بۆ.. باشورییەكان بێدەنگن؟!

کوردستان 27/09/2022


سامان سنجاوی
لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی، سومبلی ئازادی، لەسەقزەوە ئێران خرۆشا، ناڕەزایی سەدان شار و شارۆچكەی ئێرانی گرتووە. كە دروشمی زۆرینە (ژن، ژیان، ئازادی)یە، سەرەتای رۆژانی یەكەمی خۆنیشاندانەكان روخساری پێشێلی مافەكانی مرۆڤی وەرگرت، دواتر بەپێی پێكهاتە نەتەوەییەكان‌و بیروڕا جیاوازەكانی حزبەكانی ئێران، ئاڕاستەكان رێڕەوی خۆیان وەرگرت، ئەمەش بووە هۆكاری لەپاشدانی بەرەو خۆنیشاندانی بەرفراوان لە شارەكان لێكەوتەوە، بەو واتایەی دەست خستنە ناو خۆنیشاندانەكان بەئاڕاستەی حزبە جیاوازەكان‌و بەرنامە جیاوازەكانیانەوە، چونكە لە هەندێ‌ شوێن‌و ناوچە دەست بۆ چەك لەبەرامبەر رژێمی ئێران برا، چەكی رژێم بەرامبەر هاوڵاتی بووە چەكی رژێم بەرامبەر چەكبەدەستانی ئۆپۆزسیۆن، كە چەك هاتەگۆڕێ‌، چەك حوكم دەكات، بەكارهێنانی چەكیش لەبەرژەوەندی رژێمی ئێرانە. بۆیە قەبارەی خۆنیشاندانەكان لەئاستی خۆیدا مایەوەو لە هەندێ‌ شوێنیش بەرەو كپبوونەوە رۆیشت.
سەبارەت بە رۆژهەڵاتی كوردستان، كارێكی باشە حزبە كوردستانیەكان راستەوخۆ بە چەك بەشداری خۆنیشاندانەكان نەبوون بەگشتی، هەرچەند رای بەشێكی زۆری كوردستانیان لە هەر چوار پارچەی كوردستان ئەوەیە كە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ بە پێشمەرگەو چەكەكانیان ناچنە ناو شارەكانەوە؟ بە سادەیی لێیبڕوانی خواستێكی رەوای هاونیشتمانیانە، بەڵام لەڕووی سیاسی‌و بە رەهەندی سیاسی‌و ستراتیژیەوە هەڵیبسەنگێنی، بەشداری چەك، دۆخەكە بەرەو خراپتر لەبەرژەوەندی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران دەبات.
هاوخەمی باشوریەكان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان
ئەو گازەندەو رەخنانەی خەڵكی تێكۆشەری رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ باشوریەكان دەردەبڕن، لە دۆخی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە لێیبڕوانین، رەخنەی بەجێ‌و رەوان، بەڵام لە دۆخی خەڵكی باشوری كوردستانەوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان بڕوانین، دەچنە سەر بارێكی تر. باشوری كوردستان، لە سەدان حزبی بەرنامە جیاواز پێكهاتووە، زۆرینەی رەهای حزبەكانی باشور، بەرژەوەندی حزبی دەخەنە پێش بەرژەوەندی باشوری كوردستان، چ جای ئەوەی بۆ پارچەكانی تر. ئەمە جگە لە هەژمونی وڵاتانی هەرێمی لەسەر هەرێمی كوردستان. هەر حزبێك بەپێی قەبارەی خۆی خاوەنی جەماوەرە و لە دنیابینی بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوە ئاڕاستەی جەماوەرەكەیان دەكەن، لەكاتێكدا تێكڕای جەماوەری ئەم حزبانە لە دوا هەڵبژاردندا 40%ی كۆی