په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگى رابردوودا چى كردووه‌ و چى نه‌كردووه‌

کوردستان پێش 2 هەفتە

ئینستتیوتی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان به‌هاوكاری رێكخراوی سندوقی پاڵپشتی دیموكراسی (NED)ی ئه‌مه‌ریكی، پرۆژه‌ی چاودێری و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌یه‌مین راپۆرتى خۆى له‌ خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان بڵاو ده‌كاته‌وه‌.
وابڕیاره‌ رۆژى شه‌ممه‌  24/9/2022  كاژێر (11)ى سه‌ر له‌ به‌‌یانی له‌ هۆڵى هوتێل رامادا له‌ شارى سلێمانى له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌نووسیدا ئینستتیوتی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان مه‌راسیمی  بڵاوكردنه‌وه‌ی ناوه‌رۆكی راپۆرتی ژماره‌ (10) كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چاودێرى و هه‌ڵسه‌نگاندنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگى خولى گرێدانى به‌هاره‌دا بڵاوبكاته‌وه‌.
له‌ پرسیارى چاودێردا سه‌به‌ره‌ت به‌ چۆنیه‌تى هه‌ڵسه‌نگاندنی په‌رله‌مانی كوردستان چ پێوه‌رێك په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، (د. سه‌روه‌ر) وتى: ئه‌م راپۆرته‌ و سه‌رجه‌م راپۆرته‌كانى دیكه‌مان پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانمان به‌كارهێناوه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ یه‌كێتی په‌رله‌مانه‌كانى جیهان (IPU) پێوه‌رێكی داناوه‌ بۆ پێوانه‌كردنی ئاستی چالاكی په‌رله‌مانه‌كان، و هه‌ڵسه‌نگاندنی خودی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان، بۆیه‌ ئێمه‌ش هه‌مان پێوه‌رمان دیاركردووه‌.
به‌پێى پێوه‌رى یه‌كێتی په‌رله‌مانه‌كانى جیهان (IPU)، په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ئاستێكى لاوازدایه‌، ئاستی په‌رله‌مان له‌ دانیشتنه‌كاندا نزمه‌، له‌ رێژه‌ى ئاماده‌بوون و نه‌بوونى ئه‌ندامان له‌ دانیشتنه‌كاندا شه‌فاف نییه‌ و دیار نییه‌، ئاستى ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر بڕیارى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و دانیشتنه‌كان كۆنترۆلنه‌كراوه‌، ئاستى بالانس له‌ به‌شدارى ئه‌ندامان سنورداره‌، ئاستی چالاكی یاسادانان سنورداره‌. ئاستی ده‌ستپێشخه‌ری له‌م خوله‌دا لاوازه‌. به‌شداری ئه‌ندامان له‌كاری چاودێری له‌ ئاستێكی لاوازدایه‌. له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیه‌وه‌ گومان له‌سه‌ر ئه‌ندامانى په‌رله‌مان هه‌یه‌، زۆرترین پرسیارى  نوسراوى ئه‌ندامان وه‌ڵام نه‌دراوه‌ته‌وه‌، هیچ لێپرسینه‌وه‌و پرساندنێك نه‌كراوه‌،  هیچ لیژنه‌یه‌كى لێكۆلینه‌وه‌ پێكنه‌هێنراوه‌، په‌یوه‌ندى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ هاولاتیاندا لاوازه‌، ئه‌مانه‌و چه‌ندین خاڵى لاوازى ترى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى به‌پێى پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كه‌ له‌م راپۆرته‌دا خراونه‌ته‌ روو.
ئه‌م راپۆرته‌ى ئینستتیوتی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان له‌ كاتێكدا بڵاوده‌كرێته‌وه‌، ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان بڕیاریداوه‌ و سه‌رجه‌م لیژنه‌كانی په‌رله‌مانیشى ئاگادار كردۆته‌وه‌، كه‌ هیچ زانیاریه‌ك به‌ رێكخراوه‌كه‌ نه‌ده‌ن، له‌ دوا هه‌ڵوێستیشیدا سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌ شارى سلێمانى له‌ رۆژى 3/9/20223 له‌به‌رده‌م میدیاكان و رێكخراوه‌كاندا به‌ ئاشكرا رایگه‌یاند كه‌ رێگه‌ به‌ ئینستتیوتى په‌ى نادات تیمه‌كانى بچنه‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستى چاودێریكردن و ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى ئه‌و یاساو بڕیاره‌ به‌ركاره‌كانه‌یه‌ كه‌ خودى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ریكردوون.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ چاودێر پرسیارى ئه‌وه‌ى كرد، ئه‌م داتا و زانیاریانه‌ چۆن ده‌ستان ده‌كه‌وێت له‌ كاتێكدا په‌رله‌مانى كوردستان ئاماده‌ نییه‌ هیچ زانیاریه‌كتان پێبدات، سه‌رۆكى رێكخراوه‌كه‌ وتى: به‌ڵى راسته‌ په‌رله‌مان ئاماده‌ نییه‌ هیچ زانیاره‌كمان پێبدات، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ رێگه‌ى تیمێكى شاره‌زا و پسۆر رۆژانه‌ به‌به‌رده‌وامى چاودێرى كۆبونه‌وه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و لیژنه‌كان و ماڵپه‌ڕ و په‌ییچى فه‌رمى په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌یه‌ن، هه‌روه‌ها چاودێرى ماڵپه‌ڕ و په‌یچه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان و ده‌ره‌وه‌ش ده‌كه‌ین، هه‌ر زانیاریه‌ك له‌سه‌ر په‌رله‌مان بڵاوبكرێته‌وه‌، یاخود ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌ واڵه‌كانى خۆیان داتا و زانیارى بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، ئێمه‌ دواى به‌دواداچوونى ورد و دڵنیابوونى له‌ راستى زانیارییه‌كان ده‌یكه‌ینه‌ كه‌رسته‌ى پێویستى راپۆرته‌كه‌مان بڵاوى ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها چاودێرى وردى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى بزانین چ په‌یامێكیان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت كێ سه‌ردانى كردوون و پێشوازیان له‌ كێ كردووه‌ و سه‌ردانى كوێیان كردووه‌ و چ چالاكییه‌كیان ئه‌نجامداوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى داتاو زانیارى ئه‌وانیش تۆمار بكه‌ین، سه‌رۆكى رێكخراوه‌كه‌ ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه‌، كه‌ به‌شێكى زۆر له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ئاماده‌كردنى راپۆرته‌كه‌ و پێدانى زانیارى یاخود بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ زانیارییه‌كان هاوكاریان ده‌كه‌ن.
له‌ كۆتایشدا (د. سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان) سه‌رۆكى ئینستتیوتی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان نیگه‌رانى خۆى بۆ به‌شێك له‌ میدیاكان ده‌ربڕى، كه‌ راپۆرته‌كه‌ داتا و زانیارى وردى تێدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌واڵ و راپۆرته‌ هه‌واڵ و به‌دواداچوونى بۆ بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێكیان ته‌نها باس له‌ قسه‌كردن و قسه‌نه‌كردنى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ هیوادارم میدیاكاران به‌ وردى راپۆرته‌كه‌ بخوێننه‌وه‌ و داتاو زانیارییه‌كان بۆ هاووڵاتیان و خوێنه‌ران بخه‌نه‌ڕوو.

