ژنان چیان دەوێت؟

کوردستان 01/10/2022

 

"ژنان چیان دەوێت؟" ئەو پرسیارەیە کە هەندێک لە پیاوان دەیکەن. کاتێک ئەو پرسیارە دەکەن پێیان وایە پرسیارێکی زۆر گرینگ دەکەن. لە ڕاستییدا هێرشێک لە سەر ژن و گومانێک لە مرۆڤبوونی ژن لە ژێر سێبەری ئەو پرسیارەدایە.
ئەو پرسیارەیش پرسیاری موسڵمانان نییە، بەڵکو پرسیاری ئیسلامیستە سیاسییەکان و پیاوسالارەکانە.
موسڵمان ئەو مرۆڤەیە کە باوەڕی بە ئایینی ئیسلامە، پێوەندییەکی خۆشەویستیی و وەفاداریی لە نێوان خۆی و خودادا ڕێک دەخات و پێش دەخات. کەسێکی موسڵمان باوەڕی بەوە هەیە کە "هەر کەس دەچێتە گۆڕی خۆی" و هەرکەس حەشر و نەشری جیاوازە و کەس گوناه و باشە لەگەڵ "ئەوی تر" بەش ناکات. کەسی موسڵمان بەرژەوەندییەکی شەخسیی نییە. تەنیا بەرژەوەندیەکی ئەو ڕازیکردنی خودا و گەیشتنیەتی بە ئامانج کە بەهەشت و ژیانی ئەو دونیایە. ئەمە زۆر جێگای ڕێزە. 
من و تۆیەکی کورد وێنەی ئەم موسڵمانە بەڕێزەمان لە ناو ماڵەکانی خۆماندا بینیووە. ئەوان باوکان، دایکانمان، دەراوسێکانمان، هاوگەڕەک و هاوشارمانن. بینیوومانە کە چۆن ئەوان دەستیان لە کاروباری خوداپەرستیی ئەوانی تر وەرنەداوە، کە خۆیان نەکردوە بە وەکیلی خودا لە سەر زەوی و  منەتی خوداپەرستییان بە سەر کەسەوە نەکردووە. مێژووی موسڵمانبوونی کورد پڕە لە پیاوان و ژنانی سەربەرز و نیشتیمانپەروەری لەو جۆرە. هێندە زۆرن کە ئەستمە بتوانرێت ناوی لە لیستێکدا بنووسرێتەوە.
ئەگەر ئەمە وێنەی کەسسێکی موسڵمان بێت، ئەی ئیسلامیست چییە؟ ئیسلامیست ئەو کەسەیە کە خۆی بە وەکیلی خودا لە سەر زەوی دادەنێت، کە پێی وایە هەمووان ئیلا دەبێت بە قسەی ئەو و بە شێوەی ئەو بکەن، کە بە ڕوونیی دیارە و بە بەڵگەوە دەسەلمێنرێت کە بەرژەوەندییەکی شەخسیی هەیە. ئەو بەرژەوەندییە شەخسییە لە مووچە و ماڵی دنییا، ئیمتیازی فرەژنیی، سووکایەتی بە خەڵک، هێرش، پەلاماردان، هەڕەشە و گوڕەشەدا دەبینرێت. بە وردیی لێیان بڕووانیت دەبینیت لە هەستی نیشتیمانپەروەرییدا سفرن و وابەستەی سیستەمی داگیرکەریین. زۆریان لە کاروباری نایاسایی و ئەوی خۆیان بە "ناشەرعیی" دایدەنێن، تێوە گلاون. ئەرکی سەرشانیان بەتایبەتیی لەوەدا خولاسە دەبێتەوە  کە دەپرسن "ژنان چیان دەوێت؟".
وەڵامی ئەو پرسیارە لای موسڵمانان ڕوونە. موسڵمانان یەک شێوە و یەک ڕووخسارن. ئەوان کچەکانیان هەروەکو کوڕەکانیان دەچنە بەر خوێندن، دەبن بە سستەر،  دکتۆر،  پارێزەر و مامۆستا و تاد. لەچک بە دڵخوازی خۆیان دەبەستن و ئەو جلوبەرگە دەپۆشن کە پێیان خۆشە. هیچ ژنێک بێحورمەت، بێحەیا، بێئەدەب ناکرێت و ناکرێن بە نیشانەی تیر و توانج.  
