راگەیەنراوی (پلاتفۆرمی دابڕان)

کوردستان 28/09/2022

 

دابڕان دەنگۆی دنیابینییە تاریک و تەریکەکانی کەلتووری کوردەواریی، چەواشەکاری و چەقبەستوویی پەیج و ماڵپەڕە ژەنگاوی و ژەهراوییەکانی زیهنی مرۆڤی کورد دەداتە دوواوە. 
لە رۆژانی رابردوودا، هێرش و هەڵمەتێکی ناڕەوا و نەگونجا و کرایە سەر رەوتی رۆشنگەری و فێمێنیزمی رۆشنگەریی و جوڵانەوەی مەدەنی، ئەندێشەی ئازاد، هەر سیمایەکی سێکیۆلار کە لە خەمی خەباتی کرانەوە، کەلتووری یەکترخوێندنەوە، پێکەوەژیان، رەخنەی ئازاد و پێشکەوتندایە. هێرشێک لە ئەلفەوە تا یای یادەوەری ئەزموونە تاڵ و تەکفیرییەکانی تیرۆریستانی دەهێنایەوه پێشچاومان. بگره دەری دەردەخات ئەو چەقبەستووانە ناتوانن بە رواڵەتیش بێ، دیالۆگی ئازاد تەحەمول بکەن.
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، هاوبیرانی پلاتفۆرمی دابڕان و رۆشنگەرانی کوردەواریی، ئێمە وەک رەوتێکی رۆشنگەریی، وەک ئەدەبیاتێکی ڕەسەن و هەڵقوڵاوی نێو پێویستییە هزرییەکانی دیموکراسیی هاتووینەتە پێشەوە، تەنها و تەنها لە خەمی خەباتێکی دیموکراسی و کۆتاییهێنان بە کەلتووری بندەستی و کرانەوەی کۆمەڵی کوردیدا، کەلێن و بۆشایی و بەربەستەکانی بەردەم باوەڕی رۆشنگەریی رادەماڵین. ئێمە خودانی پەیامێکی پاکژین و پیناوێکی پەنهانی سیاسی و ئایدیۆلۆژی نامانجوڵێنێ، روون و رەوان با هەمووان بزانن، لە ئاستانەی ئەندێشەی ئازادیخوازی و خواستی نەتەوەکەماندا ملمان لە موو باریکترە، ئێمە نامانەوێ بچینە نێو بابەتە لابەلاکانی نێو تۆڕی فەتوا و فیقهی سیاسیی سەلەفی و ئیسلامگەراکان، بابەتی ئازادی پۆشین و جوڵانەوەی فێمێنیزمی رۆشنگەریی، بەشێک نییە لە سنووردانان بۆ ئینسانە ئیماندارەکانی کۆمەڵی کوردی. سەرپۆشی سەرخانمەکانمان، ئازادی پۆشین و پەرچەمی کیژە جەوانەکانمان،  پێکەوە بابەتێکی شیاوە بە ئازادییەکانی تاک. 
هەڵوێستمان هیچکاتێ لە بەرامبەر هێڵە سوورەکانی پیرۆزییەکانی خەڵدا، لە بەرانبەر خوداو پەیامبەران و کتێبە پیرۆزەکاندا، هەڵوێستی ئەقڵانی بووە، نەک توندڕەویی، بەڵکو  بەهای مرۆڤدۆستانەی ئایینەکان، تەسەوف و پاکبوونەوەی ناخی ئینسانەکان، ئەو ئایینەی باب و باپیرانمان لەسەری گۆشیان کردووین، لە سۆنگەی ئێمەوە بەشێکە لەو هێزە هیومانیستییەی کە لە پێناوی رەهاکردنی عەقڵی تاکی کورددا دەستمانداوەتێ. 
بۆیه دڵنیاتان دەکەینەوە، پرۆژەی دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگەریی، پرۆژەیەکی رۆشنگەرانەی ئەخلاقی و زانستییە، هەڵقوڵاوی هێزی کۆمەڵایەتی پێشکەوتووی خەڵکی کوردستانە و تۆمەتبارکردنمان بە تایبەتی رابەرانی فێمێنیزمی رۆشنگەریی، بە نەیارییەتی ئایینی کوردەواری و پیرۆزییەکانی تاکی موسڵمانی کورد و رووسەری خانمانی کورد رەددەکەینەوە و وەک هەمیشە دەیسەلمێنین کە لە راژەی کوردەواریدا لە خەباتی رۆشنگەریی بەردەوامین.

ڕاگەیەنراوی (پلاتفۆڕمی دابڕان)
٢٨ / ٩ / ٢٠٢٢