تارماییەکانی سەلەفیزم لە کوردستانی باشوور

کوردستان 21/09/2022

سەلەفیزم وەک نەیاری پلوڕالیزم
تارماییەکانی سەلەفیزم لە کوردستانی باشوور

کارزان جەمیل
سۆزان جاسم
ئەگەرچی وجودی سەلەفیزم لە کوردستان تەنها تارمایی نییە، بەڵکوو واقیعێکی بەرجەستە و بینراوە، بەڵام تاکتیکە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکانی سەلەفییەکان، وەهای کردووە زۆر جار لە پشت پەردەی ڕووداوەکانەوە وەک تارماییەک بجوڵێن و کار بکەن. مۆدێلی کارکردنی سەلەفییەکان لە کوردستان بەراورد بە سەرەتاکانی سەدەی بیستویەک گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لە ئێستادا سەلەفییەکان هەرگیز ئەو هەڵەیە دووبارە ناکەنەوە کە پەنا بۆ کاری توندوتیژی بەرن، ئەوان زۆرترین ئامانجەکانیان لە ڕێگەی کاری نەرم و تاکتیکی سیاسییەوە ئەنجام دەدەن.
سەلەفییەکان خۆیان بەدوور دەگرن لە کاری سیاسی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بە وجودی خۆیان بەشداریی کاری سیاسی ناکەن، بەڵام لە کاتە پێویستەکاندا لە لایەن هێزەکانی دەسەڵاتەوە دەجوڵێنرێن.
لە خۆڕا نییە کە ساڵانێکە کەسە نزیکەکانی کەسێتییە سەرەکییەکانی سەلەفییەکان، پۆست و ئیمتیازیان پێ دەدرێت و کاندید دەکرێن بۆ پەڕلەمان و دەردەچێنرێن. یاخود بارەگا بۆ هێزە سەلەفییەکان دەکرێتەوە و برەو بە ڕاگەیاندن و کەناڵەکانیان دەدرێت. ئەوەی دەسەڵات ساڵانێکە دەیکات لە پێناو فەتوای چەند ساڵ جارێک یان چەند مانگێک جارێکی سەلەفییەکانە بۆ بەرژەوەندیی دەسەڵات. بە مانایەکی دیکە ڕێککەوتنێکی ڕاگەیەنراو و هەندێک جار ڕانەگەیەنراویش هەیە لە نێوان سەلەفییەکان و هێزە دەسەڵاتدارەکان. ڕێککەوتنەکەش بەو جۆرەیە کە لە لایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە هاوکاریی مادی و مەعنەویی سەلەفییەکان دەدرێت بە بەردەوامی، لە بەرامبەردا سەلەفییەکانیش لە کاتە هەستیارەکاندا، لەو دەمەی سەرجەم کۆمەڵگە لە ڕووداوێکدا هەڵوێست وەردەگرێت، ئەمان دێن و فەتوایەک یاخود هەڵوێستێکی پێچەوانە دەردەبڕن، کە لە ناوەڕۆکدا بەرگرییە لە ستەمکاریی دەسەڵات و کۆنەخوازیی کۆمەڵگە.
پارادۆکسی سەلەفییەکان لەوەدایە کە خۆیان باوەڕیان بە کۆمەڵێک بیروباوەڕی کۆنەخوازە، ئایدیۆلۆژییا ئایینییەکەشیان هەر بەو جۆرە ڕێنیشاندەریانە، بەڵام هەر بە پێوەرەکانی خودی ئایدیۆلۆژیا ئایینییەکەی خۆیان دەکەونە لادان و پێچەوانەکردنەوەی باوەڕەکانیان. بۆ نموونە کەسێتییەکی وەک (عەبدوللەتیف سەلەفی)، کە بە پشتیوانیی هێزە دەسەڵاتدارەکان مزگەوتی تایبەت و فێرگە و دامەزراوە و میدیای تایبەت بە ڕەوتەکەی خۆی کردوەتەوە، هەمیشە لە وتار و قسەکانیدا خەریکی بڵاوکردنەوەی ڕقە لە کەسێتیی ژن لە کۆمەڵگەدا، هەمیشە ژن وەک بوونەوەرێکی پلە دوو و پاشکۆ تەماشا دەکات، ئامۆژگاریی هەموو کوڕان و پیاوانیش دەکات کە هەرگیز لە ژنی نامەحرەم نزیک نەبنەوە، بەڵام ئەم نەک هەر نزیک بووەتەوە، بەڵکوو سنووریشی بەزاندووە و هەموو پێوەرە کۆمەڵایەتی و شەرعییەکانیشی پشت گوێ خستووە، بە جۆرێک کە پەیوەندییەکی هاوسەرگیریی نێوان دوو گەنجی هەڵوەشاندەوە و خۆی بووە هاوسەری ژنەکە لە دواتردا. ئەمە جگە لەوەی چەندین تۆماری دەنگیی ئیرۆتیکیی بڵاو بووەوە، کە پێشتر وشە بە وشەی قسەکانی ناو ئەو تۆمارە لە سەر مینبەرەکانەوە لە زاری خۆی و هاوبیرەکانییەوە ڕەت کراونەتەوە و بە حەرام دانراون. ئەم کارەکتەرە نەک هەر پێشەوا و ڕابەر، بەڵکوو نموونەی باڵای ئەخلاقیی و پەروەردەیی شوێنکەوتووەکانیشیەتی.