ئیسلامیستەکان بە هەزاران شێوەن، هەریەکەی لە ئاوازێک دەخوێنێنن و هەریەکەی بە پێی لێکدانەوەی شەخسیی خۆی، خۆی دەکات بە وەکیلی خودا و پێغەمبەر و بە تاکە سەرچاوەی دروست بۆ لێکدانەوەی دەقە قورئانیی و حەدیسییەکان. ڕێگا بە خۆیان دەدەن هەر شتێک بکەن کە پێیان خۆشە، هەر لە دەمپیسیی، هێرشی ناڕەواوە، تا ئەوپەڕی قسەی بێسەروبەر دژ بە ژنان. بەرگی خودابوون دەپۆشن و خۆیان بە قژ، برۆ، چاو،  لێو و قاچ و قولی ژنانەوە خەریک دەکەن، دەرەجەی ئیسلامی باش و خراپ بە خەڵک دەبەخشنەوە و بڵندگۆی مزگەوتەکان دەخەنە خزمەتی خۆیانەوە. وەکو وەکیلی موتڵەقی خودا و پێغەمبەر و قورئان و حەدیس میحراب داگیر دەکەن و ئەوی وشەی میهر و سۆز و خۆشەویستیی و ڕێز بێت لە ئاییینی دادەماڵن.
یەکەمین پەلامارەکانیان بۆ سەر ژنان، لەوێوە سەرچاوە هەڵئەگرێ کە ژنان، هەروەکو پیاوانێک کە باشن و کە مرۆڤن، دەتوانن ڕەنگاوڕەنگیی و هەمەجۆریی کۆمەڵ ڕابگرن. چونکە ئازادیی ژنان کە شانبەشانی پیاوان مرۆڤ بن و هاودەرفەت و هاوماف بن، هەموو لایەنەکانی کۆمەڵپێش دەخەن، بە ئایینیشەوە.
چ ئایینێک دەتوانێت لەوە جوانتر بێت کە مرۆڤەکان خۆیان، ژنێکی مرۆڤ و پیاوێکی مرۆڤ، دڵخوازا خوداپەرستیی خۆیان هەڵبژێرن و پێوەندیی شەخسیی خۆیان لەگەڵ خودادا قووڵ بکەنەوە؟
چ ئایینێک دەتوانێت لەوە ناشیرنتر بێت کە بە زەبری زۆر، فشار، زۆرەملێ، مل پەراندن و داسەپاندن، خۆی بە زۆرینە لە قەڵەم بدات؟ ئاینێک کە بریتیی بێت لە نەڕەنەڕ، شیڕەشیڕ،  هاوارهاوار، نەعرەتەکێشان و کەڵبە نیشاندان.
ئیسلامیستەکان لەو ڕووانگەیەوە زەرەری گەورە لە ئیسلام دەدەن کە وێنای خودا بەشێوەیەک دەکەن مرۆڤ لە ڕقدا لێی بترسێت، نەک لە خۆشەویستییدا، مرۆڤ لە ترسدا ڕێزی بگرێت نەک لە گەورەییدا،  مرۆڤ لە دڵی خۆیدا لێی ڕابکات و بە درۆش بۆ عەوام فریودان بە دەم گۆرانیی بە باڵایدا هەڵ بدات.
ئیسلامیستەکان دۆخێکی وا ئەخولقێنن کە زەرەری زۆر گەورە لە خوداپەرستیی دڵخوازانە دەدەن، چونکە مەرام و بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕۆژبەڕۆژ باڵاتر و گەورەتر لە داواکارییەکانی خودا دەبێت. ئەگەر هەر بە پەلەش لە مێژووی ئەم چل ساڵەی ڕا بردوو، لە دونیای ئیسلام بڕووانن، دەبینن کە ئیسلامی سیاسیی چ زەرەر و زیانێکی گەورەی لە ئیسلام داوە.