دەنگی هاونیشتمانیانی باشوری كوردستانی تێنەپەڕاندووە، واتا نزیكەی 60%ی خەڵكی باشوری كوردستان، جەماوەری ئەو حزبانە نین، باشورییەكان لە سەردەمێكی ئاڕاستەكراوی پۆپۆلیستیدان، بە دەگمەن دەبیندرێت، حزب‌و رێكخراو و تاكەكان، رەخنە لەخۆیان بگرن، بەڵكو هەر هەموو لە رەخنەگرتنی بەرامبەرەكانیانن. بەتایبەت لەدوای ساڵی 2008 و بەتایبەتتریش لەدوای ساڵانی 2014وە كە دۆخێكی ناهەموار بەسەر گەلی باشوری كوردستان، لە پێنەدانی موچە، راگرتنی پرۆژە خزمەتگوزاریەكان‌و بەرفراوانبونی قۆرخكاری‌و گەندەڵی، سێكتەرە خزمەتگوزارییە حكومیەكان وەك پێویست ئەركە خزمەتگوزاریەكان جێبەجێ ناكەن، لەبەرامبەردا كەرتی تایبەت گرانبەها لەسەر گیرفانی هاونیشتمانی ریشەیان لە گەردنی هاونیشتمانی ئاڵاندووە. ئەمە سەرباری ئەو باجە زۆرەی لەسەر زۆرینەی هەناردەو هاوردەو كرێی دوكان‌و خانوو.. تاد.. كرێی كارەباو موەلیدەی كارەبا، گرانیی سوتەمەنییەكان..تاد. بارێكی قورسی خستۆتە سەر هاونیشتمانیان. ئەم بارە گرانە، دنیابینی‌و روانگەی تاكی كوردستانی لە باشوری كوردستان گۆڕیوە، مەیدان مەیدانی پۆپۆلیستەكانە.
ئەگەر لەسەر ئەم سێ‌ بنەمایە (نان، كار، ئازادی) كە بنەمای سەرەكی خواستی هەر تاكێكە، وردبینەوە، گرانییەكی گەورە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، داهاتی تاك بەشی پێداویستیە زۆرو زەوەندەكانی ئەم سەردەمەی ناكات، خواستێكی زۆرو داهاتێكی كەم، خواستێكی زۆرو گرانییەكی گەورە لە نرخی شتومەكەكان هەیە.. تاد. ئەوەی پەیوەندی بە دەستكەوتنی كاریشەوە هەیە، توێژێكی مشەخۆری زەنگین نەبێت، باقی ئەوانەی لەكاردان نەمرەو نەژی گوزەران دەكەن، هەرچی توێژە چالاكەكەی كە توانای زۆری كاركردنیان هەیە، كە پێگەیشتوان‌و لاوانن، زۆرینە بێكار كەوتوون، كە بە دەستهێنانی بژێوی‌و بێكاری لەئاستێكی وادا بێت، ئازادییەكان، مەكۆی وەرچەرخانی بۆ گۆڕانكاری لە هزرو نەستی تاك مت دەبێت.
لەبەرئەوە گەر لە رووی نەتەوەییەوە، بۆ تاكی باشوری كوردستان، لەم بارودۆخەوە بڕوانین، هەستی شۆڕشگێڕانەی بۆ مافە نەتەوەییەكان لە تاكی باشوری كوردستان، كەمكردووە، ئەمەش رەنگدانەوەی نێگەتیفی تاكی باشوری كوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی تری پارچەكانی تری كوردستان لەگەڵ خۆیدا كەمتریش كردۆتەوە.
جگە لە جەماوەری حزبەكان، كە بەپێی تێڕوانینی حزبەكانیان سەبارەت بە رۆژهەڵاتی كوردستان دەڕوانن. بەڵام زۆرینەی گەلی باشوری كوردستان، كە لایەنگری هیچ حزبێك نین، بۆیە، لەبەر ئەو بارودۆخەی كە لەپێشدا باسمان كرد،  نابێ‌ خەڵكی رۆژهەڵات لە بێدەنگیی باشورییەكان نیگەران بن، چونكە باشورییەكان رقیان لە ئێوە نییە، بەڵكو رقیان لەو بارودۆخەیە كە تێیكەوتوون.