یەکێک لە سیفاتە گرنگەکانی هەر مرۆڤێک، بە تایبەت کە خۆی بە ڕابەر و پێشەوای کۆمەڵێک کەسی دیکە بزانێت و بانگەشەی بڵاوکردنەوەی ئایین و بیروباوەڕی چاکەخوازانە بکات لە کۆمەڵگەدا، بریتییە لە ڕێزگرتن لە مرۆڤەکان، چونکە هەموو ئەو هەوڵانەی کە دەرێت بە حسابی خۆیان بۆ ئەو مەبەستەیە، بەڵام کەسێتییە سەلەفییەکان هەمیشە لە وەڵامدانەوەی کەسانی بەرامبەردا، هێرشبەرانە و شکێنەرانەن. بۆ دۆست و لایەنگرانی خۆیان شکاندنکە بەو جۆرەیە کە لۆمەیان دەکەن هێشتا وەک پێویست کۆیلە و ملکەچ نیین و دەکەونە هەڵە و گوناهەوە. بۆ کەسانی دەرەوەی خۆیان و بۆ نەیارە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکانیشیان، میکانیزمی شکاندن و بەرپەرچدانەوەی زبر و شکێنەر بەکار دەهێنن. هەمیشە چەکی تەکفیر و فەتوای بەکافردانانی کەسانی تریان ئامادەیە.
قسەکردن دەربارەی هەموو شت و هەموو کەس، شوناسی سەرەکیی سەلەفییەکانە. سەلەفییەکان هەمیشە ڕێگە بە خۆیان دەدەن دەست لە کاروباری ژیانی تایبەتی هەموو کەس وەربدەن، تەنانەت دەست دەخەنە بچووکترین و تایبەتیترین پەیوەندیی نێوان تاکەکانەوە. شێوازەکانی سێکسکردن بۆ 'موسوڵمانان' دادەنێن، شێوازی ڕێگری لە منداڵبوون و ژمارەی منداڵ و ناوی منداڵ و جلوبەرگی منداڵ و قژی منداڵ و هەر شتێکی تر کە پەیوەندیی بە مرۆڤەوە هەبێت، ئەمان ڕێسا و یاسای کۆنەخوازانەی خۆیانی بۆ دادەنێن و ڕێگە نادەن کەس بە ویست و خواست و ئارەزووی خۆی گوزارشت لە حەزەکانی خۆی بکات.
پانتاییەکی دیکەی فراوانی کارکردنی سەلەفییەکان، کارکردنە لە سەر لێکدژیی ئایینی و مەزهەبی. سەلەفییەکان لێ ناگەڕێن کۆمەڵگە بە جیاوازییەکانی خۆیەوە بەردەوام بێت، کۆمەڵگەیەک کە بە باوەڕی خۆیان دروستکراوی خودایە، خوداش بێ مەبەست و بە کەموکورتییەوە هیچ دروست ناکات، ئەم کۆمەڵگەیە بە شێوەیە سروشتییەکەی خۆی فرەڕەنگ و فرەدەنگ و فرەئایین و فرەزمان و فرەنەتەوەیە، بەڵام عەقڵی سەلەفی تەنها جێگەی یەک ئایین و یەک ڕەنگ و یەک دەنگی تێدا دەبێتەوە، سەلەفیزم و پلوڕالیزم (فرەیی) هەرگیز یەک ناگرنەوە. هەرگیز سەلەفییەکان هاوڕێیەتی و بەستنی پەیوەندی لە نێوان موسوڵمانێک و ناموسوڵمانێکدا بە دروست و شایان نازانن، پێیان وایە هەموو نزیکبوونەوەیەک لە نێوان دوو ئایینی جیاوازدا مەترسیدارە. خۆی لە ڕاستیدا قسەکەیان تەواوە، بەڵێ پێکەوەژیانی ئایینەکان و نزیکایەتیی نێوان باوەڕدارانی دوو ئایین مەترسییە بۆ سەر سەلەفییەکان، چونکە ئەوان هەمیشە بە دوای دووژمنێکدا دەگەڕێن تا بیکەنە نیشانەی تیرەکانیان و درێژە بە بانگەشەکانی خۆیان بدەن بە پاساوی بوونی مەترسییەوە لەسەریان. یاخود لەو پێناوەدا کە هەمیشە ڕەوایەتیی بە بوونی خۆیان بدەن بە پاساوی بوونی دووژمنێکەوە کە هێرش دەکاتە سەریان. بەڵام کاتێک باوەڕدارانی ئایینە جیاوازەکان پێکەوە دەژین ئیدی پاساوێک بوونی ئەوان نامێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە پێکەوەژیانی ئایینەکان بە واتای یەکگرتنی تاکەکانی کۆمەڵگە دێت دژ بە هەر جۆرە ستەم و چەوساندنەوەیەک لە نێویشیاندا ستەمی ئایینی، هەر بۆیە ئایدیۆلۆژیای ئایینی هەمیشە دژی پێکەوەژیانی ئایینی دەوەستێتەوە.