ئێمە بینیمان کە بزووتنەوەیەکی ئیسلامیستیی لە میسر و لەگەلێک وڵاتانی عەرەبی گەشەی کرد. لە هەموو ئەو وڵاتانەدا زەرەری گەورە بە موسڵمانیەتیی کەوت. موسڵمانانی ڕاستەقینە بوون بە قوربانی ئیسلامی سیاسیی بەرژەوەندگەرا. لە میسر ببییمان ئاکامی چی بوو. خوێنێکی زۆر ڕژا و زەرەری گەورەی ئابووریی درا و ناکۆکیی گەورە کەوتە ناو گەلی میسر. لەو هەموو زیانەدا، نە ژمارەی موسڵمانانی ڕاستەقینە زیادی کرد و نە میسریش پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە بینی.
سعودی عەرەبیی نموونەیەکی ترە. سعودی عەرەبیی بە یەکێک لە هەرە توندترین وڵاتانی ئیسلامیی ناوزەند دەکرێت، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردووەوە دەبینین کە کرانەوەیەکی بەرچاو لە ئارادایە. ژنان زیاتر و زیاتر ماف وەردەگرن و گۆڕانکارییەکان نیشانی دەدەن کە سەلماندنی مافی ژنان لە برەو دایە نەک لە بەرەودواوە چوون. تەنانەت سەرپۆشیشکرا بە سەرپشکی ژنان خۆیان.
بە ڕوونیی دیارە کە ژنانی سعودییە بەو مافانە بێئەدەب و بێحورمەت و بێحەیا نابن، بەڵکو شانبەشانی پیاوان پێش دەکەون و کۆمەڵگای سعودییە تارادەیەک بەرەو دیموکراتیکبوون و پلورالیزم دەچێت. ئەمەش ئەو ڕێگایەیە کە نەک ئیسلامی سیاسیی بەڵکو هیچ هێزێک ناتوانێت بەری پێ بگرێت.
ڕەنگە نموونەی هەرە باش تونس بێت. بزووتنەوەی ئیسلامیستیی لە تونس هاوئاستی میسر بوو. بەڵام بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخوازانەی نیشتیمانپەروەرانەی خەمخۆر بۆ بەرژەوەندیی گەل، شۆڕشێکی سپیی بەرپا کرد و تەنانەت توانی دەستووریش بگۆڕێت. بەو گۆڕانکاریانە نەک هەر ژنانی تونس بێحورمەت و بێحەیا و بێئەدەب نەبوون، بەڵکو بەحەیاتر و بەئەدەبتر و بەحورمەتتر کەوتنە ناو ژیانی کار و بەرهەمەوە. هیچ کەسێکیش لەو مرۆڤانە لەبەرچاوی خودا ڕەش نەبوون، چون کەس لەو ئاستەدا نییە کە لای ئەوەوە بێتەوە و بە وەکالەتی خوداوە هەندێکمان ڕەش بکات و هەندێکمان سپی. لە ڕۆژی حیسابدایە دەزانین کێ دڵ و ویژدان و رۆحیی پاک بووە. با کەس موزاییدە بە سەر کەسەوە نەکات!
 لەو بوارەدا ئێمە لە هەرێمی کوردستان، خۆشبەختانە نە میسرین و نە سعودییە، بەڵام تونسیش نیین. یاساگەلێکمان هەن کە ئەگەر بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە دەتوانن سوودی بەرچاو بە کۆمەڵگای باشوور بگەیەنن. بۆ ئەوەی ئەو کارە بکرێت و لە ناوچەکەدا وەکو نموونەیەکی پێشکەوتنخواز بین،  پێویستە ژنان و پیاوانی تێکۆشەر زیاتر وەدەربکەون و دەنگیان هەڵببڕن.
