ئەستێرەی گەلاوێژی نوێ ئاوا نابێت

کوردستان 26/09/2022

ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر بەگشتی و بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ بەتایبەتی، بۆ ماوەی چەندین ساڵە سەرقاڵی کاری فەرهەنگییە و جۆرێک لە ئازادی و دیالۆگی ڕۆشنبیریی سەرڕێ خستووە. هەر بەتەنها لە فێستیڤاڵی گەلاوێژدا کە بیست و پێنج ساڵە بەردەوامە، بە سەدان نووسەر و هونەرمەندی کورد و عەرەب و فارس و تورک و ئەوروپی، بەشدارییان تێدا کردووە و بە ئازادانە ڕوانینی خۆیان خستووەتەڕوو. ئەمە سەرەڕای چەندین چالاکی هونەریی و زەمینەسازی بۆ داهێنانی هونەرمەندان و ناساندنی چەندین ناوی نوێ بە دونیای ڕۆشنبیریی کوردی. بەداخەوە خەڵکی ئاسایی هەموو کار و شوێنێکی فەرهەنگی بە شتێکی زیاد و بێسوود تەماشا دەکات، بەڵام کارەسات لەوەدایە کەسانی دەسەڵاتدار هەمان ڕوانینی خەڵکی ئاسایی و بێئاگا لە گرنگیی کاری ڕووناکبیرییان هەبێت! ئەگەر وانییە، چۆن بەبێ هیچ هۆکارێک بڕیاری ڕاگرتنی هاوکاریی دارایی ناوەندێکی ڕۆشنگەریی دەردەکرێت؟
دەسەڵاتی کوردی لەبەر ئەوەی خاوەنی بیرکردنەوە و بەرنامە و فەلسەفەیەکی تایبەتی حکومکردن نەبووە، نەیتوانیوە لە هیچ بوارێکدا خەڵکی گشتی ئاراستە بکات. هەربۆیە لەبری ئەوەی بە ئاراستەکردن خەڵکی گشتی لە کۆمەڵێک بواردا هۆشیار بکاتەوە و ئاستی ڕوانینیان بەرەو دیدگایەکی کراوە و ئەقڵانی بگۆڕێت، ڕوانین و دیدگای خۆی دابەزاندووە بۆ ئاستی خەڵکی گشتی. ئەگەر دەسەڵات خاوەنی ئەم شێوەیە لەبیرکردنەوە بێت، بەدڵنیاییەوە دواتر بیر لە وەستاندن و داخستنی شوێنی دیکەی ڕۆشنبیری و هونەریی دەکاتەوە. کاتێک کارەکانی ئەو شوێنانەش ڕابگیرێن، ئیدی چ شتێک بۆ ئەم شارە دەمێنێتەوە کە شایستەی ئەوە بێت بە پایتەختی ڕۆشنبیریی ناوببرێت. هەربۆیە پێویستە نووسەران و هونەرمەندان هەڵوێستیان هەبێت و دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر ئەم شێوە ڕوانینە دەرببڕن. بۆ ئەوەی بە هەموو لایەک فشارێکی ناڕەزایی دژی هەر جۆرە کارێک دروست بکەین، کە ببێتە هۆی کپکردنی دەنگی ئازادی و ڕۆشنبیریی.
ئێمە وەک گۆڤاری (گەلاوێژی نوێ) بە هاوکاریی بەرهەمی ڕۆشنبیرانی دڵسۆز لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، لەسەر ڕێڕەوی کاری خۆمان کە خزمەتکردنە بە دونیای ڕووناکبیریی، بەردەوام دەبین و ناهێڵین ئەم ئەستێرە گەشەی گەلاوێژ ئاوا ببێت..

 

                سیامەند هادی
       سەرنووسەری گۆڤاری گەلاوێژی نوێ