سەلەفییەکان هەر تەنها هاوزمانە ناموسوڵمانەکانی خۆیان بە دووژمن نازانن، بەڵکوو هەموو ئایین و نەتەوەیەکی دیکەش بە نەزان و نامرۆڤ دەزانن. ئەوان دووژمنێکی سەرسەختی خۆرئاوان. هەڵبەت دژایەتییەکەیشیان بۆ خۆرئاوا لەو ڕوانگەیەوە نییە کە ئایا خۆرئاوا تا چەند پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و ژیانی مرۆڤەکان تا چەند ئینسانییە. هەموو دژایەتیی ئەوان بۆ خۆرئاوا لە دوو بابەتدا کۆدەبێتەوە بە گشتی: یەکەم: زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتانی خۆرئاوا موسوڵمان نیین. دووەم: لای ئەوان خۆرئاوا بە واتای بەڕەڵایەتی و تێکەڵاوبوونی نێر و مێ و سێکسی ئازاد دێت. بەڵام پارادۆکسەکە ئەوەیە هەر کاتێک ڕووبەڕووی ناڕەحەتی و نەخۆشییەک دەبنەوە، یان پەنا دەبەنە بەر نەخۆشخانەکانی خۆرئاوا، یان ئەو ئامێر و کەرەستە پزیشکی و چارەسەرانەی کە لە لایەن خۆرئاواوە دروست کراون.
عەبدوللەتیف سەلەفی، کە یەکێکە لە سەرەکیترین کارەکتەرەکانی ئایدیۆلۆژیای سەلەفیزم لە کوردستان، مرۆڤێکی کینەباز و شەڕخواز و کۆنەخوازە. ئەو لە سەر قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستان درێژە بە بوون و مانەوەی خۆی دەدات. دەخوازێت هەمیشە دوو بەرە لە گۆڕەپانە سیاسییەکەدا هەبێت، بۆئەوەی بە پشتیوانیکردنی یەکێکیان، کە بە دڵنیاییەوە پشتیوانیی بەرە پارەدار و دەسەڵاتدارەکە دەکات، کۆمەڵێک ئیمتیازی مادی و مەعنەوی بۆ خۆی و دەوروبەرەکەی بەدەست بهێنێت.
ئەم کارەکتەرە جگە لە هەموو ئەو خاڵانەی لە سەرەوە باس کران وەک خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی سەلەفییەکانی کوردستان، چەندین خاڵی تری تێدا بەرجەستە بووە کە شایەنی ڕەخنەی جدیین.
ئەو کەسێکی تاکتیکی و دووڕووە لە مامەڵەکردندا، لە هەر جێگەیەکدا پێویست بوو پەنا دەباتە بەر نیشاندانی دیوە زەلیل و لاوازەکەی خۆی و بە تۆنێکی گریاناوی دەدوێت، بەڵام هەر کاتێک مەبەستی بێت وەک کەسێکی هێرشبەر و شەڕخواز دەردەکەوێت و بە زمانی زبر و وشەی ناشیرین دەدوێت.
بەم دواییانە سەردانی یەکێک لە وڵاتانی ئەورووپای کرد، لە بریی گەیاندنی ڕەحمەت و بەرەکەتی ئیسلام بە قەولی خۆی، لە ناو حەرەمی مزگەوت دوو جار دانیشتن و کۆبوونەوەکانی ڕووبەڕووی پشێوی و گرفت بووەوە. ئەمەش بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لە سەر دیوە شەڕەنگێزەکەی عەبدوللەتیف سەلەفی.