ئایا وەڵامم بە پرسیاری "ژنان چیان دەوێت؟" دایەوە؟
ژنان پێش ئەوەی خوشک، دایک،  پور،  ئامۆژن،  مامۆستا و دکتۆر بن، مرۆڤن. مافی مرۆڤ دەبێت بێ ئەملاولا ژنانیش بگرێتەوە. ئەگەر پیاوان بە ئیمتیازی مافی مرۆڤ نەبن بە "بەدپیاو" و "بەدئخلاق" ئایا بۆچی ژنان بە وەرگرتنی مافی مرۆڤ دەبن بە "بەدژن" و "بەدئەخلاق"؟ ئەمە قسەیەکە هیچ پیاوێک کە مرۆڤێکی هۆشمەند و بەڕێز و سەربەرز بێت نابێت بیکات. ماف ئێمەی مرۆڤ بەد و خراپتر ناکات جا چ ژن بین چ پیاو. ئەوی بەد و خراپترمان دەکات پیاوبوون یان ژنبوونەکە نییە، بەڵکو بەرژەوەندخوازیی و خۆگەرایی و بێڕەووشتیی و نەبوونی هەستی بەرپرسیاریەتییە بۆ ژیان و بۆ ئەوانی تر کە سیفاتی دڕندەیەکمان پێ دەبەخشێت. ئایا خودا، جا هی هەر ئاینێک بێت، لە مرۆڤ دەڕووانێت یان لە ڕەگەزەکەی؟ قسەی تێدا نییە کە خودا لە مرۆڤەکە دەڕووانێت و کارێکی بە سەر جێندەرەوە نییە. 
"ژنان چیان دەوێت؟" پرسیارێکی زۆر ئاسانە بەڵام لە ڕووانگە ئیسلامیستییەکەوە پڕە لە بێحورمەتیی و بێئەدەبیی. بە دڵنییایەوە هەرە زۆرینەی ژنانی ئەم دونیایە، نەک هەر هی کوردستان، دروست هەروەکو پیاوانی بەرپرسیار و بەڕەووشت، دەیانەوێت بژین، کارێکیان هەبێت، سەربەرز بن، دڵخۆش بن، هاوڕێیەکی ژیانیان هەبێت، هاوڕێی گیانیبەگیانیان هەبێت، وڵاتیان ئاوەدان بێت، کە ژیانیان ئاسوودە و سەقامگیر بێت، کە ڕێز لە پیر و پەککەوتە و لە گەنج و هەرزەکاریان بگیرێت، کە بتوانن ئەو جلوبەرگە لە بەر بکەن کە دەیانەوێت و کە قژیان وا شانە بکەن و وا دایبێنن کە خۆیان پێیان خۆشە.
ئایا وەڵامم بە "ژنان چیان دەوێت؟" دایەوە؟
لە وێنەکانی عادلەخان، حەپسەخان، و قەدەمخێر و دەیان و سەدان و هەزارانی تر لە سەرکاروانانی ژنانی کوردستانەکەم دەبینم کە کەسیان نە لەچکیان پۆشیووە و نە عەبایان بە سەر خۆیاندا داوە و نە پیاوێکی ئیسلامیستی بەرژەوەندخواز شەرەفی پاراستوون، بەڵکو خۆیان لە ناوەڕاستی کۆمەڵێکی موسڵمان و دونیایەکی موسڵماندا پێیان لە سەر ئەرز و سەریان لە ئاسمانە. من هەرە زۆرینەی ژنانی کورد وا دەبینم و دەزانم کە وان و  پێویستیان بە پیاوانێکی کۆنەپەرست و دەمشڕ و جێی گومان نییە بێت و شەرەف و کەرامەتیان بپارێزێت. لە هەرە زۆرینەی ژنانی کورددا عادلەیەک و حەپسەیەک و قەدەمخێرێک و لەیلایەک و ژینایەک دەبینم. ئەو ژنە کوردە دەبێت هەر زۆر خراپ بەدبەخت بێت کە پێویستی بە پیاوێکی گومانلێکراوی دەمپیس و دەمشڕ بێت کە بێت و خۆی بکات بە پاسەوانی شەرەفی.
هیچ ژنێکی سەربەرز و شاناز پێویستی بە پاسەوانی شەرەف نییە!
تۆ دەپرسیت: "ژنان چیان دەوێت؟" من وەڵامت ئەدەمەوە کە ژنان باوەڕیان بە ئەرک و بە مافیشە، کە لە ئەرک هەڵگرتتن ناترسن و نەترساون بەڵام مافیان خوراوە. دەیانەوێت لە ئاستی کار و ئەرکیاندا مافیشیان بێ کەم و زیاد هەبێت، نە کەس خێریان پێ بکات و نە جێی بەزەیی بن و نە سواڵی میهرەبانیی بکەن و نە دەست بۆ مافی خۆیان پان بکەنەوە. ژنان دەیانەوێت کە لە بەرامبەر تاکەکەسی گشتیی و حکومەتدا، و لە هەموو سفارێکی خسوسیی و گشتیی و فەرمییدا، مرۆڤ بن.