ئینستتیوتی په‌ی بۆ په‌روه‌رده و گه‌شه‌پێدان له‌ رۆژى (26/11/2013) لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان بە ژمارە (1406) و لە رۆژى (20/2/2022) بە فەرمی له‌لایه‌ن فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی عیراق لە بەغداد بە ژمارە (5186) تۆماركراوە.
(ئینستتیوتی په‌ی بۆ په‌روه‌رده و گه‌شه‌پێدان) ئینستتیوتێكی زانستی كوردستانی، ناحكومی سه‌ربه‌خۆی قازانج نه‌ویسته، به‌نیگایه‌كی گه‌ش بینانه كارده‌كات بۆ سودی گشتی له‌پێناو فه‌رمانڕه‌وایه‌كی پێگه‌یشتوو له‌هه‌موو بوار و ئاسته‌كاندا.
تاكو ئێستاكه چه‌ندین راپۆرتى له‌سه‌ر خوله‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و خوێندنى باڵا و په‌روه‌رده بڵاوكردۆته‌وه، پڕۆژەی چاودێریی و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان، لە خولی چواری پەرلەمانەوە بە هاوكاری سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (NED)ی ئەمریكی دەستی پێ كردووە.
ئۆفیسى سه‌ره‌كى له شاره‌كانى (هه‌ولێر و سلێمانى) كردۆته‌وه و رۆژانه به‌به‌رده‌وامى چاودێرى كاره‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و وه‌زاره‌ته‌كانى په‌روه‌رده و خوێندنى باڵا ده‌كات.