو ئەمەریکادان. ئەم رەوتە سەلەفیانە لەرووی عەقیدەوە کە هەستیارترین پرسی ناسنامەی موسڵمانێتییە، هیچکامیان لەگەڵ ئەویتریاندا کۆک نین و تەنانەت لە بازنەی ئیسلامیش یەکتر دەکەنە دەرەوە. بۆ زانیاریتان تێکڕای رەوتەکانی سەلەفیزم ژماریان ناگاتە دە ملیۆن ئینسان. کەوابێ لێرەدا ئیسلام ئەوەندەی عەقیدەی ئەوان دەیەوێ بەرتەسککراوەتەوە لەنێو پێڕێکی دیاریکراودا.  رەهەندی دووەمی گوتاری سەلەفیزم، کە دیارترینیان مەدخەلییەکانن، بەرچاوترینیشیان جیهادییەکانن، لە هیچکامیاندا گوتاری ئایینی و عەقیدەییان، گوتارێکی مرۆڤانە نییە، واتە وتەی خوا و پەیامبەرو سەحابەکان کە لای ئەوان حوججەیە، وتەیەکی پیاوانەیە، تێکڕای بەندایەتیش رووی دەمی لە پیاوە، سیحاحی ستەیش هەڵهێنجراوی هێزێکی پیاوانەیە، لەم میانەدا نەک لە شوێنێک بەڵکو لە چەندین شوێندا ناوی ژن و سەگ لەپاڵ یەکدا براون، لێرەدا قسە لەسەر ئەوە نیە کە بۆ لەپاڵ یەکدا ناو براون، بەکو قسەکە لەسەر ئەوەیە کە ژن ئامڕازە نەک ئەسڵ، ژن ئایینی ئاڕاستە نەکراوە، وەک پیاو، بەڵکو ئاداتی ئەتواری پیاوە لە نەزم و نەریتی بەندایەتییەکەیدا. ئەوەتا ئیمام ئەحمەد لە مەسنەدی ئەنساردا بە ژمارە ٢٠٤١٤ هێناویەتی کە پەیامبەر وتویەتی:يقطع صلاة الرجل إذا لم يكن بين يديه مثل آخرة الرحل المرأة والحمار والكلب الأسود. لەم فەرمودەیەدا بەڕوونی ئایین ئاڕاستەی پیاو کراوە، پێی وایە پیاو کەر و ژن و سەگی ڕەش بچن بەبەردەم نوێژەکەیدا بەتاڵ دەبێتەوە، تەنانەت ژن نەبراوەتە ریزی هەموو سەگێکەوە، بەڵکو براوەتە ریزی سەگی رەشەوە، لەم فەرمودەیەدا دەردەکەوێ کە بابەتەکە نوێژی ژن نییە، بەڵکو نوێژی پیاوە، پیاو یەکسانە بەو کەسەی کە پێویستە نوێژێ بکات بەتاڵ نەبێت، ژنیش ئەو بونەوەرەیە کە نابێ بەندایەتی پیاو بەتاڵ بکاتەوە، هەروەک چۆن سەگێ نەک سەگ بەڵکو سەگێکی رەش و کەرێک، خۆشبەختانە رەنگی ژن و گوێدرێژەکە دیاری نەکراون. هەمان فەرمودە ئیبن ماجە و چەندانی تر هێناویانە، فەزڵی کوڕی عەباسیش دیسانەوە گێڕاویەتەوە، لەچەندین بۆنەی تریشدا ژنان لەو پێگەیەدا پارێزراون. لە ئەمڕۆدا ئەم روانگەیە رێکوپێک سەلەفیەت ئیشی لەسەر دەکات، چون ژن ئاداتی بەتاڵبوونی بەندایەتییە، لەنەزەر و لە بینین و لە گوفت و لە گۆرانی و لە بۆچون و لە بازاڕ و لە هاموشۆدا، ژنان بفڤەترین بازنەی حەرام و حڕاڵن لە سەلەفییەتدا، بۆیە لەم رۆژانەشدا رابەری رەوتێکی سلەفی لە سلێمانیدا پێی وایە نابێت ژنان بچنە زانکۆ، بە ئاشکرا وای نیشاندا کە هەر کچێک بچێتە زانکۆ بە سەلامەتی نایەتە دەرەوە. ئەم وتەیە جگە لەوەی تژییە لە بێ مۆڕاڵی، جگە لەوەی لە فەرهەنگ و فیکرێکەوەیە کە وەحشیگەرییەتی ویژدانی ئەو مرۆڤی لێوە دەچۆڕێ، جگە لەوەی سوکایەتییە بە تاک بەتاکی خێزانی کورد، جگە لەوەی نەیارییەتی ئەو ئەدەبیاتە ئایینییە خاوێنەیە کە پیاوێکی ئایینی وەک مەلای گەورە و مودەڕیس لەسەری بوون، بەتەواوی شوڵ هەڵکێشانە بەرەو بەڕبەڕییەت، ئەمە لەشارێکدا کە پێتەختی رۆشنبیرییە. بەداخەوە دەبوو لە ئاست ئەو ئەدەبیاتە ئاست نزمەدا هەڵوێست وەربگیرایە، بەڵام چوون لەم گۆڕەپانە تێکپژاوەی سیاسەتی ئەمڕۆدا، لەتاو تاڵانی و گەندەڵی ناپەرژێتە سەر فکر و فلسفەی ئایندەو پەروەردەی تەندروست، بۆیە لەم ئاوە لێڵ و لەم بارە لەنگەی ئەزموونەکەماندا، ڕێویگەلێکی ڕوڕەڵی وەها، خەریکی ڕاوی ڕۆشنگەری و ڕابردووی جوانی کەلتووری نەتەوەکەمانن.