ئایا وەکو بەرپرسی فێمێنیزمی ڕۆشنگەریی چی تر پێویستە لم چەند دێڕەدا بیڵێم؟ فێمێنیزمی ڕۆشنگەریی جوڵانەوەیەکی هزریی ئازادیخوازانەیە و ژن بە کرۆکی دیموکراسیی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێت. ئێمەی کورد نە پێویستە میسر بکەین بە نموونەی خۆمان کە لە سەرەوە گۆڕانکاریی بسەپێندرێت و نە سعودییەش بکەین بە نموونەی خۆمان چون زۆر زیاتر هەنگاومان ناوە. دەشبینین کە کاری پۆلیسی ڕێکپۆشیی ئیسلامیی لە ئێران چ بەڵایەکی گەورەیان ساز کرد. دوو نموونەی تریشمان هەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، نموونەی باڵای حوکمی ئیسلامیستیی شیعەگەرا و حکومەتەکەی ئەردۆغان کە نموونەی ئیسلامیستیی سوننەگەرایە. ئەفغانستان و پاکستانیش نموونەی ترن. هەروەکو چۆن مەغیریب، ئەو وڵاتەی کە پاشاکەی خۆی بەوەوە با دەدات کە لە بنەچەی پێغەمبەری ئیسلامە، بەڵام کە وڵاتەکەی هەروەکو ئەستەنبوڵ بووە بە قیبلەی فەسادی بەدڕەووشتیی و بە مێرگێکی سەوز بۆ ئەو پیاوانەی سێکس دەکڕن.
بە ڕوونیی دیارە کە بزووتنەوەی فێمێنیزم تاوانبار نییە، لەبەرئەوەی ئاماژە بە نادادیەکانی کۆمەڵ و بە دۆخی خراپی ژنان دەکات، بەڵکو ئەوانە تاوانبارن کە لە بەرگی خودا و باوکێکی گوایا باشدا وەکو مڵە لە سەر جەستە و ڕۆحی ژن دەلەوەڕێن. چارەسەری دۆخی ژنان لە قازانجی هەموواندایە و خراپبوون و خراپمانەوەکەشی تەنیا بە سوودی هەندێکە لە پیاوان.
ئەو گۆڕانانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ماوەی رابردوودا روویاندا، بە پێشەنگایەتی ژنان و کە بە دڵنیاییەوە بەردەوامی هەیە ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە ئازادیی ژنان کرۆکی ئازادیی هەر کۆمەڵێکی مرۆڤایەتییە و ناکرێت و ناشێت گەلێک بتوانێت سەقامگیریی، ئاسوودەیی، تەبایی،  کامەرانیی، سۆز و خۆشەویستیی ڕاستەقینە بێ ئازادیی ژنان بچێژێت. بەڵگە زۆرن کە کۆمەڵە مەدەنییە یاساییە خزمەتگوزارییە سەقامگیرەکان، بەرهەمی ئازادیی ژنان و پیاوانن و بەرهەمی پێکەوەژیانێکی بەرابەر و تەبان.
ئایا هێشتا هەر کەسانێک هەن بە ڕاستیی دەپرسن "ژنان چیان دەوێت؟"؟
ئەوەی کە پیاوانی بەڕەووشت و سەربەرز، کە بەرژەوەندیی نەتەوە و خاک و نیشتیمانیان لا بەنرخە، چیان دەوێت ئەوا ژنانیش هەر ئەوەیان دەوێت، نە کەمتر و نە زیاتر، چون هەردووکمان هەر مرۆڤین. با هەندێک کەس بە ناوی خوداوە بەخت یاریی و ئیمتیاز بە خۆیان نەدەن کە ماشەڵا لە شێوەی "پیاو" دا لەدایک بوون!

هاوژین زیبا
رابەرایەتی فێمێنیزمی ڕۆشنگەریی
٢٠٢٢/١٠/١